نێوان داکا و بەغدا

خۆنیشاندانی یەک لەدوای یەک له دەوڵەتێکی نا پێشکەوتووی وەک دەوڵەتی بەناو عێڕاقدا چ سوودێکی هەیه
النسخة المصغرة

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

ئاستی حکومڕانی له هەندێك وڵات و دەوڵەتدا گەیشتۆتە ئاستێك کەوا له ڕووی خراپیەوە کەس ئیرەی پێنابات ، هەروەها له زۆر شوێندابژێوی ژیان به هۆی ناتەندرووستی له حکومڕانیدا گەیشتۆتە لووتکەی دابەزیندا .

دەوڵەتی به ناو عێڕاق لەوەتەی هەیه بەهۆی نەزانی لەبەڕێوەبردن وحکومڕانی شەڕ و ماڵوێرانی نەیتووانیوە ژیانی ئاسوودە بۆی خەڵکەکەی دابین وفەراهەم بکات ، ئەگەر بگەڕێننەوە بۆ مێژووی ئەم بەناو دەوڵەتە دەبینین له مێژووە تا ئەمڕۆ هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆی به خۆیەوە نەبینیووە که جێگای ئاماژەکردن بێت ، له مێژووی ئەو سەد ساڵەی ڕابردوودا که ئینگلیزەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان به ناو عێڕاقیان دامەزراند هەر لەسەرەتادا شێوازەکەی به ناتەندرووستی هات تا گەیشتە خاڵی ئەوەی نەتوانرێت ئاساییانه وەك خەڵکانی دیکە سەر زەوی ژیان بگوزەرێنرێت .. بەغدا که به ناو پایتەختە ،بەڵام هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە وەك شوێنێک بۆ بڕیاری سەربازی و کۆدتا بەکارهاتووە ئەو جەنگ وشەڕانەی دەوڵەتی عێڕاق له مێژووی هاوچەرخدا سەرەتا دژ به کورد دەستیپێکرد ، ئینجا کۆدتا له دوای کۆدتا ، دواتر بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکه ، ئینجا ئێران و کوێت و بەهەڕەشەش ئیسڕائیل وسعودیه  وکەنداو هتد ...

ئێستاش بوونی گەندەڵی و ناتەندرووستی له ئیدارەدانی دەوڵەت ، خۆنیشاندان وەك ڕێڕەوێک هەمیشە بەغداوشارەکانی دیکە به تایبەت باشوور لەو چەند ساڵەی دواییدا گرتۆتەوە ، بێ ئەوەی چ خۆنیشاندەر یان دەسەڵات بزانرێت ئامانج و ڕێبازی ئەم  خۆنیشاندانانه چین و چ دەخوازییان هەیه، لە عێڕاقێکدا که له بەرووموومدا چ کانزایی یا کشتووکاڵی وێڕای دەستی کار دەوڵەمەندە ،بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوڵەتێکی دەستکردە ناتووانێت برەو به خۆی بدات یان بگاتە ئاستی داکای پایتەختی دەوڵەتی بانگالادیش که له ڕووی هەژارییەوە هەموو پێوەر و پێوانەکانی شکاندووە، جا بەغداش وەک ئەوەی حاکم (مونیر حەداد) کەسایەتی دیار له دیمانەیەکی پێشوودا ئاماژەی پێکردووە دەڵێ ( بەغدا هەر چۆنێک بێت ئەگەر بگاتە گووندێکی دوورو دەستی وەک دەوڵەتی بانگالادیش ) ، ئەمانە دیڤاکتۆ و واقعێکن که بەغدا لەڕووی بنچینەکانی حکومڕانی پێوەی دەناڵێنێت. خۆنیشاندانی یەک لەدوای یەک له دەوڵەتێکی نا پێشکەوتووی وەک دەوڵەتی بەناو عێڕاقدا ئایا چ سوودێکی هەیه ، خۆنیشاندان بۆ تاڵان وکووشتن ، یان بۆ سووتاندنی بارەگا و دەزگا فەرمییەکان ، یا ئەوەتا هێرشکردنه سەرباڵیۆزخانەی دەوڵەتان ، که له زۆر حاڵەتدا بۆ ئەم کردەوانه دەسەڵات پشتیوانیان دەکات بێ ئەوەی له ئەنجام و ئاکامەکانی بزانێت .

ئەمانه لەڕووی بنچینه سەرەکییەکانی دەوڵەتی هاوچەرخدا جێگیایان نابێتەوە ، چونکه شێوازە حکومڕانیەکەی بەغدا تا ڕادەیەك ناشارستانیه له هیچ شوێنێکی دیکەی ئەم جیهاندا بوونی نەبووە ونەبینراوە. له بیستەکانی سەدەی پێشوودا وەک له نەخشەکانی جیهانیدا دەرکەوتووە هیچ بوونێك بۆ دەوڵەتی به ناو عێڕاق نەبووە ، ئەوە ئینگلیزەکان بوون بێ وویستی خەڵکەکە و به دڵ و بۆ بەرژەوەندی خۆیان دایانمەزراند تا زیاترمەرامەکانیان له ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو و جێ به جێ بکەن ، جا لێرەدا بۆی گرینگ نەبوو بەغدا وەک داکای بانگالادیش بێت یان نا ، ئەوەی بۆ ئەو سەردەم گرینگ وپڕ بایەخ بوو چۆنیەتی ململانێی کۆڵۆنیزمی که نێوان چەندین تەوەر و گرووپی زلهێز مامەلەیلەگەڵدا دەکرا بەتایبەت دوای کۆتاهێنانی جەنگی جیهانی یەکەم که بەریتانیا لایەنێکی بەهێزی براوەکان دەرکەوت زۆر به هێزەوە هاتە ناوچەکه وچەندین میکانیزمی خستە ڕوو که زۆربەیان لەگەڵ ژیانی ئەوکات نەدەگوونجا وێڕای بڵاوبوونەوەی هەستی سیخووڕی نێوان خەڵکەکە بەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر جێگای پەنجەی خۆی قایم کرد که کاریگەرییەکانی ئەم کردە سیخووڕییانه تا ئەمڕۆش هەر ماوە..

دەوڵەتی به ناو عێڕاق که به زۆر لێکنراوە ناتووانێت ڕێڕەوی ڕاستەقینە بگڕێت ،بەو هۆکارەی لەهەموو ڕووێکی ئاستی ژیانەوە نا درووست ونا پێشکەوتووە ، ئەگەر بەرووبوومیشی هەبێت وەك کشتووکال ئەوە تووانای دەستی کاری نیه بۆ بەجێهانیبوونی کشتووکاڵیەکەی، ئەگەریش نەوتیش زۆر بێت ئەوە زیاتر بۆتە ماڵوێرانی بۆی،چونکه له باشووری عێڕاقدا ئەو نەوتە بۆتە ڕێڕەوێک بۆ ڕێگا پێدان به گەندەڵی گشت فەرمانگاکان ،چونکه بەشێوەی سیستەماتێک مامەلەی لەگەڵدا ناکرێت ، بەڵکو بازاڕێکه بۆ کردەی ( قاچاخی) وبەتاڵان بردن !، لێرەدا بۆ ئەوانه گرینگ نیه بەغدا هاوشێوەی داکا یان مقادیشۆ بێت ،ئەگەر چی بانگالادیش له بنەڕەتدا وڵاتێکی هەژارە، بەڵام وڵاتێکی به کردەوە کارکەرە و دەستەکانی کاری گەیشتۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهان ،بەمەش بەراوورد نێوان داکا وبەغدا زوڵمێکه له داکای پایتەختی بانگالادیش دەکرێت .