ئۆپۆزسیۆنی بەهێز.. حكوومەتی بەهێز

پرسی پێكهێنانی حكوومەت قابیلی گفتوگۆ و دانوستانی ئاشتیانە و برایانەیە
Thumbnail

 

لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەندێك لە كادرانی حزبەكان و چالاكوانانی سۆشیال میدیا، پرسی بەئۆپۆزسیۆنبوون و بەشداریكردنی لایەنە سیاسییەكانیان لە حكوومەتدا خستووەتە رۆژەڤەوە و كەم و زۆر قسەی لەبارەوە دەكەن.

 

ئەوەی جێی سەرنجە، بەشێكیان پێیان وایە بەشداریكردن لە حكوومەتدا خەوشییە و هەروەها هەندێكیشیان لەسەر ئەو باوەڕەن كە ئۆپۆزسیۆنبوون هەم مەترسی و هەمیش هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی حكوومەتی هەرێم.

 

لە ڕاستیدا، ژمارەیەك كادری حزبەكان و خاوەن پەیج و میدیای ئەلیكترۆنی و دەزگا راگەیاندنە حزبی و سێبەرەكانی حزبیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەر بەوەندەوە نەوەستاون و جگە لە شكاندنەوەی یەكتر، تا سەر ئێسقان سوكایەتی بە یەكدی دەكەن و كارەساتیش ئەوەیە هەموویان خۆیان پێ ڕاستە.

 

ئەو ڕقهەڵگرتن و قینلەدڵی و بوغزاندنەی یەكتر، كە لە پێناو بەرژەوەندیدایە بە واتا گشتییەكەی، هێندە شەرمهێنەرە كە بە چەند وشەیەك گوزارشت ناكرێت و ڕەنگدانەوەی نەرێنییشی بەسەر لایەنی دەروونی و ژیانی تاك بە تاكی كۆمەڵگای كوردستانییەوە هەیە

 

دیقەت بدەن، لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا پرسی پێكهێنانی حكوومەت قابیلی گفتوگۆ و دانوستانی ئاشتیانە و برایانەیە، بەڵام سووكسەرنجدان و گەمەكردن بە كەسایەتی و ژیانی تایبەتیی كەسەكان، هێڵی سوورە و بە دەگمەن نەبێت بەر دیدە و گوێ ناكەوێت.

 

ئێمەش كە لە هەرێمی كوردستاندا لافی دیموكراسی و ئازادی و فرەیی لێدەدەین و بە كردەییش بەشێك لەو چەمكانە لە رێگەی یاسا و رێساكانەوە چەسپێندراون، هەق نییە ئەوەندە چاومان لە (دەستكەوتی زیاتر، پۆستی زیاتر، بەرژەوەندیی زیاتر و سەروەریی زیاتر) بێت و لە پای ئەوەش هەم یەكتر رەت بكەینەوە و هەم رابردوو و ئێستا و ناوبانگ و مێژووی یەكتر لەكەدار بكەین و هەموو شتێك زەڕبی سفر بكەین.

 

لێگەڕێن با ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز هەبێت، تا چاودێریی دەزگا و دامەزراوە حكوومی و ئەهلییەكان بكات و ویژدانزیندووانە بڕیار لەسەر كۆی چاك و خراپییەكانی ئەم و ئەو بدات و نموونەیەكی جوان و ئەزموونكردووی حوكمڕانی و ئیدارەدان لە رۆژهەڵاتی ناویندا پیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بدەین.

 

دەرفەت بدەن حكوومەتێكی بەهێزمان هەبێت، كە گەندەڵكاران جڵەو بكات و هەموومان پێكەوە هاوكار بین لە بنیاتنانی كوردستانێكی ئارام و ئاوەدان و رێگە نەدەین چیدیكە چەند كەسێكی بەرژەوەندیخواز یاری بە چارەنووس و داهاتووی ئەم میللەتەوە بكەن.

 

دواجار بە كوردی و بە كورتی، تاڵ و شیرین، هەر دەبێ بگەینە ئەو بڕوایەی، ورد و درشتمان پێویستمان بە پەروەردەی دروست، گفتار و كرداری دروست، پێكەوەژیان، پێكەوەهەڵكردن، پێكەوەسازان و قبووڵكردنی یەكدی هەیە بە تێكڕای جیاوازییەكانەوە.