دوا بڕیاری یەکێتی

یەکێتی ئیستا دوو ڕێگای لە پێشە ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشادریکردن لە حکومەت کە بروا ناکەم هیچیان دادی بدەن ئەگەر خۆی لە نێوان کوردستانی بوون و عێڕاقی بوون یەکلانەکات
Thumbnail

هەڵسوکەوت و لێدوان و خۆگرخاندنی یەکێتی بە مل نەدان بە دەرئەنجامی هەڵبژرادنی پەڕلەمانی کوردستان،هەمان هەڵسوکەوت و لێدوانەکانه پێش رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرمان وەبیردێنەوە، بە ترساندنی لایەنەکانی دیکە کە ئەگەر هەموو شتێک بە دڵ و داخوازی یەکێتی نەبێت ئەوە نیوەی هەرێمی کوردستان واتا زۆنی کەسک بە دەردی کەرکوک دەبردرێ و رادەستی بەغدا دەکرێتەوە.


بەستنەوەی کەیسی دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک و بەخشینی وەزارەتی داد لە بەغدا بە یەکێتی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرخەری ئەو راستیەن کە یەکێتی لە کەرکوک و بەغدا دۆڕاوە.


دەبووایە باڵی دەست رۆیشتووی یەکێتی پەند لە رووداوەکانی رابردوو وەربگرن بەوەی پشت بەستن بە هێزی دەرەکی لە یەکلایی کردنەوەی کێشە ناوخۆیەکان زیاتر بێ هێزیان دەکا و وێنەیان لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان تەڵخ تر دەکات،یەکێتی دەبێ لەوە تێبگا ئەگەر هێزە ئیقلیمیەکان لە پاداشتی رادەستکردنەوەی کەرکوک بە حەشدی شەعبی و پاسداران لە هەردوو هەڵبژرادنی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی تەزویڕێکی یەکجار زۆریان بۆ دروست کردن تا ئەو ڕادەیەی هەموو چەکدارانی حەشدی شەعبی لە حەویجە دەنگیان پێ بدەن و لە سلێمانی بە دڵی خۆیان سندوقەکان پڕبکەنەوە،بەڵام تەزویڕاتەکەش نەیتوانی باری کەوتووی یەکێتی لە شازدەی ئۆکتۆبەرەوە راست بکاتەوە.


لە بەغداش بە دانانی سەرۆک کۆمار بە دەنگی زۆرینەی عەرەب ئێران هەوڵیدا یەکێتی لە وێنەی سەرکەوتو نیشانی خەڵکی کوردستان بداتەوە،بەڵام هەڵبژرادنی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە حەقیقەتی یەکێتی نیشاندایەوە کە وێڕای تەزویڕێکی لە ڕادەبەدەر بەڵام نەیتوانی نیوەی کورسیەکانی پارتیش وەدەست بێنێ کە خەونی گەورەی یەکێتی و تاکە ئامانجی لە پەنجا ساڵی رابردوو ئەوە بووە جارێک بەسەر پارتی سەربکەوێ.


یەکێتی کە ئێستا لە دژی ئیرادەی خەڵکی کوردستان وەستاوەتەوە و لە جیاتی قبوڵکردنی بڕیاری خەڵک کە لە رێگای سندوقی دەنگدان یەکێتیان بە جیاوازی بیست و چوار کورسی لە خانەی دووەم لە دوای پارتی داناوە،هەڕەشەی نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکات ڕێک وەک رۆژانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر کە بەناوی دامەزراندنی حکومەتی ئینقاز و نەمانی شەرعیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستووریەکەی دەیانوویست دەست بەسەر هەموو هەرێم دابگرن و رادەستی بەغدای بکەنەوە و خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی خەڵکی کوردستان بکەنە شاباشی لە ناو بردنی پارتی.


یەکێتی بە هەموو ئەو کارانەی لە دژی هەولێر و بۆ بەرژەوەندی بەغدا کردنی بۆی دیار بوو کە بەبێ پاڵپشتی پارتی و شەخسی بارزانی ناتوانێ شتێک بە شتێک بکات،لە کەرکوکیش بە هەمان شێوە ئەگەر پارتی هاوکاری نەبێ ئەوە دەبێ هەر بە دەست راکان جبوری ناڵەیان بگاتە ئاسمان.


بۆ یەکێتی باشترە لە هەولێر لە خانەی دووەم دابێ و کار بۆ هەڵسانەوەی خۆی بکا نەک لە بەغدا بە سەرۆک کۆمارێکی بێ بڕیار و لە ترکزە حیسابی لیوایەکی حەشدی شەعبی بۆ نەکرێ،باشترە بۆ یەکێتی هەولێر بکاتە چەقی یەکلایی کردنەوەی کەیسی کەرکوک و بە پاڵپشتی هەولێر پارێزگارێکی نوێ دابندرێ نەک لە بەغدا کار بۆ لادانی پاریزگارێکی کورد و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگارێکی کورد بکرێ و بیاندەنە دادگا بە تاوانی کورد بوون و بەرگریکردن لە ئاڵا و کوردستانی بوونی کەرکوک وەک ئەوەی بەرامبەر نەجمەدین کەریم و رێبوار تاڵەبانی کردیان.


پرسی پەنجا بە پەنجا و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆن کۆتایی هاتووە و یەکێتی هەرچی بکات ناتوانێ کات بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە بەتایبەتیش کە بۆ دە ساڵ دەچێت یەکێتی لە سلێمانی و گەرمیانیش تاکە هێز نیە و ئەگەر تەزویڕات و ئێران هاوکاری نەبووان ئەوجارەش نەیاندەتوانی تەجاوزی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و وەپێشی بکەوێتەوە.


بۆیە یەکێتی لە کۆبوونەوەی هەژدەی شوبات بەشداربێ یان نا،پێش وەختە لەگەڵ پارتی رێک بکەوێ یان نا ئەوەی بۆ ناچێتە سەر دۆڕانەکانی لە بەغدا و کەرکوک لە هەولێر قەرەبوو بکاتەوە،بۆیە باشترە مل بۆ حەقیقەتی و قۆناغی نوێی سیاسی هەرێمی کوردستان بدا کە ئەو لە کۆی سەت و یازدە کورسی تەنها بیست و یەک کورسی هەیە،حەقە لەوەش تێبگات ئەو نەرمی نواندنەی پارتی لە بێ چارەیی و لاوازی پارتی نیە کە بە تەنیا چل و پێنج کورسی هەیە و هەر کاتێک بیەوێ دەنگەکانی دەگەینێتە رێژەی زۆرینە بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەکان،ئەو کات ئەگەر یەکێتی هەڕەشەی شەڕ و دوو ئیدارەیی بکات ئەوە رووی راستەقینەی جوانتر بۆ خەڵکی کوردستان و دنیاش وەدیار دەکەوێ کە لە هێزیکی عەسکەرتاری زیاتر نیە و مل بۆ دیموکراسیەت و ئیرادەی گەل نادا.


یەکێتی ئیستا دوو ڕێگای لە پێشە ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشادریکردن لە حکومەت کە بروا ناکەم هیچیان دادی بدەن ئەگەر خۆی لە نێوان کوردستانی بوون و عێڕاقی بوون یەکلانەکاتەوە.


هەردوو رێگا یەکێتی دەباتەوە سەر سازدانی کۆنگرە کە چاوەڕوانی زیاتر پەرت بوونیان لێ دەکرێ نەک خڕبوونەوە،بە تایبەتیش کە ئێستا شەڕی جێگرتنەوە تاڵەبانی گەیشتۆتە ناو ئەندامانی بنەماڵەکەیان و ئەوجارە نەک یەکێتی بنەماڵەکەش کەرت دەکا.

ئه‌م ووتاره‌ گوزارشت له‌ بیرو بۆچوونی نوسه‌رده‌كات