كازمی دوایین شانس و ده‌رفه‌تی به‌رده‌م عێراق

یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی سیسته‌می جیهانی بۆ عێراق وه‌لاوه‌ نانی سیسته‌می فیدراڵی و سه‌پاندنی سیسته‌می كۆنفیدراڵی هه‌رێمی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیكییه‌.
Thumbnail

ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیری نوێ عێراق ده‌ستی به‌كار كردووه‌. مسته‌فا كازمی هه‌ر چه‌ند پێشتر پۆستی ئه‌منی و ئیستیخباراتی هه‌بووه‌ به‌ڵام خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی لیبراڵه‌ كه‌ به‌ به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێشووی دیكه‌ی عێراق، تا راده‌یه‌كی زۆر بڕوای به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و بازنه‌كانی ئازادی و مافه‌ گشتییه‌كان هه‌یه‌. كازمی له‌ رووی جیهانبینییه‌وه‌ نزیك له‌ باڵی سه‌رمایه‌داری جیهانییه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی باڵی گلۆبالیزمی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی، كازمی زیاتر بڕوای به‌ یه‌كسانی له‌ رووی ماف و ئازادییه‌كان و به‌رپرسیاربوون به‌رامبه‌ر به‌ یاسا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانییه‌.

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ دۆناڵدترامپی نوێنه‌ری سیسته‌می گلۆبالیزمی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست یا ملیتاریست، شكه‌ستی خوارد، جۆ بایدینی نوێنه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز و چالاكتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌دا كه‌ پێ ده‌گوترێت ستراتیژیه‌تی نوێ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهان، ئه‌مریكا پێگه‌ و رۆلی خۆی كه‌ له‌ سه‌رده‌می ترامپدا به‌ هۆی به‌ره‌ژوه‌ندی بازرگانی گلۆبالیسته‌ نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌كانه‌وه‌ لاواز ببوو، به‌هێزتر ده‌كاته‌وه‌. له‌ راستیدا یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌م دووباره‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می ترامپدا له‌ لایه‌ن باڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی نێو كۆشكی سپییه‌وه‌ نرا. ئه‌و هه‌نگاوه‌یش ئیمزا كردنی رێككه‌وتنی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، پڕۆژه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بوو چونكه‌ سیسته‌م پێ وایه‌ كه‌ به‌هێزبوونی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌دا واتا به‌هێزبوونی ئه‌مریكا، بریتانیا و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌. ئیمزا كردنی رێككه‌وتنی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌هێزتركردنه‌وه‌ی رۆل و پێگه‌ی ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مه‌یش پلانێكی گرنگی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی بوو. كازمیش وه‌كو سه‌ركوه‌زیری عێراق زیاتر له‌ باڵی سه‌رمایه‌داری جیهانی نزیكتره‌ نه‌ك له‌ باڵی گلۆبالیستی نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ست و ملیتاریست.

بێ گۆمان سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی پلان و ستراتیژیه‌تی تایبه‌تی خۆی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراقیش هه‌یه‌.  له‌ دوای 2003 بڕیار بوو عێراق عێراقێكی فیدراڵی و په‌رله‌مانی بێت، به‌ڵام ئه‌م سیسته‌مه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 17 ساڵ نه‌یتوانی وه‌كو پێویست سه‌ركه‌وتن به‌ده‌سته‌وه‌ بهێنێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر له‌ سیسته‌می ئۆنیته‌ری ناوه‌ندی تایفی نزیكتر بوویه‌وه‌. له‌ عێراقێكدا كه‌ خاوه‌ن سیسته‌مێكی ئۆنیته‌ری تایفی ناوه‌ندی و له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێراندا بێت، سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی كه‌ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ هێنانی به‌ره‌ژوه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی خۆی له‌ عێراق مه‌سرووفاتی زۆری كردووه‌، به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ ژێر مه‌ترسیدا ده‌بینێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می نوێ جیهانیدا پلان و پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ عێراقی هه‌یه‌.

له‌ ماوه‌ی 17 ساڵی رابردوودا سیسته‌می فیدراڵی له‌ عێراق شكه‌ستی هێنا، ئه‌مه‌یش دوایین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی كه‌ ده‌سه‌لمێنێت، چی دیكه‌ نابێت عێراق به‌مجۆره‌ له‌ نێو ئه‌ڵقه‌ی سیسته‌می نوێ جیهانیدا به‌رده‌وام بێت. یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی سیسته‌می جیهانی بۆ عێراق وه‌لاوه‌ نانی سیسته‌می فیدراڵی و سه‌پاندنی سیسته‌می كۆنفیدراڵی هه‌رێمی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیكییه‌. یا به‌ شێوازێكی دیكه‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت باشتر به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێت عێراق دابه‌شی سه‌ر سێ پارچه‌ بكات. عێراقی شێعه‌، عێراقی سوننه‌ و كوردستان. ئه‌م دابه‌ش كردنه‌ دابه‌شكردنێكی هه‌رێمی، ئاینی و ئه‌تنیكییه‌. چونكه‌ باشووری عێراق ده‌بێته‌ عێراقی شێعه‌، ناوه‌ڕاستی عێراقیش ده‌بێته‌ عێراقی سوننه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كو خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای پیوانی هه‌رێمی و ئه‌تنیكی به‌ڵام فره‌ڕه‌نگ ده‌مێنێته‌وه‌.

زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری عێراقییه‌كان به‌ تایبه‌تی عێراقی شێعه‌، له‌ دژی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یه‌، ئه‌م دژایه‌تی كردنه‌یش له‌به‌ر په‌رۆشییان بۆ عێراق و سه‌روه‌ری عێراق نییه‌ به‌ڵكوله‌به‌ر به‌ره‌ژوه‌ندی وڵاتانی دیكه‌ی هه‌رێمی وه‌كو ئێرانه‌، چونكه‌ ئێران له‌ دژی كۆنفیدراڵی كردنی عێراقه‌. به‌ڵام شێعه‌كان و به‌شێكی زۆری سوننه‌كان ( ئه‌و به‌شه‌ی به‌ دوای تووڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌دان، كه‌ نزیكه‌ له‌ توركیا، قه‌ته‌ر و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی) به‌كرده‌وه‌ و سیاسه‌ته‌كانی خۆیان زه‌مینه‌ زیاتر بۆ په‌له‌ كردنی سیسته‌می جیهانی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی خۆی له‌ عێراق خۆش ده‌كه‌ن.

نموونه‌ی ئه‌مه‌ حه‌فته‌ی رابردوو له‌ په‌رله‌مانی عێراق روویدا. به‌بێ به‌شداری كورد و به‌بێ گوێدانه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و هه‌روه‌ها به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، شێعه‌ و سوننه‌ پێكه‌وه‌ پڕۆژه‌ یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كۆرتهێنانی بوودجه‌ و قه‌رزكردنیان په‌سه‌ند كرد و ناردنی 320 ملیار دیناریان بۆ هه‌رێمی كوردستان راگرت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ دوایین مسمار بوو كه‌ له‌ تابووتی عێراقی فیدراڵی و عێراقی ئۆنیته‌ری ناوه‌ندی درا. چونكه‌ په‌رله‌مان به‌م بڕیاره‌ی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی، رایگه‌یاند كه‌ كوردستان به‌شێك له‌عێراق نییه‌ و به‌مجۆره‌ رێگه‌ی بۆ جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق به‌ ده‌نگی شێعه‌ و سوننه‌ خۆشتر كرد. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ و ئه‌و هێزه‌ هه‌رێمییانه‌ی كه‌ لایه‌نی شێعه‌ و سوننه‌یان ناچاركرد ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، له‌ ئه‌یلوولی 2017دا بۆ رێگریكردن له‌ هه‌نگاونانی گه‌لی كوردستان به‌ره‌و دیاركردنی چاره‌نووسی خۆی، گه‌له‌كۆمه‌ی هه‌رێمییان له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان كرد. ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ هه‌ر چه‌ند خزمه‌تی یه‌ك ئامانج ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویش له‌ ناوبردنی، لاواز كردن و نه‌هێشتنی رۆل و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ دوو كاتی جیاوازدا ده‌بنه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر، چونكه‌ گه‌له‌كۆمه‌كه‌ی ئه‌یلوولی 2017 بۆ له‌ ناوبردن، لاواز كردن و نه‌هێشتنی پێگه‌ و رۆلی هه‌رێمی كوردستان بوو به‌ڵام هه‌نگاوه‌ دژه‌ كورده‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 13ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی دایه‌ ده‌ستی كورد كه‌ بتوانێت زیاتر هه‌نگاو به‌ره‌و دیاركردنی چاره‌نووسی خۆی و كاركردنی به‌ ئه‌نجامه‌كانی رێفراندۆم بكات. چونكه‌ مانای سیاسی، یاسایی، ئابووری و لۆژیكی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان كوردی به‌ به‌شێك له‌ عێراق دانه‌ناوه‌.

دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان كه‌ دوایین بزماری له‌ تابووتی عێراقی فیدراڵی و خه‌یاڵی عێراقی ئۆنیته‌ری ناوه‌ندی تایفی دابوو، سه‌رۆكوه‌زیری عێراق مسته‌فا كازمی، له‌ سۆنگه‌ وه‌فا به‌عه‌هدی خۆی و به‌ ره‌چاو كردنی پێًگه‌ی خۆی له‌ نێو ئه‌و پلانی و پڕۆژه‌یه‌دا كه‌ سیسته‌می جیهانی بۆ عێراقی ئاماده‌ كردووه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی بڕیاری په‌رله‌مان به‌ڵام پابه‌ندی خۆی به‌ رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و جه‌ختی له‌ ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌. كازمی به‌م هه‌نگاوه‌ی خۆی توانی ته‌مه‌نی عێراقی فیدراڵی بۆ چه‌ند مانگ یا ساڵێكی دیكه‌ درێژ بكاته‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نیا پشكی بوودجه‌ نییه‌ و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ عێراقییه‌كان نه‌بوونه‌ خاوه‌ن عه‌قڵیه‌تی رێزگرتن له‌ ده‌ستوور و یاساكان و ده‌ستوورجێبه‌جێ ناكه‌ن، زۆربه‌ی زۆری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن. چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و كێشانه‌ جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستووری فیدراڵییه‌.

دوای تێپه‌ڕینی 13 ساڵ به‌سه‌ر ئاماده‌ كردنی ده‌ستووری فیدراڵی و جێبه‌جێ نه‌كردنی، ئێتر هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ له‌به‌رده‌م عێراقدا نه‌ماوه‌. هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراق بۆ سیسته‌می ئۆنیته‌ری ناوه‌ندی و تایفی به‌بێ ئه‌نجام ده‌بن، پاش 13 ساڵ ده‌ركه‌وت كه‌ فیدراڵییه‌ت له‌ عێراق ئه‌نجامی باشی نابێت، بۆیه‌ تاقه‌ بژارده‌ له‌ به‌رده‌م عێراق كۆنفیدراڵییه‌. كۆنفیرداڵیش ئه‌و پڕۆژه‌ و پلانه‌یه‌ كه‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی بۆ عێراق ئاماده‌ی كردووه‌. بۆیه‌ پێ ده‌چێت له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كار كردنی ئیداره‌ی نوێ له‌ ئه‌مریكا و كاڵ بوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كۆڕۆنا له‌سه‌ر ئابووری جیهان و به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی هاتنی پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی سه‌ده‌ (رێككه‌وتنی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل)، سیسته‌می جیهانی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی خۆی له‌ عێراقدا بكات.

ئه‌ردلان هه‌ورامی

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ