Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 11:46

راستی بڕینی مووچەی فەرمانبەران

ئەو رێکەوتنە بە دەستخەتی ئیبراهیم ‌غەزبانی وەزیری نەوتی عێڕاق نووسراوە،بەڵام عێڕاق ئامادە نەبوو ئەو رێکەوتنە جێبەجێبکات و لێی کشایەوە
ئاسۆ حاجی
100%

ئەوەی دەگوترێ بڕینی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدا دەهات پەیوەندی بە رادەست نەکردنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی کوردستانە دوورە لە راستی و تەنها بۆ شاردنەوەی راستیەکانە و بەهانە هێنانەوەیە بۆ ئەو کارە دوژمنکارانەی حکومەتی عێڕاق بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەیکات،سەڵماندنەوەی ئەوەیە کە لە بەغدا گۆڕینی کەس و ناوەکان گرنگ نین بەڵکو گۆڕینی عەقڵیەتی زاڵی داگیرکاری عەرەبە لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان کە بۆ سەت ساڵ دەچێت خاکی کوردستانیان داگیر کردووە و خێروبێرەکەی دەدزن و خاکەکەی سوتماک دەکەن و خەڵکەکەی دەکوژن و ئاوارە و دەربەدەر دەکەن.

راستی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت عێڕاق بەو شێوەیە بوو کە لە مانگی دوازدەی ساڵی 2019 پێی گەیشتن:

- هەرێمی کوردستانە رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێت و لە بەرامبەردا عێڕاق 900 ملیۆن دۆلار بە هەرێمی کوردستان بدات.

- ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو بڕەی لە رێگای سۆمۆ نەفرۆشت ئەوە حکومەتی عێڕاقی بڕە پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیلە دەگێڕێتەوە لەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.

ئەو رێکەوتنە بە دەستخەتی ئیبراهیم ‌غەزبانی وەزیری نەوتی عێڕاق نووسراوە،بەڵام عێڕاق ئامادە نەبوو ئەو رێکەوتنە جێبەجێبکات و لێی کشایەوە،لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو هەموو نەوتی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشێ بە مەرجێک عێڕاق پابەند بێ بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی،بەڵام بەغدا بەهیچ شێوەیەک ئامادەی ئەو رێکەوتنە نەبوون،چونکە بەغدا وەک پرسێکی سیاسی و تۆڵەکردنەوە مامەڵە لەگەڵ مووچە و مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.

هەوڵدان بۆ گواستنەوەی سەرنج لە سەر نا هەقی و بڕیارە نا دەستووری و نا یاساییەکانی حکومەتی عێڕاقی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆمەتبار کردن و هەژمارکردنی بە لایەنی کەمتەرخەم لە رێککەوتنەکان هەروەها نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی،لەو بارەیەوە راستیەک هەیە ناکرێ نکۆڵی لێ بکرێ کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها نۆ مانگە دەست بەکار بووە و لەو نۆ مانگەدا هەشت مانگ مووچە بە تەواوی و بەبێ کێشە دراوە و ئەو مووچانەی کە ماونەتەوە هی سەردەمی پاشەکەوتن و بۆ ساڵی 2019 راکێشراون،ئەوەشیان بەهۆی سیاسەتە دوژمنکاریەکانی حکومەتی بەغداوە بووە کە بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی تێکەڵ بە کێشە سیاسیەکان کردووە و وەک کارتێکی سزادان لە دژی کوردستان بەکاریان دەهێنن و ئەو کار و بڕیارەشیان پەیوەندی بە پرسی نەوت و فرۆشتنی نیە چونکە بەر لەوەی هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوت بفرۆشێ حکومەتی بەغدا لە ساڵی 2013 بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی دا.

ئەوەی لە پرسی بڕینی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان زیاتر جێی پرسیار و سەرنجە هەڵوێستی بەرپرسانی کوردە لە بەغدا بە تایبەتی سەرۆک کۆمار کە بەگوێرەی دەستووری عێڕاقی ئەو پارێزەری دەستوورە بەڵام تەنها جارێکیش بە یەک وشەش باسی لەو یاسا شکێنی و پێشلکردنی دەستوور نەکردووە لەلایەن کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێڕاق،بەڵکو زیاتر وەک بەشێک لەو هەوڵانەی بەغدا بۆ سزادان و تۆڵەکردنەوەی بەغدا لە خەڵکی کوردستان وەدیار دەکەوێ.

دەست بردنەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە سەرۆک وەزیرانی دەست لە کارکێشاوە و ئەندامانی کابینەکەی چەندین جار ئەوەیان راگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نابڕن پەیوەندی بە ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆیی عێڕاق و ئیقلیمی هەیە و هەنگاوی یەکەمی تۆڵەکردنەوەی زۆرینەی سیاسی شیعەیە لە هەڵوێستی کورد لە بەرامبەر بەشداری نەکردنیان لە دانیشتنی پەڕلەمان بۆ دەرکردنی هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان،هەروەها فشاری ئێرانە لە سەر هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر گواستنەوەی هەموو سەربازانی ئەمریکا بۆ بنکە سەربازیەکانیان لە هەولێر و جێگیرکردنی سیستەمی دژە موشەکی باتریۆت لە هەرێمی کوردستاندا.

باشترین بەرپەرچدانەوەی ئەو بڕیارەی بەغدا یەکگرتووی و یەک هەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە بە تایبەتیش هەرسێ هێزی بەشدار بوو لە حکومەت گۆڕان و یەکێتی و پارتی،نەک چاوەڕوانی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکە بن و خەنجەر لە پشتی یەکدی بدەن،چونکە دەبێ ئەوە بزانن کە هەنگاوی دووەمی بەغدا ئەگەر هەرێمی کوردستان ئامادە بێ مل بۆ مەرجەکانی بدا ئەوە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە کە ئامانج و خەونی گەورەی بەغدایە بە هەموو پێکهاتە و حیزب و سەرکردەکانیەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.