ریشەكێشكردنی گەندەڵی پێویستی بە نیازپاكی و ئیرادەیەكی بەهێزە

هەنگاوی یەكەمدا لەسەر حكومەت پێویستە بە وردی  و بەشێوەی پراكتیك لە هۆكاری سەرهەڵدانی گەندەڵی بكۆڵێتەوە
Thumbnail

گەندەڵی خۆی لە خۆیدا دیاردەیەكە بۆتە كێشەیەكی جیهانی و لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیش گرنگییەكی هێجگار گەورەی پێدراوە،  بۆیە زۆربەی دەوڵەتان و دامەزراوە دارایی و ئابووری و بانكییەكان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە كە  پرۆسەیەك یان پلانێكی تۆكمەی دژەگەندەڵی دابڕێژن، لە ساڵی 2005 نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا بەرنامەیەكی گشتگیری بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی ڕاگەیاند، هەر لەو سۆنگەیەشەوە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی كە داوای هاریكاری و كۆمەك لە بانكی نێودەوڵەتی یان لە رێكخراوەكانەوە دەكەن، پێش هەموو شتێك لە رووی ئاستی گەندەڵییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت، دیارە ئاستی بوونی ئەم دیاردەیەش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی جیاوازەو وەك یەك نییە، ئاستی گەندەڵیی هەر وڵاتێك بەپێی بەرزی و نزمی ئەم دیاردەیە رەنگدانەوەی سیستەمی  حوكمڕانییەكە دەردەخات، واتا سیستەمەكە بەهێزە یان مامناوەندییە یاخود لاوازە، بۆیە هەموو حكومەتێك بەپێی شێوازو جۆری پێكهاتەكەی بەرپرسیاری یەكەمە لە بوون یان هەڵكشانی گەندەڵی و دواجار رەنگدانەوەی لەسەر ئابووری و ئاستی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبێت.

متمانەی تاكەكانی كۆمەڵگەش بە سیستەمی حوكمڕانی هەر وڵاتێك بەندە بە پلانی حكومەت بۆ دژایەتیكردن و تەنانەت بنبڕكردنی گەندەڵی كە شێرپەنجەئاسا بەنێو جەستەی ئەو كۆمەڵگەیەدا رۆچووەو ئەستەمە هەر بە دروشم و لێدوان ریشەكێش بكرێت، بەڵكو لە هەنگاوی یەكەمدا لەسەر حكومەت پێویستە بە وردی  و بەشێوەی پراكتیك لە هۆكاری سەرهەڵدانی گەندەڵی بكۆڵێتەوە، ئایا كەموكورتی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكاندا هەیە، چ لە رووی ئەو بەرپرسانەی كە جومگە بنەڕەتییەكانی فەرمانگەو دامەزراوەكانیان بەدەستەو هەلی پۆست و بەرپرسیارێتیی دەقۆزنەوە، یانیش لە لە نەبوونی دادپەروەری و یەكسانی و دابەشكردنی ئەركەكان و دابینكردنی مافی هاووڵاتیانە، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ تێوەگلان لە گەندەڵی و سوودوەرگرتن لە لاوازیی چاودێری و لێپرسینەوە، دواجار بۆ خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر حیسابی سامان و موڵكی دەوڵەت و بژێوی هاووڵاتیان،

مەرج نییە گەندەڵی تەنیا لە قۆستنەوەی پۆست بێت بۆ سوودو بەرژەوەندیی دارایی بەڵكو زۆرجار گەندەڵی لەلایەن کارمەندانی بچووكی دەوڵەتیش ئەنجام دەدرێت وەك وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر راپەڕاندنی كارێك یان مامەڵەیەكی فەرمی لە یەكێك لە فەرمانگەكانی حكومیدا.

گەندەڵیی سیاسییش جۆرێكی دیكەیە كە بەداخەوە لەلای خۆشمان هەستی پێدەكرێت، بەڵام بە شێوەیەكی رێژەیی نەك رەها، واتا سوود وەرگرتنی ئەو کارمەندانەی كە  پلەی باڵایان لە حكومەتدا هەیە، ئەویش قۆستنەوەی پۆست و پێگەیان بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی شەخسی یان  حزبی، نموونەش بۆ ئەمە زۆرە بەرپرسەكە دێت بەشداری لە تەندەری پرۆژەیەكدا دەكات بە ناوی خوازراوەوە، بەڵام بە بەكارهێنانی ئەو پۆستەی كە هەیەتی، هەندێ جاریش خودی ئەو بەرپرسە لە رێی  تەرخانکردنی سامانی گشتییەوە بۆ پڕۆژەی تایبەتی خۆی یان هی حزب و کەسە نزیکەکانی خۆی ئەمەش بەشێكە لە گەندەڵی سیاسی.

یەكەم هەنگاوی حكومەت بە ئاراستەی نەهێشتنی گەندەڵی یان سەرەتا لە بوونی ئیرادەیەكی بەهێزەوە دەست پێدەكات، پاشان  دەبێت حكومەت بە سەرچاوەكانی هاندانی ئەم دیاردەیەو تێوەگلانی كەسەكان ئاشنابێت، سڵ لەوە نەكاتەوە گەندەڵكاران كێن و چ پۆستێكیان هەیە، لێرەدا رۆڵی شەفافییەت و وردبینی لە سەرچاوەكانی داهات و دەركردنی راپۆرتی دەوری و مانگانە یان ساڵانە دەربارەی هەموو خەرجییەكان زۆر گرنگە، سەروەریی یاسا راستگۆیی و میدیای ئازاد فاكتەرن  بۆ بەگژداچوونەوەی دیاردەی گەندەڵی،  چونكە ئەگەر یاسا سەروەر بوو و چاوپۆشیی نەكرد لەوانەی دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە، بێ گومان ئەو كاتە سنوورێك بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەكردنی دادەنرێت، لەبەر ئەوە زۆرجار روودەدات كە گەندەڵكار چاك دەزانێت كاتێ دەستگیردەكرێت سزانادرێت، لێرەدا  سڵ ناكاتەوەو لەسەر تێوەگلانی زیاتری گەندەڵییەكە بەردەوام دەبێت ، رەنگە خەڵكانی دیكەش چاوی لێ بكەن و بخزێنە نێو ئەم دیاردەوە، رۆڵی میدیاش لە رۆشنایی خستنەسەر ئەم لایەنە زۆر گرنگە، بەڵام بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەوە، واتا لێرەدا هاوكاری حكومەت بێت و پێكەوە بەدواداچوون بكەن و ئەو كەس و لایەنانە ئاشكرابكەن كە كاری لەپێشینەو خەمی بەردوامیان گەندەڵییە، هیوادارین لە كوردستانی خۆشماندا  هەنگاوی جیددی بهاوێژرێت بەرەو نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، ئەمەش تەنیا بە حكومەت ناكرێت، بەڵكو بە هەوڵی هەمەلایەنەو نواندنی نیازپاكی و رێگەگرتن لەو كەسانەی كە پۆستی سیاسی و حزبی و سامانی وڵاتەكەمان بەكاردێنن بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی، كە وێڕای زیان گەیاندن بە ئابووریی وڵات، شیرازەی كۆمەڵایەتیش لەباردەبات و متمانەو وەلای نیشتمانیش لاوازدەكات.