پارتی بەر لە بەغدا روو لە سلێمانی

دەبێ کورد و کوردستانیەکان خۆیان بگۆڕن، چیتر ئەزموون و مێژووی دووبەرەکی و خۆخۆری دووبارە نەکەنەوه‌
Thumbnail

پارتی هێز و سەرکەوتنی بۆ زیاتر یەکخستنی نێو ماڵی کوردستانی بەکاردەهێنێت نەک بۆ شکاندنی لایەنەکانی دیکە، چونکە پارتی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە رکابەری سیاسی خۆی هەژمار دەکات نەک بە نەیار و دوژمن، تا بیر لە تۆڵە لێ کردنەوە بکاتەوە. 
ئەوە فەلسەفە و کار و دونیابینی سەرۆک مەسعود بارزانیە کە درێژکراوەی مێژووی پارتی و کلتوری بارزانی نەمرە، لەو روانگەیەشەوە پارتی لە دوای سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێڕاق کە ژمارەی کورسیەکانی لە ژمارەی هەموو لایەنە سەرکەوتووەکانی دیکەی کوردستانە، بەڵام پارتی بەر لەوەی روو لە بەغدا بکات بڕیار دەدات روو لە سلێمانی بکات کە بەشێک لە هێزە رکابەرەکانی پارتی بارەگای سەرەکیان لەوێیە.
ئەو شاندەی پارتی تەنها سەردانی ئەو لایەنانە ناکات کە کورسیان بردۆتەوە، بەڵکو سەردانی ئەوانەش دەکات هیچ کورسیەکیان لەو خولەی پەڕلەماندا نیە، بەڵام پارتی گوێیان لێ دەگرێ و پێیان دەڵێ:‌یەکگرتوویی و یەک گوتاری کوردستانی دەسکەوت و هێزێکی گەورەترە لە ژمارەی کورسیەکانمان‌.
لە ئەزموونی حەڤدە ساڵەی رابردووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، تەنها ئەوە سەلمێندرایەوە کە عەقلیەتی حوکمڕان لە بەغدا درئژکراوەی هەمان ئەو عەقلیەتە شۆڤینیەیە کە لە دامەزراندنی عێڕاقەوە تا ئێستا زاڵە و هەرگیز ناگۆڕێ، بۆیە دەبێ کورد و کوردستانیەکان خۆیان بگۆڕن، چیتر ئەزموون و مێژووی دووبەرەکی و خۆخۆری دووبارە نەکەنەوە، چونکە ئەوە تاکە کەلێنە کو دوژمنان لێیە دێنە ژوورەوە و تاکە کارتی بەهێزی دوژمنانیشە کە لە دژی کورد بەکاری دەهێنن.