یەك ئیدارە یەك حكوومەت!

ئەگەر یەك ڕەنگیش نەبین پێویستمان بە یەكهەڵوێستی، یەكگوتاری، یەكدەنگی و یەكگرتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لە ئاست كۆی قەیرانەكاندا
Thumbnail

نەتەوەی كورد، ساڵەهای ساڵە گیرۆدەی دووبەرەكی و دووفاقی و فرەدەنگیی لایەنە سیاسییەكانە، لە ناوخۆ و دەرەوەشدا ئەو هاوكێشەیە تەواو ڕەنگی داوەتەوە و گەلێك جارانیش بەو هۆیەوە دەستكەوتی مەزنی لە كیس چوون و هەندێك فرسەتیشی لە دەست داون كە ئیدی دووبارەبوونەوەیان لە مەحاڵەوە نزیكە.

دووبەرەكی لە پرسە نەتەوەیی و چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەكاندا، دووفاقی بەرامبەر بەكارهێنانی كارتی فشار دەرهەق بە نەیاران، فرەدەنگی لە دۆخە هەستیار و پڕمەترسییە حەتمییەكاندا، بەشێكن لە مێژووی نەتەوەیەك كە هەمیشە بۆ بەدیهاتنی ئامانجەكانی، بووەتە قۆچی قوربانیی بەرژەوەندیی زیاتر لە حزبێك، گرووپێك، تاقم و دەستەیەك.

سەرباری هەموو ئەوانە، كوردستانیان كە هێشتا برینی ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچاڵ و كۆمەڵكوژی و شەڕی خۆكوژی و جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشیان ساڕێژ نەبووە، پرسی دووئیدارەیی دەخرێتە رۆژەڤەوە و بە دەستی ئەنقەست دەكرێتە مانشێتی بەشێك لە میدیاكان.

ئەمە لە كاتێكدایە، خەڵكی كوردستان و حكوومەتیش، لە قەیرانگەلی زۆر جیددیدان، وەك، بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، نەناردنی بوودجە لەلایەن بەغداوە، پاشەكەوتكردنی مووچە و شتی دیكەش.

ئاخر لەم بارە ناسكەدا كە تەنگژەكان هەموو پێكەوە كەڵەكە بوون و جیهانیش بە گشتی بە دەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لۆژیك قبووڵی ناكات سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان تەنانەت خەونیش بە دووئیدارەییەوە ببینێت!

ئەو دووئیدارەییەی، جگە لە ماڵوێرانی و نەهامەتی، شتێكی دیكەی لە دوای خۆی جێنەهێشت، بگرە سەرتاپا بووە هۆی بەدبەختی بۆ گەلی كورد و شێواندنی ناوبانگیشی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

ئەوە بۆیە، لە ئێستادا خستنەبەرباسی دووئیدارەیی، بێجگە لە رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەران، میدیاكانیش دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە و حەقە ڕاگەیاندنكارانیش بەوپەڕی هەستكردن بە لێپرسراوێتییەوە، قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن، چونكە قەیرانە كەمەرشكێنە ئابوورییەكان، كە تێكڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتییان خستۆتە دۆخێكی نەخوازراوەوە، تەنیا بە دەستەجەمعی و لێكتێگەیشتن و تەبایی نێوان حزب و حكوومەت، ئاشتەوایی نێوان هەردووكیان و هاووڵاتیان، تێدەپەڕن و كۆتاییان دێت.

گومانیش هەڵناگرێت مەكتەب سیاسیی حزبەكان و بگرە بەشێكی زۆر لە سیاسییەكانیش، لەو دیفاكتۆیە حاڵین كە ئیتر باوی دووئیدارەیی نەماوە و لەبری ئەوە، (ئەگەر یەك ڕەنگیش نەبین) پێویستمان بە یەكهەڵوێستی، یەكگوتاری، یەكدەنگی و یەكگرتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لە ئاست كۆی قەیرانەكاندا بە واتای وشەكە، نەك پێچەوانەكەی كە دواجار شیرازەی ناوماڵی كوردستانیان تێك دەچێت و بە قەڕنێكیش ناگەینەوە ئەمڕۆ.