ساڵیادی دەنگی کوردستان و یادی خاڵە بارزان

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستانى عێراق له‌ 28/9/1963 له‌ نێو دۆخێكى ناله‌بار و له‌ ژێر هێرشى سوپا و بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى عێراق له‌ ناو ئه‌شكه‌وتیكدا دامه‌زرێن
Thumbnail

ئه‌مرۆ په‌نجا و حه‌وته‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى ده‌نگى شۆرش و به‌رخودان، ده‌نگى ره‌واى خه‌ڵكى به‌شمه‌ینه‌ت و ئه‌نفاڵ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى شۆرشى مه‌زنى ئه‌یلول و گوڵانى پێشكه‌وتنخوازه‌. یادكردنه‌وه‌ى ئه‌مساڵى ده‌نگى كوردستانى عێراق جیاوازتره‌ له‌ یاده‌كانى دیكه‌ و ئه‌مساڵ له‌ غیابى ده‌نگى گه‌وره‌ بێژه‌رى ده‌نگى شۆرش، بارزان مه‌لا خالید، ئه‌و بارزانه‌ى كه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگه‌ پڕ زوڵاله‌كه‌ى حه‌ماس و گڕوتینى به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌به‌خشى، ئه‌و یاده‌ ده‌كرێته‌وه‌. ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان و ده‌نگى خاڵه‌ بارزان له‌ مێژووى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان ده‌ستله‌ملان و ئاوێزانى یه‌كترن و  ده‌نگى ئه‌و بێژه‌ره‌ مێرخاسه‌ یه‌كێك له‌و ده‌نگانه‌ى كه‌ هه‌میشه‌ به‌ نه‌مرى له‌ مێژووى راگه‌یاندنى پارتى ده‌مێنێته‌وه‌.

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستانى عێراق له‌ 28/9/1963 له‌ نێو دۆخێكى ناله‌بار و له‌ ژێر هێرشى سوپا و بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى عێراق له‌ ناو ئه‌شكه‌وتیكدا دامه‌زرێنرا، له‌ سه‌رده‌مى شۆرشى مه‌زنى ئه‌یلول به‌ ده‌نگى هۆمه‌ر دزه‌یى و وریا جاف و چه‌ند بێژه‌رێكى دیكه‌ شۆرشى كوردستان جاردرا. هاوته‌ریب له‌گه‌لأ ده‌نگى ئه‌و بێژه‌رانه‌، ده‌نگى خاڵه‌ بارزان و ته‌حسین دۆڵه‌مه‌رى و سه‌باح به‌یتولڵا و چه‌ندین كادیرى دیكه‌ى بوارى راگه‌یاندن له‌ شۆرشى گوڵان به‌رده‌وامى به‌و ریتمه‌ شۆرشگێرییه‌دا. دامه‌زراندنى ئه‌و ئێزگه‌یه‌ بۆ ئاگاهێنانه‌وه‌ى جیهانى ده‌ره‌وه‌ بوو بۆ ئه‌و زولم و سته‌مه‌ى له‌ لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانى عێراق ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان ده‌كرا. دامه‌زراندنى ئه‌و ئێزگه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ جنراڵى چیاكان مسته‌فا بارزانى به‌ پێویستى زانى ده‌نگ و سه‌داى شۆڕش بگات جیهانى ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكى كوردستانیش رۆژانه‌ له‌ بارودۆخى شۆڕش و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى  ئاگادار بن. سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ئه‌و ئێزگه‌یه‌، به‌ به‌كارهێنانى چه‌ند ئامێرێكى ساكار و كۆمه‌ڵێك گیروگرفت ده‌ستى پێكرد و تواناى په‌خشه‌كه‌ى كه‌متر بوو له‌ كیلۆ واتێك و زۆربه‌ى به‌رنامه‌كان و ده‌نگوباسه‌كانى به‌ هۆى نه‌بوونى ئامێرى ریكۆرده‌ره‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ په‌خش ده‌كران و سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵیشى هێز و به‌تالیۆنه‌كانى له‌شكرى شۆرشگێرى كوردستان بوو. گرنگتریین بابه‌ته‌كانى ده‌نگى كوردستانى عێراق بریتى بوو له‌ ده‌نگوباسى به‌ره‌كانى جه‌نگ و ده‌ستدرێژییه‌كانى سوپاى عێراق بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤیلى كوردستان. كاریگه‌رى ئه‌و ئێزگه‌یه‌ واى له‌ رژێمى به‌عس كردبوو، به‌ به‌رده‌وامى به‌ر هێرشى بۆردمانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى رژێمى عێراق ده‌كه‌وت،  هاوكات رژێم هه‌ر به‌وه‌ نه‌ده‌وه‌ستان، چه‌ندین شێوازییان بۆ ته‌شویش كردنى ئیزگه‌ به‌كارده‌هێنا، تا ده‌نگى ئه‌و ئێزگه‌ پڕبیسته‌ره‌ به‌خه‌ڵكى كوردستان نه‌گات.

له‌ ئێستاشدا كه‌ سه‌رده‌م سه‌رده‌مى پێشكه‌وتنى ته‌كنۆلۆجیا و سه‌رهه‌ڵدانى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و میدیاى نوێ و له‌ نێویشیاندا سۆشیال میدیایه‌، لێكه‌وته‌ى نه‌رێنى له‌ سه‌ر بیسته‌رانى ئه‌و میدیا كلاسیكییه‌ دروستكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستاش گرنگ و بایه‌خى خۆى هه‌ر ماوه‌. دواى  سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2014، ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستانى عێراقیش به‌ ده‌ر نه‌بوو له‌و لێكه‌وتانه‌ى كه‌ به‌ هۆى ئه‌و ره‌وشه‌ ناله‌باره‌ دووچارى هاتوون. ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ رابردوو به‌ توانایه‌كى كه‌میى ماددى له‌ رۆڵ و ئه‌ركیان به‌رده‌وام بوون و پێشمه‌رگه‌ ئاسا له‌ خزمه‌تكردنى دۆزى كورد به‌رده‌وام بوون، ئێستاش به‌ هۆى ئه‌و ره‌وشه‌ ناله‌باره‌ هه‌ر وه‌ك رابردوو درێژه‌ به‌و كاروانه‌ پڕله‌ سه‌روه‌رییه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ خاڵه‌ بارزان و هه‌ڤاڵانى هه‌موو ژیانیان بۆ ئه‌و رێباز و دۆزه‌ ته‌رخان كردبوو و به‌ ده‌نگه‌ پڕ له‌ حه‌ماسه‌كه‌یان داری ئازادیان ئاوده‌دا. رادیۆى ده‌نگى كوردستانى عێراق له‌و سۆنگه‌یه‌ى كه‌  رۆڵێكى كاراى له‌ سه‌ركه‌وتن و داستان و نه‌به‌ردییه‌كانى پارتیمان له‌ سه‌رده‌مى شاخ و راپه‌رین و تا ئێستاش هه‌بووه‌، ناكرێت له‌م رۆژگاره‌ ئه‌و ئێزگه‌یه‌ توانا په‌خشه‌كه‌ى سنووردار بێت و له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ى كوردستان په‌خشى ئه‌و ئێزگه‌ ماندوونه‌ناسه‌ى نه‌گاتێ، ئومێد ده‌كه‌ین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ سه‌پۆرت كردنى دارایى ئه‌و ئێزگه‌یه‌، گیانى خاڵه‌ بارزان و سه‌رجه‌م ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ شاد بكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ بوون كه‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان هاتونه‌ته‌دى.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ