ئایه‌ ئه‌مریكا ئامانجه‌كانى توركیا قه‌بوڵ ده‌كات؟

توركیا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌
Thumbnail

به‌ گوێره‌ی زانیاری سه‌رچاوه‌ تایبه‌تییه‌كان، دوایین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا له‌ چوارچێوه‌ی زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوانیان بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ رۆژئاوای كوردستان( باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا) بێ ئه‌نجام بووه‌ و شاندی ئه‌مریكی به‌ تووڕه‌ بوون و هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ توركیا كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌جێ هێشتووه‌.

ماوه‌یه‌كی درێژه‌ كه‌ توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان( به‌ گوته‌ی توركیا رۆژهه‌ڵاتی چه‌می فورات) ئه‌نجام ده‌دات. بێگۆمان توركیا تاقه‌ پاساو و بیانووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت هه‌بوونی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی نیشتمانی توركیا. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی باڵای توركیا ده‌ڵێن: ئێمه‌ رێگه‌ به‌ دروست بوونی كریدۆری ( به‌ گوته‌ی ئه‌وان)تیرۆر ناده‌ین و ئه‌و كه‌سانه‌یش كه‌ وه‌كو ده‌م راستی حكوومه‌ت قسه‌ ده‌كه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ توركیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ دروست بوونی كریدۆری كوردی و گه‌یشتنی كورد بۆ سه‌ر به‌حر ناده‌ن.

ئه‌گه‌ر له‌ قووڵایی مه‌سه‌له‌كه‌ ورد ببینه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ یه‌په‌گه‌، هه‌سه‌ده‌ و په‌یه‌ده‌ تا ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك داوای دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی و جیابوونه‌وه‌یان له‌ سووریا نه‌كردووه‌، بێگۆمان سووریایه‌كی یه‌كگرتوویش به‌ دڵی توركیایه‌. ئه‌گه‌ر وایه‌ توركیا بۆ باس له‌ كریدۆری كوردی ده‌كات؟

مه‌به‌ستی توركیا له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سه‌ر كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان زۆر شتی شاراوه‌ و مه‌به‌ستی مه‌ترسیداری له‌ پشته‌. كاتێك پلانی توركیا، ئێران و عێراق بۆ له‌ناوبردنی باشووری كوردستان شكه‌ستی خوارد و گۆڕانكاری له‌ هاوسه‌نگییه‌كاندا دروست بوو، توركیا به‌ ته‌نیا سه‌ری خۆی و به‌ هاندانی شاراوه‌ی ئێران و عێراق له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌ستی به‌ له‌ ناوبردنی ئه‌و فاكته‌رانه‌ كرد كه‌ رێگه‌ بۆ باشووری كوردستان خۆش ده‌كه‌ن كه‌ بتوانێت زووتر سه‌ربه‌خۆیی خۆی رابگه‌ینێت. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین یه‌كه‌م هه‌نگاوی توركیا بوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

ئێستایش توركیا ده‌یه‌وێت به‌ درێژه‌دان به‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌، رۆژئاوای كوردستان به‌ گشتی بخاته‌ ژێر داگیركه‌ری خۆیه‌وه‌ و هێزه‌ جیهادییه‌كانی سه‌ربه‌ توركیا له‌وێ به‌جێ بكات و دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردییه‌كان بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هیچ رێگه‌ و ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ست گه‌یشتنی باشووری كوردستان بۆ به‌حر نه‌مێنێت.

بیانووی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ن، به‌ڵام خۆ كاتی خۆی هه‌ر په‌یه‌ده‌، یه‌په‌گه‌ و په‌كه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای توركیا گۆڕی سلێمان شایان له‌ ده‌ستی داعش رزگاركرد. ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاساوی توركیا كه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستێت و ده‌ڵێت یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی، پاساوێكی واقێعی و راست نییه‌، چونكه‌ تا ئێستا له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌وه‌ هیچ جۆره‌ هێرشێك نه‌كراوه‌ته‌ سه‌ر خاكی توركیا. هه‌روه‌ها ئه‌مریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌ یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ نادات كه‌ هێرشی سه‌ر توركیا بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش توركیا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ی كه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی داوه‌، عه‌قڵی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست و پاوانخوازی توركییه‌ و به‌دوای زیندوو كردنه‌وه‌ی په‌یمانی میساقی میللییه‌ كه‌ ده‌ڵێت كه‌ركووك و مووسڵیش به‌شێكن له‌ خاكی توركیا و له‌ كه‌ركووك و مووسڵ ئاهه‌نگی بۆزكۆرته‌كان ده‌گێڕین. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م عه‌قڵه‌ زاڵه‌ له‌ توركیا، دورپێچ كردنی باشوور و له‌ ناوبردنی فاكته‌رانه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان هه‌موار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوو به‌شی كوردستاندا بپچڕێنێت. هاوكات عه‌قڵی حكومڕانی توركیایش كه‌ حاڵی حازر رووبه‌رووی قه‌یرانێكی زۆر توندی ئابووری بووه‌ته‌وه‌، چاوی له‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ نه‌وتی و غازییه‌كانی رۆژئاوای كوردستاندا بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ رێگه‌ی به‌ قاچاخ بردنی ئه‌و نه‌وت و غازه‌وه‌ خۆی له‌ قه‌یرانی دارایی رزگار بكات و له‌ كڕینی نه‌وت و غاز له‌ ئێران رزگار بكات چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌ كڕینی نه‌وت و غاز له‌ ئێران ئه‌وا له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ رووبه‌رووی سزا ده‌بێته‌وه‌.

توركیا له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ چه‌ند ئامانجی سه‌ره‌كی و گرنگی هه‌یه‌ كه‌ بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ دژی ئه‌نجامدانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ بوه‌ستێته‌وه‌. ئامانجه‌كانی توركیا بریتین له‌

1-دورپێچ كردنی باشووری كوردستان و له‌ ناوبردنی هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌ت و فاكته‌رانه‌ی كه‌ رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ئاسانتر ده‌كه‌ن.

2-ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی نه‌وت و غازی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ قه‌یرانی دارایی و كڕینی نه‌وت و غازی ئێران و سزاكانی ئه‌مریكا رزگار بكات.

3-گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌ كوردییه‌كان و به‌جێكردنی توركمان و عه‌ره‌به‌ نزیكه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی نزیك له‌ سنووره‌كانی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر بكات تا بتوانێت له‌ داهاتوودا وه‌كو كارت به‌كاری بهێنێت.

4-شاردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یران و كێشه‌ گه‌وره‌ ناوخۆیانه‌ی توركیا.

5-هاوسه‌نگ كردنی سیاسه‌تی ناوخۆیی، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌ له‌ یه‌كتر دوور بخاته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست و موحافێزه‌كار بۆ لای خۆی رابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا كه‌ ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرن، دووباره‌ بتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌سته‌وه‌ بهێنێت.

له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی داوه‌، عه‌قڵی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركیایه‌ كه‌ به‌دوای خه‌یاڵی زیندوو كردنه‌وه‌ی سنووره‌كانی میساقی میللییه‌. یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م عه‌قڵه‌ نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌ له‌ ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردی و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی كورده‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانی، بۆیه‌ ده‌ڵێم رۆژئاوا بیانوویه‌ له‌ ده‌ستی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی توركیا رێگری له‌ هه‌وڵه‌كانی گه‌شه‌ سه‌ندن و سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان بدات.

ئه‌رده‌لان گۆران.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ