شیعە بیردانکی مەزڵوومییەت

ڤاتیکان یان مەککە
Thumbnail


شیعە زیاتر لە هەزار ساڵە بیردانکی )زاکیرەی(هاوبەشیان ئەو ئازارانەیە کە رۆژەکانی ساڵیان بە سەر دابەش کردوون، هەروەها دژایەتیکردنی ئەو کەس و تائیفەی "ئیمام حوسێن"یان شەهید کردووە و هۆکاری دواکەوتنی هاتنی ئیمام زەمان (مەهدی چاوەڕوانکراو)ن.
شیعە کە فەلسەفەی بوونی خۆیان لە بەرگریکردن لە مەزڵوومییەت پێناسە دەکەن و بە بەرگریکردن لە ئیمام عەلی خەلیفەی چوارەمی موسلمانان دەست پێدەکەن، بە بۆچوونی ئەوان عەلی یەکەمین زوڵملێکراوی مێژووی ئیسلامە کە دەبوایە دوای پێغەمەبەر ئەو جێگرەوەی بوایە، کە بە ئایەتی قورئانی پاڵپشتی لەو باوەڕەیان دەکەن.. ئایەتی ژمارە 7 لە سوڕەتی (بونیە):" إِنَّ اڵّژِینَ ێَمَنُوا ۆعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أُوڵئِكَ هُمْ خَیْرُ الْبَڕێّه‌ِ". لە تەفسیری تەبەری بۆ ئەو ئایەتە عەلی و شوێنکەوتووانی بە (خَیْرُ الْبَڕێّه‌ِ ) واته‌ باشترین و شایستەترین دادەنێن بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئیسلام، هەروەها بە چەند حەدیسێکی پێغەمبەریش پاڵپشتی لەو باوەڕەی خۆیان دەکەن، کە دیارترینی ئەو حەدیسانە بە (حدیپ المنزله‌) ناسراوە و دەڵێ: لە شەڕی تەبوک سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: پێغەمبەر بە عەلی گوت: "أما ترچى ان تكون منی بمنزله‌ هارون من موسى غیر انه لا نبی بعدی"، (ئایا ڕازی نابی کە بۆ من هەمان پایەی هاڕونت هەبێ لای موسا، بەڵام لە دوای من هیچ پێغەمبەرێک نایێ).
شیعە کە ئیمام عەلی بە ئیمامی یەکەمی خۆیان دادەنێن و یازدە ئیمامی دیکەی بەدوادا دێن کە دوازدەهەمینیان مەهدی چاوەڕانکراو، یان "ئیمام زەمان"-ە، به‌ گوێڕایەڵی و ملکەچبوون بۆ فەرمانی ئەو دوازدە ئیمامە پابه‌ندن کە عەلی کوڕی ئەبی تاڵب و فاتیمەی کچی پێغەمبەر بە ڕوکنێکی ئایینی ئیسلامی دادەنێن..
لە سەر زاری جابر-ی کوڕە سەمڕە دەیگێڕنەوە کە لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمیش-دا هاتووە، دەڵێ: "سمعت النبی یقول یكون اپنا عشر أمیرا فقال كلمه‌ لم أسمعها فقال أبی إنه قال كلهم من قریش" (گوێم لە پێغەمبەر بوو دەیگوت دوازدە ئیمام دێن، وشەیەکم گوێ لێ نەبوو، باوکم گوتی: پێغەمبەر گوتی هەموویان لە قوڕەیش دەبن).
کوژرانی ئیمام حوسێن وەچەرخانێکی گەورەیە لە فکر و مێژووی شیعە کە حوسێن بە ڕەمزی مەزڵوومییەت دادەنێن و شۆڕشی دژی دەسەڵات بە واجب دەناسێنن و تۆڵەکردنەوەی خوینێ بە ناهەق ڕژاوی ئیمام حوسێن دەبێتە دروشمی ئەو قۆناغەی شیعە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەش خاڵی هەرە بەهێزە لە زاکیرەی هاوبەشی شیعە و بەیەک بەستنەوەی هەموویان لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

لە مەزڵوومییەتەوە بۆ تۆڵە (2)

ئەو دوو چەمکە بەهێزترین هۆکاری بە یەکگرتوویی مانەوەی شیعە بووە بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، لەو مێژووەدا "مەزڵوومییەت" ڕووبەری هەرە گەورەی وەبەردەکەوێ، ئەگەرچی لە چەندین قۆناغی جیا لە وڵاتی مەراکش (مەغریب)-ه‌وە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست تا دەگاتە هیند، بەڵام تەنیا دووجار و بۆ ماوەیەکی کورت دەسەڵاتیان بەسەر عێراق و هەردوو شاری پیرۆزی نەجەف و کەربەلادا شکاوە، زۆرترین و درێژترین دەسەڵاتیان لە وڵاتی ئێرانەوە بووە کە تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها لە وڵاتی میسر لە دەوڵەتی فاتیمی کە مەزهەبی شیعە سەرچاوەی هێز و بناغەی دامەزراندنی بووە.
لە دوای ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق و بەهێزبوونی شیعە تێیدا بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەن لە عێراق، هەروەها ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە پشتگیرییان دەکات، هەردووکیان وەک یەک گرووپ و یەک هێز ئامادەکاری دەکەن بۆ سازکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی "مۆنتەزێر – چاوەڕوانکراو" کە ئێستا بە ڕای شیعە و ئیمامەکانیان چوار مەرج پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خەریکە وەدیدێن و سێ لەو مەرجانە وەدیهاتوون و کار بۆ چوارەم دەکرێ، مەرجەکانیش ئەوانەن کە سەید محەمەد باقڕ ئەلسەدر لە کتێبی (موسوعە امام مهدی – ئینسکلۆپیدیای ئیمام مەهدی) باسی کردوون، ئەگەرچی هەندێک زانای دیکەی شیعە تا بیست نیشانە و مەرجی دەبەن، بەڵام هەموویان لەو چوار خاڵە کۆدەکرێنەوە:
- بوونی باوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەکی یەکگرتوو کە لە کەموو کات و شوێنێکدا توانای جێبەجێکردنی هەبێت،کە ئەوەیان وەدیهاتووە لە بوونی ئیسلام و پەیامی محەمەدی.
- بوونی سەرکردەیەکی لێزان و بەتوانا کە سەرکردایەتیی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بکات، ئەویش وەدیهاتووە بە بوونی ئیمام مەهدی مۆنته‌زێر.
- بوونی ژمارەی پێویست لە لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئیمام کە ئەوەیان لە بوونی ملیۆنان شیعە و ئیستاش بوونی سوپایەکی گەورەی شیعەدا ده‌رکه‌وتووه‌ کە لە یەمەنەوە تا لوبنانی لە ژێردەستدایە.
- ئامادەیی جیهان بۆ ئەو گۆڕانکارییە مەزنە، ئەوەش بە ئامادەکردنی گەلانی دونیا دەکرێ کە فکرەی ئەو گۆڕانە قبووڵ بکەن و ببنە بەشێک لە سوپای ئیمام، ئەو خاڵەیان ئێستا کاری بۆ دەکرێ، کە بە گوێرەی عەلامەتی شێخ عەلی کورانی لە کتێبی (عصر الڤهور – سەردەم و کاتی وەدیارکەوتن) هەندێک نیشانە دەژمێرێ کە موژدەی نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی ئیمام مەهدی دەدەن، دیارترینی ئەو نیشانانەش دەتوانین بەو شێوەیە کورتی بکەینەوە:
• کۆبوونەوەی هەموو جووولەکەی دونیا لە سەر خاکی فەلەستین، ئیسڕائیل مزگەفتی ئەقسا بە تەواوی داگیردەکات، لەلایەن هێزەکانی مقاوەمە زەبری کوشندە لە ئیسڕائیل دەدرێ.
• وەدیارکەوتنی پیاوێک لە (شاری قوم) کە داوا لە خەڵک دەکا، پاڵپشتی عەدالەت بکەن، ئەو کەسانێک کە دەچنە پاڵی کەسانێکی بەباوەڕن کە هیچ گێژەلووک و زریانێک باوەڕیان ناهەژێنێ و لە شەڕکردن خۆیان لانادەن و نابوێرن، (مەبەست لێی ئیمام خومەینی بووە، دواتریش ئەوانەی جێی دەگرنەوە کە بە وەلیی ئەلفەقیه دەناسرێن کە وەکیلی ئیمام مەهدین تا کاتی گەڕانەوەی).
• سوپای ئیمام مەهدی لە رۆژهەڵات واتا لە ئێران بەدیار دەکەوێت و بە ئاراستەی قودس دەڕوا.

هەروەها شێخ عەلی ئەلکوران (یەکێک لە زانا بەناوبانگەکانی شیعە کە هێشتا لە ژیاندا ماوە و رۆژ بە رۆژ ناوبانگی زیاتر دەبێ)هەندێک مەرج دیاری دەکات کە دەبێ کاریان لە سەر بکرێ بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن و ئیمام وەدیاربکەوێت، گرینگترینی ئەو مەرجانە بریتین له‌:
- ئامادەکاری بۆ دروستکردنی سوپایەکی بەهێز و میدیایەکی زەبەلاح.
- زوریەتی بەنی هاشم (ال البیت) دەبێ ڕۆڵی گرینگ و بڕیاردان بگەڕێتەوە دەستیان کە بە (عەمامه‌ ڕەش) ناسراون.
- گواستنەوەی زانست لە نەجەفەوە بۆ قوم، کە یەکێکە لەو نیشانانەی بە گوتەی ئیمامەکان پاڵپشتی دەکرێ.
- ئازادکردنی مەککە و گێڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی نەوەکانی ئیمام عەلی، چونکە ئیمام مەهدی دوای وەدیارکەوتنەوەی لە سامەڕا لە مەککە خۆی وەک سەرکردەی سوپای موسلمانان ڕاددەگەیەنێ.
قۆناغی تۆڵەکردنەوەی خوێنی حوسێن، قۆناغی ئامادەکارییەکانە کە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج بە زانایی و بەپێی ئەو مەرج و ئاماژانەی زانایانی شیعە دایانناوە لە پێناو باڵادەستبوونی شیعە و کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ناوچەکە کاری بۆ دەکرێ.
هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکم لە عێراق لە سیستەمی سازان (تەوافقی) بۆ سیستەمی زۆرینەی سیاسی کە ڕێک واتای زۆرینەی شیعە دەدا، هەنگاوێکی تەواوکارییە بە ئاراستەی تەواوبوونی هەرێمی پیرۆزی شیعە کە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج کاری بۆ دەکرێ، کە هەرسێ شاری (نەجەف، کەربەلا و بابل) دەگرێتەوە، کە بۆتە ناوەندی هێزی ماددی و مەعنەوی بۆ شیعە، هەروەها ناوەندێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خێراتر دەکات.

هەرێمی پیرۆز(3)

پڕۆژەی "هەرێمی پیرۆز" پڕۆژەیەکی مێژووییە کە تێکەڵ بە عەقیدە و باوەڕی ئایینی کراوە، تا لەو ڕێگەیەوە زەمینەسازی بۆ بکرێ، ئەو پڕۆژەیە کە ناوەندەکەی شاری نەجەفە و شارەکانی کەربەلا و حیللە (بابل) وەک جمک لەگەڵی دەبن، پلانێکی سیاسی ستراتیژییە، بەڵام لە ژێر ناوی ئایین، ئەو سێ شارە کە زۆرترین مەزاری پیرۆزی شیعەیان تێدایە، که‌ گرینگترینیان مەزاره‌کانی ئیمام عەلی و هەردوو کوڕەکانیه‌تی (حەسەن و حوسێن)، هەروەها جوگرافیای ئەو سێ شارە سەرزەمینی هەموو ڕووداو و یادەوەرییەکانی شیعەیە کە هۆکاری دروستبوونی زاکیرەی هاوبەش و گرێدانی ڕۆحیانە.
ئەو "هەرێمی پیرۆز"ه‌ کە مەرجەعییەت بەڕێوەی دەبا، هەموو ڕەهەند و ئادگارەکانی دروستبوونی تەواو وەدیار کەوتوون و ڕۆژ بە رۆژیش هەبوونەکەی خوتر و کاریگەرتر دەبێت.. هەرێمی پیرۆز کە سەرچاوەی هێزی لە پیرۆزیی شوێنەکەی و مەزارەکانی وەردەگرێ، بەو هێزەشەوە توانیویەتی لە ڕووی دارایی و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە خۆی دروست بکات.
بە درێژایی ساڵ شیعە زیاتر لە سی بۆنەیان (خۆش و ناخۆش)هەیە کە یادکردنەوەیان فەڕزە و هەمووشیان بە سەردانیکردنی نەجەف و کەربەلا و حیللە گرێدراون. هەروەها هەندێک شوێنی دیکەی پیرۆزیان هه‌یه‌ کە لە هەموویان گرینگتر سامەڕایە کە شارێکی تێکەڵەی سوننە و شیعەیە و بە درێژایی میژوو سوننە تێیدا دەسەڵاتدار بوون تا کەوتنی سەدام، ئەو شارە کە هەردوو مەزاری پیرۆزی ئیمام عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسکەری لێیە، شوێنی لە دایکبوونی ئیمام مەهدی و شوێنی گەڕانەوەشیەتی (سەردابی غەیب) کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای مەزاری هەردوو ئیمامەکە، بە باوەڕی شیعە دوایین شوێن بووە کە ئیمامی دوازدەهەم محمەدی کوڕی حەسەنی ئەلمەهدی کە بە ئیمام مەهدی مۆنته‌زێر ناسراوە، دوایین جار پێش بزربوونی(غەیببوونی) لەوێ بیندراوە و هەر لەوێش وەدیار دەکەوێتەوە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی حەوزەی عیلمییه‌ی نەجەف، یان لێژنەی ناوەندی بۆنەکان کە ئێران و عێراق بە هاوبەشی پێکیان هێناوە بۆ سەرپەرشتیی بۆنەکان بڵاویان کردۆتەوە، تەنیا لە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن لە ساڵی 2017 نزیکەی (30,000,000)سی ملیۆن کەس سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە، هەروەها لە ماوەیەکی کەم دوای کۆتاییهاتنی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین (تکریت) کە سامەڕا یەکێکە لە قەزاکانی، لە یادی لەدایکبوونی ئیمامی عەلی ئەلهادی زیاتر لە یەک ملیۆن شیعە سەردانی کردوون، هەروەها پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕاگەیەندراوە بۆ وەبەرهێنان لە سامەڕا بۆ هاندانی خەڵک تا لە بۆنەکان سەردانی مەزارە پیرۆزەکانی بکەن.
ئەو ژمارە گەورەیەی خەڵک کە ڕوو لە شارە پیرۆزەکانی شیعە دەکەن بەڕێگای یازدە دەروازەی سنووری نێوان عێراق و ئێڕان هەروەها عێراق و کوێت و عێراق و سعودیە وێڕای فڕۆکەخانەی نەجەف کە زۆبەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی مەرجەعییەتدان، چونکە شێوازی هاتن و دیاریکردنی دەروازەکان بە هاوبەشی لە نێوان نەجەف و قوم دیاری دەکرێن، وەک لە ڕاگەیەندراوی لێژنەی ناوەندی یادەکاندا هاتووە.
جگە لەو پارەیەی ئەو میوانانە وەک ڕسومات دەیدەنە دەروازە سنوورییەکان و کرێی گواستنەوەو مانەوە و خورادن ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە سەر مەزارەکان بەجێدێڵن وەک ئەرکێکی ئایینی مەرجەعییەت مافی تەسڕوف تێدا کردنی هەیە لەلایەن سێ لێژنەی تایبەتمەند کە ناویان لێژنەی (العتبات الحسینیە – مەزاری حوسێن) و (العتبات العباسیە – مەزاری عەباس) و (العتبات العلویە)کە داهاتەکانیان ئاشکرا ناکەن، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان زۆربەی ئەو کەسانەی کە پارە، یان هەر شتێکی دیکەی گرانبەها دەبەخشن، خەڵکی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، یان ئێرانن.. بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی نیقاش تەنیا ژنێکی بەحرێنی یەک کیلۆ زێڕی بەخشیوە، جگە لەو داهاتانە بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت ساڵانە وەزارەتی دارایی عێراقی بودجەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکا، کە زیاتر بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مەزارەکان بەکار دێت.

ئەو داهاتە چی بەسەر دێ ؟(4)

لە رۆژی 9/2/2018 مەرجەعی دیاری شیعە ئەحمەد ئەلحوسەین ئەلسورخی (أحمد الحسنی الصرخی) داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتی کرد لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینەوە لەو داهاتە زۆرە بکا کە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێ و بەشی ئەوە دەکات هەموو ڕێگاکانی عێراقی پێ زێڕڕێژ بکرێن، بەڵام بۆ عەمامە بەسەرەکان دەڕوا و لە ژێر ناوی جیاجیا دابەش دەکرێ.
ئەو داهاتە زۆرە لە ساڵی 2007 بەشە زۆرەکەی بۆ دروستکردنی چەند هێزێکی چەکدار سەرف کرا، کە ئامانج لە دروستکردنیان، پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بوو. ئەو هێزانە ئێستاش بەهێزترین و گەورەترین هێزەکانی ناو حەشدی شەعبین وەک (جیش المهدی) و کە دوای فتواکەی سیستانی لە 2014 بۆ (سرایا السلام)، ڕێکخراوی بەدر (منڤمه‌ بدر -الجناح العسكری)کە لە ساڵی 2012 لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیا بووەوە کە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم لە ئێران دروست کراوە، (كتائب حزب الله العراق) گرووپێکی ڕاهێندراون و سەرکردەکانیان شاراوەن و تەنیا لە ئێران فەرمان وەردەگرن، (عصائب أهل الحق) کە لە هەناوی جەیشی مەهدی هاتۆتەوە دەرەوە، دوای فتواکەی سیستانی ژمارەی پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی گەیشتۆتە حەفتا و نۆ (79) هێز کە ژمارەی تێکڕای چەکدارانیان لە سەرووی سەت و بیست هەزار (120000) چەکدارە.
لە ساڵی 2011 ژمارەیەک هێزی تایبەت دروست بوون بۆ چوونە پاڵ سوپای سووریا بۆ پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، دیارترینی ئەو هێزانە (سرایا خوراسانی)یه‌ کە ژمارەیان لە سەرووی چوار هەزار چەکدارە، هەروەها (لوا‌و أبو الفچل العباس) کە یەکەمین هێز بوو لە ساڵی 2006 دروست بوو و شەڕی لە دژی ئەمریکییەکان ڕاگەیاند، جگە لە چەکدارانی عێراقی ژمارەیەکی زۆری چەکداری لوبنانیشی تێدایە، کە پێشتر چەکداری حزب اللە بوون، ئەو هێزانە ڕەوانەی سووریا کران بە ناوی پاراستنی مەزارە پیرۆزەکان کە دیارترینیان مەزاری (سەیدە زەینەب)ی کچی ئیمام عەلی و (سەیدە ڕوقەیا) کچی ئیمام حوسێنه‌.
لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ئێستا ژمارەیان حەفتا و نۆ (79) هێزه‌، هێزێکی تایبەت هەیە کە ڕاستەوخۆ گرێدرای مەرجەعییەتە و ناوی (سرایا العتبات)ە کە لە سێ بەش پێک دێت:
یەکەم/(سرایا العتبه‌ الحسینیه‌) کە وەکیلی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق عەلی سیستانی و گوتەبێژی مەرجەعییەت و گوتارخوێنی کەربەلای نوێژی هەینی و هەروەها بەرپرسی (مەزاری حوسێن – العتبە الحسینیە) ناوی عەبدولمەهدی کەربەلائیە و سێ هێزی تایبەتی خۆی هەیە، کە ناویان (لوا‌و علی الاكبر) و (سرایا المختار الپقفی) و(سرایا لوا‌و السجاد)ه‌ و ژمارەی هەر یەک لەو هێزانە لە نێوان هەزار و پێنج سەت تا دوو هەزار چەکدار دەبێت.
دووەم/ هێزەکانی (سرایا العتبه‌ العباسیه‌) کە وەکیلی سیستانی لە نەجەفن و بەرپرسی (مەزاری عەباس – العتبە العباسیە) ناوی (أحمد الصافی)یە،ژمارەی چەکدارانی لە سەرەوەی چوار هەزار چەکدار دەبێت و ئەو هێزە بە (فرقه‌ العباس) بەناوبانگە.
سێیەم/ هێزەکانی (سرایا العتبه‌ العلویه‌) کە هەزار چەکداریان لە ژێر ئەو ناوە هەیە و (شیخ کریم) سەرپەرشتییان دەکات، هەروەها (فرقه‌ الإمام علی) کە (زهیر الشربە - جێگری سەرپەرشتیاری مەزاری ئیمام عەلی – العتبه‌ العلویه‌) سەرپەرشتییان دەکات و ژمارەیان لە دوو هەزار چەکدار زیاترە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەزاری عەباسی (العتبه‌ العباسیه‌) بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد لە ساڵی 2016بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دراوە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی وەک دیاری دراوەتە کەسوکاری کوژراوانی حەشدی شەعبی و بریندارەکانیان، بڕی یه‌ک ملیار و چوارسەت و دە ملیۆن و حەفت سەت و چل و چوار هەزار (1410744000) دیناری عێراقی دراوەتە هێزەکانیان وەک هاوکاریی لۆجستی و کڕینی خۆراک، بڕی (313,000,000 ) سێ سەت و سێزدە ملیۆن دیناری عێراقییان وەک هاوکاری داوەتە کەسوکاری 415 چەکداری کوژراویان، بڕی (51,000,000)پەنجاویەک ملیۆن دیناری عێراقییان وەک یارمەتی داوەتە بریندارەکانیان.
لە مانگی ئۆکتۆبەری 2017 ئەمیندارێتی گشتی (مەزاری حوسێن – العتبه‌ الحسینیه‌) پڕۆژەی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ کەسوکاری کوژراوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند، کە شەش مانگ پێشتر بۆ کۆکردنەوەی تێچووی ئەو پڕۆژەیە هەڵمەتێکی بەردەوامی بە ناوی سندوقی هاوکاری کەسوکاری شەهیدان ڕاگەیاند، کە هەر خێزانێکی شیعە ناچار دەکا، مانگانە دە هەزار دینار ببەخشنە ئەو سندوقە.
لە ساڵی 2007 ئەحمەد حوسەینی ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای کەربەلا و بەرپرسی لێژنەی ئەوقاف و گەشتیاری ئایینی ڕایگەیاند کە پارەی مەزارەکانی نەجەف و کەربەلا لە کڕینی چەک بۆ میلیشیا چەکدارەکان دەڕوا، بەڵام دواتر لە ژێر هەڕەشەی مەرجەعییەت و گەورە بەرپرسانی هەردوو عەتەبەی حوسێن و عەباس پاشگەزبووه‌وە لە قسەکانی، بەڵام دوو ساڵ دواتر 2009 ئەندامێکی لێژەی گەشتیاریی ئایینی لە هەمان پارێزگا بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە ماڵپەڕی نیقاشی ڕاگەیاندووە کە لێژنەکەیان نە دەسەڵاتی هەیە و نە ئاگاداری هیچ شتێکە دەربارەی داهاتەکان، بەڵکو ئەوە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە.
لە 21/12/2017 تۆڕی میدیایی ڕووداو راستەوخۆ کۆنگرەی رۆژنامەوانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە فڕۆکەخانەی نەجەفی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕاگەیەندرا فڕۆکەخانەکە نادرێتەوە دەست حکومەت و ناچێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی بۆ ئەوەی بتواندرێ سوود لە داهاتەکانی وەربگیرێ، پێشترێش ئەنجومەنی پاریزگای نەجەف ئەو بڕیاره‌ی سەرۆک وەزیرانی ڕەت کردەوە بە دانانی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار لە فڕۆکەخانە، بەڵکو هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا مایەوە، کە ڕاستەوخۆ بە نووسینگەی مەرجەعییەته‌وه‌ گرێدراون.
جگە لە بەخشینی راستەوخۆی پارە و خشڵ لەلایەن خەڵکەوە، مەزارە پیرۆزەکانی شیعە خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی و باخی خورما و موڵکی دیکەن، هەروەها لە دوای ساڵی 2003 دەستیان بە وەبەرهێنان کردووە لە بواری گەشتوگوزاری ئایینی لە ڕێگای دروستکردنی دەیان کۆمپانیای هاتوچۆی ئاسمانی و وشکانی، هەروەها دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری هۆتێل و ڕێستۆرانت.
کەرتی گەشتوگوزاری ئایینی کە داهاتەکەی لە داهاتی نەوتی عێراق زۆرترە، له‌ لایه‌ن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئێرانی و عێراقی به‌ ناوی (شمس) کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە کۆنتڕۆڵ کراوە، کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیایە لە ڕێگای ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای لۆکاڵی عێراقی و ئێرانی کارەکانی مەیسەر دەکا، بەکار‌هێنانی ئەو کۆمپانیا لۆکاڵییانەش بۆ رازیکردنی ژمارەیەک بەرپرسی شیعەیە کە دەسەڵاتیان هەیە، هەروەها بۆ داپۆشینی کارەکانیشیانە بۆ ئەوەی خەڵک نەزانێ کەرتی گەشتیاری ئایینی لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان مانەوەی هەر کەسێک لە هوتێل لە نێوان 20 تا 30 دۆلاری دەوێ، کە هەر زیارەتکارێکی شیعە لە زیارەتەکەیدا کەربەلا و نەجەف و حیللە و بەغدا و سامەڕا بەسەردەکاتەوە، کە مەزارە پیرۆزەکانیان لەو شارانەن، ئەگەر ئەو گەشتە تەنیا یەک حەفتەی بوێ بۆ کەسێک چەندی تێدەچێ؟ 
شارە پیرۆزەکانی شیعە ساڵ دوازدە مانگ پێشوازی لە میوانانیان دەکەن و ئەگەر ژمارەی بۆنە ئایینییەکانیش بە سەر ژمارەی مانگەکان دابەش بکەن، ئەوە هەر مانگەی سێ بۆنەی بەر دەکەوێ، کە قەت نایەڵێ دەورەی مەزارەکان بێ مێوان بێ، هەرگیز ڕێگەش نادا تاکی شیعە لە هەست و بۆنە ئایینییەکانیان داببڕێن.. دابەشکردنی بۆنە ئایینیەکان بەسەر مانگەکانی ساڵ بەرهەمی فکر و زیرەکیی دامەزراوەیەکی ئایینی سیاسیە کە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاتره‌ و پێی دەگوترێ "حەوزەی عیلمییه‌" کە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە. 

جوگرافیای هەرێمی پیرۆز(5)

هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی پیرۆز بە قەدەر هێزە عەقائیدییەکەی گرینگە، چونکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو ناوچەیەی کە شیعە چاوی تێ بڕیوەو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێ.
هیلالی شیعی وەک دەستەواژە کە یەکەمین جار لەلایەن پاشای ئوردن (عەبدوڵای کوڕی حوسێن) لە ساڵی 2004 بەکارهات، نەخشەی چاوتێبڕینی ئێران لە ناوچەکە دیاری دەکات کە لە یەمەنەوە دەست پێدەکات و بە سعودیا هەڵدەکشێ و لە عێراقەوە دەگاتەوە سووریا و پاشان لوبنان.
ئەو نەخشە و پلانە ستراتیژییە لەلایەن شیعەوە تەمەنی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و تەواوکەری هەمان ئەو خواستەیە کە ئیمپڕاتۆریەتی پێڕژیا (ئێران)ی بەر لە زایین هەیبووە و کاری بۆ کردووە، واتا قۆناغی هیلالی شیعی تەنیا سەرەتایێکە بۆ فراوانبوون و کشانی دەسەڵات و هێزی شیعە لە ناوچەکەدا وەک دانانی ستوونەکانی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتێکی نوێ، بەڵام ئەو جارەیان بە هێزێکی مەزهەبی.
لەدوای ساڵی 2003 شیعە دەستیان کردووە بە بەهێزکردنی ئەو هەرێمی پیرۆزه‌ لە ڕێگای کشانی شیعە لە شارو ئاوەدانییە نزیکەکانەوە لێی بەتایبەتی ئەو شارانەی دانیشتووانیان تێکەڵ بووە لە نێوان سوننە و شیعە و هەروەها پێکهاتەی دیکەی ئایینیدا.
بە چەند رۆژێک دوای ڕووخانی سەدام یەکەمین ڕووداوی توندوتیژی تائیفی لە بەسڕه‌ ئەنجام درا، کاتێک ئەو خێزانەیان کۆمەڵکوژکرد و تەرمەکانیان بە تیزاب سووتێندران کە مەزهەبی خۆیان بۆ مەزهەبی سوننە گۆڕیبوو، لەو رۆژە بەدواوە کوشتن و بزرکردن و دەرکردن بووە چیڕۆکی نەبڕاوەی سوننەکان.
لە ساڵی 2009 لە کاتی خولی دووەمی مالیکی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگای کاراکردنەوەی مادده‌ی (4) لە قانونی عێراقی کە بە ماددەی (4ی تیرۆر) ناسراوە، کردیە شمشێرێک و لە سەر ملی هەر کەسێکی دادەنا کە دژی سیاسەتەکانی مالیکی بوایە، لەو ڕێگەیەشەوە بزاڤی سیاسیی سوننەی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا لاواز کرد لە ڕێگای دەرپەڕاندنی سەرکردە سیاسیە کاریگەرەکانیان بە تۆمەتی تیرۆر.
شاری به‌سره‌ کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم زۆرینەی دانیشتووانی بە گوێرەی داتاکان سوننە بوون، بەر لە ساڵی 2003 ڕێژەی سوننە (35%)بوو، بەڵام تەنیا دوای سێ ساڵ لە ڕووخانی سەدام ڕێژەی سوننە لەو شارەدا بۆ (10%) دادەبەزێ و لە ساڵی 2017 ڕێژەیان بۆ خوار(3%) دابەزیوە.
به‌سره‌ کە گەورەترین دەرگای عێراقە بەسەر دەریا و لەوێوە نەوتی عێراق دەفرۆشێ، بۆ شیعە گرینگ بوو که‌ لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
بابل (حیللە) دەڤەری دووەم بوو کە شیعە تێیدا دەستی بە پاکتاوی ڕەگەزی کرد، بابل سێ یەکی دانیشتووانەکەی سوننە بوون، ئێستا تاکوتەرا سوننەیەکی تێدا ماوە.
بەر لە شارەکانی باشووری عێراق پڕۆسەکە لە کەمەرەی شاری بەغدا و ناو شارەکە دەستی پێکرد، کە بە خوێناویترین لاپەڕەکانی پاکتاوی ئایینی و ڕەگەزی دادەندرێ لە مێژووی عێراقی دوای سەدام. لە ناو شاری بەغدا و له‌ هەموو گەڕەکە تێکەڵەکان سوننەیان نەهێشت، لە گەڕەکی حوڕیە لە بەری کەرخ کە ناوچەیەکی تێکەڵی نزیکەی نیو بە نیو بوو لە ساڵی 2006 بەدواوە بە تەواوی لە سوننە چۆڵ کرا، تەنیا چەند خێزانێکی سوننە نەبێت کە پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان لەگەڵ شیعە هەیە، لەوێ ڕێگەیان بە مانەوەیان دراوە.
ناوچەی بەغداد ئەلجەدیدە لە ڕەسافە کە دانیشتووانەکەی نیوە بە نیوە بوو(نیوەی سوننە و نیوەی شیعە)، زۆرینەی سوننەکان ناچارکراون ئەو ناوچەیە جێبێڵن، دوای ئەوەی زۆرینەی مزگەفتەکانیان لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە سووتێندران، ناوچەی ئەلشەعب لە بەری ڕەسافە هەمان چارەنووسیان هەبوو کە (%65)ی ڕیژەی دانیشتووانەکانی سوننە بوون، ئێستا کەمینەیەکی سوننەی تێدا ماوە، چونکە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە نزیک شاری سەدر(مدینه‌ الصدر)، هێرشکردن بۆ سەریان و کوشتن و بڕینیان زووتر دەستی پێکردەوە، چونکە ئاسانتر بوو.
لە قەزای مەحمودیە ڕێژەی سوننە (%85) بوو تا ساڵی 2006 ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین شاڵاوه‌کانی کوشتن و پاکتاوی ڕەگەزی بوویەوە لە ساڵی 2008 یەکێک لە گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵی تێدا دۆزرایەوە کە زیاتر لە (4000) چوار هەزار تەرمی تێدا بوو، ئیستا ڕێژەی سوننە لەو قەزایە کەمترە لە (%20).
ڕووداوە بەناوبانگەکەی سامڕا لە ساڵی 2006 کە تیرۆرستانی ئەلقاعیدە هەردوو مەزاری پیرۆزی شیعە (عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسکەری)یان تەقاندەوە، هێزە چەکدارە شیعیەکان ئەوەیان بە دەرفەت زانی و بە خەستترین شێوە پرۆسەی پاکتاوی مەزهەبییان گەیاندە قۆناغە هەرە ترسناک و کاریگەرەکەی لە سەر شوێنکەوتووانی سوننە، لە ناوچەی ئەبو ئەلدشیر(ابو الدشیر) کە سێ لە سەر چواری دانیشتووانەکانی سوننە بوون، ئیستا ڕێژەی سوننە لەو ناوچەیە کەمترە لە (%10)، کەمەرەی بەغدا وێڕای هەموو ئەو هێرشانە، بەڵام هێشتا سوننە زۆرینەی دانیشتووانەکانی پێکدەهێنن، بە پێچەوانەی ناو شاری بەغدا کە سوننە بوونەتە کەمینە و بەرەو کەمتریش دەچن.
لە پارێزگای دیالا کە ناوەندەکەی قەزای باقوبەیە، بەر لە ڕووخانی به‌عس سوننە ڕێژەی (%70)پێک دەهێنا، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە نیوەی ئەو ڕێژەیە دابەزیوە، لە دوای 2003 تا 2017 زیاتر لە (79,000)حەفتا ونۆ هەزار کەسی لێ کوژراوە و زیاتر لە چل و نۆ هەزار(49000)یشیان لێ زیندانی کراون، (198) سەت و نۆهەت و هەشت گەڕەک و گوند و ناوچە بە تەواوی وێران کراون، هەروەها (290) دووسەت و نۆهەت مزگەفت سووتێندراون، یان تێکدراون.. بە گوێرەی لێدوانی ڕۆژنامەنووس (مەیمونە باسل) هەروەها (حوسێن زوبەیدی) ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای دیالا کە لە ڕاپۆرتێکی دەزگای (یەقین)ی میدیایی لە مانگی نیسانی 2017 بڵاوبۆتەوە، ئەو ئامارانەیان ئاشکرا کردووە.


قوم یان نەجەف؟(6)

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران مەرجەعییەتی شیعە دەستی بە بە‌هێزکردنی ناوەندی ئایینی لە قوم کردەوە، قوم جگە لە ناوەندێکی پەروەردە و فێرکاری زانایانی ئایینی بووەتە ناوەندێکی بڕیاردانی سیاسی، لەوانەش گرینگتر بووەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی سەرکردەکانی وڵات، کە هەموو جومگە گرینگە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکان لە دەستی ئەواندا بن و جێبەجێکاری دڵسۆزی فەرمانەکانی مەرجەعییەتی باڵا بن، کە خۆی لە وەلیولفەقیه (ولی الفقیه)یان (ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران) دەبینێتەوە، وەک بەشێک لە ئەرکە ئایینییەکان.
دامەزاراندنی سوپای پاسداران وەک هێزێکی تەریب لەگەڵ سوپای نیزامیی ئێران ئەو دەرگایە بوو کە شۆڕشی تێدا هەناردەی دەرەوە کرا، کە باڵاترین ئامانجی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە بە ڕابەرایەتی ئیمام خومەینی، بۆ ئەو مەبەستەش سوپای قودسی پاسداران دروست کرا، کە بووە ناوەندی کۆکردنەوەی هێزە چەکدارە شیعیەکانی ناوچەکە و دامەزاراندنی هێزی دیکەی نوێ.
بەهێزترین و دیارترین ئەو هێزانەی بە سوپای قودس گرێدرابوون، "حزب اللە"ی لوبنان بوو، تا وەدیارکەوتنی حوسییەکان لە یەمەن و دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کە ئیستا هەموویان درێژکراوەی سوپای پاسدارانن لە ناوچەکدا و بەهێزترین هێزی سەر زەمینن کە گەورەترین ڕووبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەیەکەوە گڕێداوەتەوە، بەبێ گوێدانە سنوورە نێودەوڵەتییەکان.
هەبوونی ئەو هێزانە کە چاوەڕوان دەکرێ قەبارە و ژمارەیان زۆرترببێ، پێویستیەکی عەقائیدی و ئایینییە لەلایەن شیعەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارە ئامادە بکرێ تا کە ئیمام مەهدی گەڕایەوە سوپاکەی ئامادە بێ.
زۆر کەس وای بۆدەچن کە ململانێیەکی مێژوویی لە نێوان 
(قوم و نەجەف)دا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دووانە درێژکراوەی هەمان ئامانج و لە یەک بەرەدان، تەنیا ئەوەی جیاوازە ململانێ لە نیوان ژمارەیێک پیاوانی نەجەف هەیە لەگەڵ قوم و لەگەڵ زۆرینەی پیاوانی ئایینی شیعە تەنانەت لە نەجەفیش، ئەوەش پەیوەندی بە باوەڕی ئایینی و مەزهەبییەوە نییە، بەڵکو جیاوازییەکە لە مەسەلەی نەتەوەییە کە بەشێک لە مەرجەعەکانی نەجەف باوەڕیان وایە کە پێویستە سەربەخۆیی خۆیان هەبێت وەک عەرەب و نابێ پاشکۆی ئێران بن، ئەوەشیان تەنیا پەیوەندی بە پرسی دەسەڵاتەوە هەیە، نەک باوەڕ، ئێستا لە مەرجەعییەتە باڵاکانی عێراق تەنیا سەدر بە ئاشکرا دژایەتی زاڵبوونی ئێرانە بەسەر عێراقدا.
ئێران لە مەسەلەی تێکەڵکردنی ئامانجە مەزن و مێژووییەکانی میللەتی فارس لەگەڵ مەزهەبی شیعە و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سەرکەوتوو بووە، ئێران دوای ئەوەی لە شەڕی قادسیە بەرامبەر بە لەشکری موسلمانانی عەرەب دۆڕا لە خراپترین و ناخۆشترین سەردەمی خۆیدا ژیاوە، وەک مێژوونووسان باسی لێوە دەکەن، بۆیە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی باوەڕی ته‌شه‌یوع (تشیع) ئێرانییەکان زوو خۆیان لێ بە خودان کرد و یەکەمین و گەورەترین دژە شۆڕشیان لە ناو ئیسلام ئەنجامدا و باوەڕ و دەسەڵات تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەی پێغەرمبەریشیان کردە دوو بەش، ئەوانەش کە شوێن عەلی کوڕی ئەبی تالیب کەوتبوون، لە یاوەرانی پێغەمبەر کە لە نێویاندا هەندێکیان لە ده‌ (10) موژدەپێدراوان (عشره‌ المبشره‌) بوون، واته‌ (ئەوانەی لەلایەن پێغەمبەره‌وه‌ پێیان ڕاگەیەندرا کە خوا موژدەی بەهەشتی پێداون).
بڵاوبوونەوەی مەزهەبی شیعە لە ئێران زۆر خێراتر بوو بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە تەنانەت عێراقیش کە جێگای ئەو ڕووداوانە بوو، کە هۆکاری سەرهەڵدانی مەزهەبی شیعە بوون، لە عێراق ئیمام عەلی دەکوژرێ و پاشان حوسێنی کوڕی هەر لەوێ دەکوژرێ، بەڵام لە ئێران زیاتر خەڵک پێیانەوە گرێ دەدرێ، لە ناو شیعە ئیمام حوسێن کە سێیەمین ئیمامی شیعەیە واتا دوای باوکی عەلی کوڕی ئەبی تالیب و براگەورەکەی حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب لە هەموو ئیمامەکانی دیکە بەناوبانگتر و گرینگترە لای شیعە بە باوک و براکەشیەوە، هۆکاره‌که‌شی زۆر لێکۆلەر و سەرچاوە بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە کە یەکێک لە هاوسەرەکانی حوسێن ئێرانی بووە و لە خێزانی پاشایەتی (کیسرا) بووەو ناوی شابانووی کچی یەزدانگردی پادشای ئێرانە کە دایکی ئیمامی چوارەمی شیعە عەلی کوڕی حوسێن (علی بن الحسین) کە بە (علی الأكبر) ناسراوە و نازاناوی باوکی محەمەدی هەبووە.
میللەتی فارس توانی ئیسلام لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بگونجێنن و بیکەنەوە چەکێک لە بەرامبەر داگیرکەرانیان (عەرەب) بەکاری بهێننەوە و تۆڵەیان لێ بکەنەوە، تۆڵەیەک کە بە ڕزگارکردنی شاری مەککەی زێدی ئایینی ئیسلام و پیرۆزترین شوێن کە بە ماڵی خوا ناویان ناوە و ساڵانە بە ملیۆنان موسلمان لە سەرتاسەری دونیا بە شیعە و سوننەوە سەردانی دەکەن کۆتایی دێت.
شیعە نەجەف و کەربەلا بە پیرۆزترین شوێنی دونیا دادەنێن، بۆیە مەرجەعییەت و پیاوانی سیاسییان هەوڵدەدەن شارە پیرۆزەکانیان ناوندی گرێدانی ڕۆحی و باوەڕیان بێت، نەک مەککە. چونکە بە ڕای ئەوان مەککە شوێنێکە کە داگیرکراوە و پێویستە رزگاربکرێ، تا ئیمام مەهدی لەوێ خۆی بۆ دونیا ئاشکرا بکاتەوە، بڕیار بەدەستانی شیعە چاویان لەوەیە نەجەف و کەربەلا زیاتر وەک ڤاتیکان بن، نەک مەککە.. واتا لە یەک کاتدا ناوەندی بڕیاری ئایینی و دونیایی (دین و دونیا) بێت وەک شاری قوم چۆن لە ئێران ئەو ڕۆڵەی هەیە، بە واتایەکی دیکە مەڕجەعییەتی شیعە چاوی لە کۆپیکردنی ئەزموونی قوم و ئەو شارە و مەرجەعییەتەکانی ئێرانه‌ و ده‌خوازن دونیاش بە نەجەفەوە گرێ بدرێته‌وه‌.

ڤاتیکان یان مەککە (7)

کارکردن بۆ بە ڤاتیکان کردنی نەجەف و کەربەلا و ململانێ پێکردنیان لەگەڵ مەککە. پڕۆژەیه‌کە چەند ساڵە ئێران لە عێراقدا دەستی پێکردووە لە ڕیگای دامەزراندنی هەرێمێکی موقەدەس کە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و حیللە دەگرێتەوە کە لە ژێر فەرمانڕەوایی مەرجەعییەتی شیعە دابن و هەموو سەروکارێکیان لەلایەن مەرجەعییەت و حەوزەی عیلمییه‌ کە وەک دەستەی راوێژکاری دەبێت، ڕایی دەکرێ.
ئێران دەیەوێ مۆدێلی ڤاتیکان لە نەجەف دووبارە بکاتەوە، نەک مۆدێلی مەککە، چونکە ئەوەی یەکەمیان دەسەڵاتی دینی و دونیایی لە دەستە و خاوەنی سوپا و پۆلیسی تایبەت و نوێنەرایەتی لە دەرەوە و حکومەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام کەعبە تەنیا شوێنێکی پیرۆزی ئایینییە و هەر لەو ڕووەشەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە ڕیاز و لەلایەن خێزانی دەسەڵاتدار تەسەڕوفی پێدەکرێ.
ئەو هەرێمی پیرۆزە ئێستا هەموو ئادگارەکانی بەباشی وەدیار کەوتوون و پێگەکانی دەوڵەت بوونی تەواو بووە، لە ڕووی داراییەوە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین حکومەتەکانی دونیا و خاوەنی سوپای تایبەت بە خۆیەتی (حەشدی شەعبی) کە بە فتوای مەرجەعییەت دروست کراوە و پاشان لە پەڕلەمانی عێراق یاسای بۆ دەرچووە و بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە کە بەگوێرەی میدیاکان دوو بە قەدەر بودجەی سوپای فه‌رمیی عێراق دەبێت.
هەرێمی پیرۆز لە لایەن "سەید عەلی سیستانی" مەرجەعی گەورەی شیعەکانی عێراق کە بە ڕه‌چه‌ڵه‌ک کەسێکی ئێرانییە بەڕێوە دەبردێت، هاوشان لەگەڵ سەید عەلی سیستانی نوێنەری تایبەتی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هەیە، کە ناوی "سەید موجتەبا حوسەینی"یە و یەکێکە لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی خامەنەئی و یەکێک بووە لە موریدە دڵسۆزەکانی ڕابەری کۆچکردووی شیعە ئیمام خومەینی کە سەید عەلی سیستانی هەموو بڕیار و فتوایەکان بە ڕاوێژکردن لەگەڵ سەید مەجتەبا حوسەینی دەردەکا و بیرۆکەی هەرێمی پیرۆز و دروستکردنی حەشدی شەعبی دەڵێن لە ڕێگای ئەوەوە بۆ مەرجەعییەت پێشنیار کراوە.
بەستنەوەی شیعەکانی هەموو دونیا بە هەرێمی پیرۆز یەکخستنەوەی تواناکانی شیعەیە کە لە خاکی پیرۆزدا ساڵانە بە ملیۆنانیان لە نەجەف و کەربەلا گیرفانەکانیان خاڵی دەکەن و منداڵەکانیان بە دڵسۆزی بۆ مەرجەعییەت پەروەردە دەکەن، پەروەردەیێک کە لە پەروەردەی هەزار و چوارسەت ساڵی ڕابردوو جیاواز بێت، ئەو جارەیان پەروەردەی خۆپاراستن نا، بەڵکو پەروەردەی هێرش و دەسەڵات و حوکمکردنی ئەوانەی دیکە بێت، بۆیەشە دەبینین ساڵ دوای ساڵ هێزی شیعە بەشێوەیەک زیادی کردووە، تا ڕاددەی تەواوکردنی هیلالی شیعی کە لە یەمەنەوە تا لوبنان و سەر ئاوەکانی دەریای سپی درێژ بۆتەوە کە سەرچاوەی ئەو هێزە بەشێکی بۆ هەرێمی پیرۆز دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی توانای ماددی و مەعنەوییە بۆ گرووپە چەکدارەکانی شیعە بە پانتایی هیلالەکە.

ئەمریکا و پڕۆژەی هەرێمی پیرۆز(7)

لە ساڵی 1983 کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەی بێڕنارد لویسی پەسەند کرد کە رۆژهەڵاتناسێکی بەناوبانگ و کاریگەری ئینگلیزیە و بەناوبانگترین و زاناترین و کاریگەرترین رۆژهەڵاتناسە لە سەدەی بیستەمدا، پڕۆژەکەی کە لە کۆنگرێس پەسند کرا، بە ڕێکەوتننامەی "بێڕنارد لویس" ناسراوه‌ و باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتانەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکا، کە دواتر لە شێوەی 30 دەولەتۆکە (دویله‌) لە سەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی دابمەزرێن. پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە کە لە ساڵی 2008 کۆندە لیزا ڕایس (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆرج بۆشی کوڕ) رایگەیاند، هەمان ئامانج و ڕێکاری ڕێکەوتننامەکەی بێڕنارد لویسی هەیە.
(ئەو پڕۆژەیەی لویس لە سەرداوای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 1980 ئامادەکراوە، دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو سنوورانەی "سایکس پیکۆ" کێشاویانە.)
ئەو پڕۆژەیە که‌ لێکهەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و نەهێشتنی ژمارەیەکیانی تێدایە، هەروەها دابەشکردنی وڵاتانی دیکە بەسەر پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان له‌خۆ ده‌گرێت، ئێرانی هانداوە کە زووتر وەخۆی رابگا و دەستی خۆی بەر لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بوەشێنێ، چونکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە دەستکاری سنوورەکانی سایکس پیکۆ دەکرێ.
دامەزراندنی سوپایەکی گەورە و فرە ڕەنگ و نەتەوە، بەڵام لە ژێر هەژموونی زۆرینەی شیعە ئامانجە مەزنەکەیە کە ئەرکێکی ئایینی و پێویستە بەبێ پێکهێنانی ئەو ئامانجە ئامادەکارییەکان تەواو نابن بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی.
لە هەندێک شوێن و وەک پێویستییەک تەجاوزی مەسەلەی مەزهەبیی شیعە و تەنانەت ئیسلامی کراوە، کەڵک لە لایەنە سوننییەکانی وەرگیراوە، وەک بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین، کۆمەڵی ئیسلامی کورستان، بزووتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان و... هتد. کەڵکی لە ڕێکخراوە نائیسلامییەکان وەرگرتووە، وەک ڕێکخراوەکانی خاوەن ئایدیۆلۆژیی چەپ و ماڕکسی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایینی ئیسلامیش هەولی بۆ کۆکردنەوەی هێز داوە، وەک دامەزراندنی میلیشیا مەسیحییەکانی لە دەشتی نەینەوا و میلیشیا ئێزدییەکان لە دەڤەری شنگال کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ خزمەتکردنی ئامانجە مەزنەکەی کە دەستگرتنە بەسەر هەموو ناوچەکە، هه‌موو ئه‌وانه‌ش تەنیا بەشێکن لەو میکانیزمەی ئێران پەیڕەوی دەکات.
ئێران بە درێژایی مێژوو توانیویەتی کەڵک لە وێکچوونەکان و جیاوازییەکانی هەمەڕەنگیی کولتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مۆزایکی نەتەوەیی و ئایینی لەو ناوچەیە وەربگرێ، بۆ ئێران گرینگ سەرکەوتنی پڕۆژەکەیەتی و گەیشتن بە ئامانجە، بۆ ئەوەش نە پرسی نەتەوەیی کردۆتە کێشە و نە پرسی ئایینی.
هۆلیود لە ساڵی 2006 هەندێک ڕاستی دەربارەی ئێران و ئامانجە سیاسییەکانی ئاشکرا کرد، کاتێک فیلمی (300)ی بەرهەمهێنا، ئەو فیلمە باسی شەڕی تەرمۆبێل (دەرگا گەرمەکان) دەکات، کە لە ساڵی 480ی پێش زایین ڕوویداوە لە نێوان پادشای ئەسپارتە و سێ سەت (300) لە جەنگاوەرانی لە بەرامبەر پادشای فارس (پێرژیان) زیراکسس بەخۆی و سوپایەکی زەبەلاح و لە هەژمار نەهاتوو، لەو فیلمە دوو خاڵی گرینگ باس کراون، یەکەمیان: ئامانجی ئێران بۆ گەیشتن بە ئاوه‌ گەرمەکان (دەریای سپی ناوەڕاست) کە بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێ، هەروەها گەیشتنیەتی بە سنوورەکانی ئەوروپا کە چیتر ناتوانێ بەبێ ڕەزامەندیی ئێران لەو ناوچەیە دەسەڵاتیان هەبێت. خاڵی دووەم: وەک لە کۆتایی فیلمەکە نیشان دەدرێ و لە کۆبوونەوە و بەشداریی هەموو گریکەکان لە شەڕی کۆتایی کە بە سەر سوپای فارس دەکەون و دوای ئەو شەڕە یەکەمین ئەزموونی دیموکراتی لە مێژووی مرۆڤایەتی دروست دەبێت، وەک لە سەرچاوە مێژووییەکان باسکراوە.
ئەو فیلمە حەقیقەتی ململانێی نێوان ئێران و رۆژئاوا نیشان دەدا، کە ئێران ئەوان بە بێگانە دادەنێ لەو ناوچەیە کە پێویستە پاشەکشەی لێ بکەن، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چۆن ئێران بە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن، بە هەمان شێوە باوەڕیان وایە بە سەرکەوتنی ئێران لەو ناوچەیە دیموکراسییەت شکست دەهێنێ، کە ئەوان هەوڵدەدەن وەک سیستەمی ژیان و حوکمڕانی لەو ناوچەیەدا بیچەسپێنن.
ئێران کە ئیستا دەستی بە ئاوە گەرمەکان گەیشتووە و خەریکە بە تەواوی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکات، بۆیە ئەمریکا کێڕڤی ڕووبەڕووبوونەوەی لە هەڵکشاندایە تا ڕاددەی ڕووبەڕووبوونەوە وەک ئەوەی لە یەمەن ڕوودەدا که‌ سعودیە و وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە جیاتی ئەمریکا لە دژی حوسییەکانی سەر بە ئێران شەڕ دەکەن، لە سووریاش ئیسڕائیل دەستی کردووە بە بۆردومانکردنی هێزی سەربازیی ئێران و سووریا، لە عێراقیش ئەمریکا بە هەموو هێزیەوە کار بۆ ئەوە دەکات، باڵادەستیی ئێران کەم بکاتەوە و حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە کە بە درێژکراوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دادەنێ.
ئەوە ستراتیژیەتی ئەمریکایە لەو ناوچەیە کە دۆنالد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی بەڵێنی بڕینی دەست و کلکەکانی ئێرانی لە ناوچەکە بە خەڵکی ئەمریکا دەدا.. بەڵام ئایا ئەمریکا لەو ستراتیژییەیدا سەرکەوتوو دەبێ؟ ئەزموونی پازدە ساڵی ڕابردوو ئەوەی نیشانداوە کە ئێران لایەنی سەرکەوتووە و ساڵ بە ساڵیش بەهێزتر دەردەکەوێ و دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا زیاتر هه‌ڵدەکشێ، هەروەها ئەمریکای خستۆتە بەردەم هەڵوێستێکی نەخوازراو تا ڕاددەی نەبوونی شیان و توانا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، کە ئێستا بە ڕوونی دیارە لە فەشەلهێنانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بێڕنارد لویس لە سێ قۆناغی لە یەکتر جیاوازدا، لە هەشتاکانی سەدەی بیستەم کە ئێران بەهۆی شەڕی ئێران عێراق هەروەها هاوکاری و پاڵپشتی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لە عێراق، نەدەکرا پڕۆژەکە بخرێتە واری کردارەوە، چونکە پشێوی دروست دەکرد و وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە خەرجی شەڕیان لە سەر بوو، قبووڵیان نەدەکرد وڵاتەکانیان هەڵبوەشێتەوە.
لە دوای ڕوودای یازدەی سپتەمبەر ئەو پڕۆژەیە لە ژێر ناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە جارێکی دیکە گەڕایەوە ناو کارنامەی کۆشکی سپی، بەڵام شەڕی ئەفغانستان و زیادبوونی مەترسییەکانی ئێران جارێکی دیکە پاشەکشەی بەو پڕۆژەیە کردەوە.. ئێستاش کە باسی کۆتاییهاتنی تەمەنی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ و سەرلەنوێ کێشانەوەی نه‌خشه‌ی سنوورەکان دەکرێ، جارێکی دیکە مەترسییەکانی ئێران ئامادەییان هەیە لەوەی دەستکاری سنووری هەر وڵاتێک بکرێ، ئێران لە بەرژەوەندیی خۆی ئیستیفادەی لێ بکاتك وەک هەموو ئەو ڕووداوانەی تا ئێستا ڕوویانداوە و ئێران تێیاندا براوەی یەکەم بووه‌، هەر لە یەمەنەوە بگرە تا لێکترازاندنی وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی عێراق و هێشتنەوەی ڕژێمی بەشار لە سووریا و بەهێزتربوونی حیزبوڵای لوبنانی کە لە دوایین هەڵبژاردن، زۆرینەی کورسییەکانی پەڕلەمانی لوبنانی بردەوە لە بەرامبەردا بەرەی سعودیا-ئەمریکا پاشەکشێیان پێ کرا.

ئاینده‌ی هەرێمی پیرۆز (8)

ئایندەی ئەو هەرێمە بە دوو فاکتەر گرێدراوە، فاکتەری ناوخۆیی و فاکتەری دەرەکی کە لە دەرئەنجامدا هەردووکیان تەواوکەری یەکترن و هێز لە یەکتر وەردەگرن.
لە ناوخۆدا هەرێمی پیرۆز ڕووەو بەهێزبوون هەنگاو دەنێ، لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوان کە لە به‌سره‌وە تا کەرکووک و خانەقین لە باکووری رۆژهەڵات درێژدەبێتەوە، لە باکووری رۆژئاواش تا تەلەعفەر ئەوەش بەهۆی هەبوونی مەزار و شوێنی پیرۆزی شیعە کە وەک تۆڕێکی مەحکەم لە ڕێگای هەر سێ عەتەبەکانەوە بە نەجەفەوە گرێدراون.
ئەو مەزارانە باشترین ڕێگا و هۆکار بوون کە هێزە شیعەکان لە ڕێگایانەوە کاریان لە سەر گۆڕینی دیموگرافیا کردووە، هەروەها باشترین بەهانەش بووە بۆ دروستکردنی هێزی چەکدار لە هەموو ئەو ناوچانەدا، بەتایبەتی ناوچە تێکەڵەکان کە هێدی هێدی لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلاییان دەکەنەوە، بە شێوەیەک پێکهاتەکانی دیکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە سەر نەخشە و بڕیاری سیاسی نەبێت.
بڕیاری سیاسی و نەخشەی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2005 ەوە بە تەواوی بە ناوەندی ئەو هەرێمەوە گرێدراوە کە مەرجەعییەتی باڵای شیعەیە، بەڵام دوای بەهێزتربوونی پێگەی شیعە کە لە دوای ساڵی 2009 بە تەواوی بەدیارکەوت، هیچ پرسێکی گرینگی سیاسی نەبووە لە نەجەف بڕیاری لێ نەدرابێ، لە دانانی سەرۆک وەزیرانەوە تا هەموارکردنەوەی یاساکان، تەنانەت بڕیاردان لەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دروستن یان نا.
هەروەها ستراتیژیەتی هەرێمی پیرۆز لە باڵادەستبوونی شیعە و گۆڕینی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن زۆرینەوە سەرکەوتوو بووە، لە دوای ڕووخانی سەدام ململانێ لە نێوان کورد و سوننە و شیعە بوو، ئێستا ململانێ لە نێوان لایەنە شیعەکان کۆبۆتەوە و سوننە و کورد لە بەردەم هەڵبژاردنی باشترینی ئەو دوولایەنە شیعەیه‌ن کە لە گوفتار هەندێک جار جیاوازن، بەڵام لە کردار لە سەر هەمان ڕێگان.
فاکتەری دەرەکی کە پەیوەندییەکی تەواوکاری هەیە لەگەڵ ئەو ناوەندە پیرۆزە کە هەردووکیان هێز لە یەکتری وەردەگرن بە شێوەیەک بەهێزبوونی هەر یەکێکیان ئەوەی دیکە بە‌هێزدەکات، یەکەمین هێزی چەکداری کە لە هەرێمی پیرۆز دروست بوو، کاریان ته‌نیا پاریزگاریکردن نه‌بوو لە مەزارە پیرۆزەکان، بگره‌ یەکەمین ئەرکیان لە دەرەوە بوو، کە چوونە پاڵ سوپای سووریا و سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی لە سووریا، لەگەڵ سەرکەوتنی سوپای پاسداران لە هێشتنەوەی رژێمی بەشار و گواستنەوەی شەڕ بۆ بەردەرگای سعودیە و پاشەکشێ پێکردنی تورکیا لە سووریا لە رێگای شکست پێهێنانی پڕۆسەی ئاشتی له‌ نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و بەهێزترکردنی حیزبوڵای لوبنانی وەک بڕیاردەری یەکلاکەرەوە لە لوبنان و هێزێکی ئامادە لە نزیک لە دەروازەکانی قودس، ناوەندی بڕیاری هەرێمی پیرۆز لە عێراق بەهێزتر وەدیارکەوت، تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا کورد و سوننەش ناچارن وەک مەرجەعییەت مامەڵەی لەگەڵ بکەن و داوای هاوکاری و پاڵپشتی لێ بکەن لە چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.

دوایین گرەو (9)

ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بڕوایان وایە دەتوانن ناوماڵی شیعە دابەش دوو بکەن، یەکێکیان بەرەو دژایەتیکردنی ئێران ئاراستە بکەن، لە بەرامبەردا ئەوانیش پاڵپشتی ئەو لایەنە بکەن کە دەسەڵات وەربگرن، بەر لە هەڵبژاردن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە بەتایبەتی سعودیە بە هەموو توانایانەوە کاریان کرد حەیدەر ئەلعەبادی و لیستەکەی (النصر) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ببێتە لیستی یەکەم و زۆرترین کورسی بباتەوە، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوون و بووە لیستی سێیەم بە جیاوازیەکی زۆر لەگەڵ لیستی یەکەم کە موقتەدا ئەلسەدر سەرۆکایەتی دەکات و ئەگەر بە قسە لە ئێرانەوە دوور بێ، ئەوە بە کردار دوژمنی ئەمریکایە و لە ساڵی 2006 و 2007 بە دەیان سەربازی ئەمریکایی بە دەستی چەکدارانی میلیشیاکەی کە ناوی سوپای مەهدی (جیش المهدی) بوو، کوژران، هەروەها بە جیاوازییەکی تۆزێک کەمتر لە دوای لیستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (الفتح) دێ کە هادی ئەلعامڕی سەرۆکایەتی دەکا، کە سەرکردەی ڕێکخراوی بەدرە، کە بەشێکە لە سوپای قودسی ژێر فەرماندەیی ژەنەڕال قاسم سولەیمانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگای سعودیاوە کە پەیوەندیی باشی لەگەڵ موقتەدا سەدر هەیە، هه‌وڵی ڕاکێشانی بۆلای خۆیان ده‌ده‌ن بە ناوی عڕوبە و پاراستنی سەروەری و شکۆی عێراق، که‌ ئه‌وه‌ هەوڵێکی نەزۆکە و گرەوێکی دۆڕاوە، پێشتریش هەمان ئەزموونیان لەگەڵ نوری ئەلمالیکی هەبوو، کاتێک پەلاماری سوپای مەهدی و سەدرییەکانی دا لە ڕێازی پایتەختی سعودیا و لە کۆشکی سپی وەک پاڵەوانی عەرەب پێشوازی کرا، بەڵام دواتر دەرکەوت کە موجاهیدێکی دڵسۆزی وەلی ئەلفەقیهە و هەموو هەوڵ و کارێکی لە پێناو سەرخستنی کارنامەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. ئەمریکا کە تێگەیشت هیچ هێز و کەسایەتییەکی شیعە نییە بتوانێ لە دەرەوەی ماڵی شیعە بزاڤ بکات، ئەو کات تێدەگات کە جیاوازیی نێوان سەرکردە شیعەکان تەنیا جیاوازیی ناو و پاشناوەکانیانە.
سەدر کە داگیرکاری عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت کردەوە، نەچووە مەککە و ببێتە خزمەتکاری کەعبە، بەڵکو چووە قوم و ئیڕادە و عەقل و ئایندەی خۆی رادەستی ئەو ڕێبازە کرد، کە باوەڕی پێی هەیە، بۆیە ئەگەر جیاوازییەکیشی لەگەڵ ئەوانەی دیکە هەبێت، ئەوە جیاوازی لە تەکتیک و وردەکارییە، نەک لە ستراتیژ و ناونیشانە سەرەکییەکان.
یەکگرتوویی شیعە و یەکخستنی توانا سەربازی و دارایی و مەعنەوییەکانیان بەشێکە لە دینداری و خواپەرستی، بەشێکە لە عەقیدە کە بەهیچ شێوەیەک دەرفەتی گۆڕین، یان تەنانەت جیاواز تەفسیرکردنی نییە، چونکە ئەو عەقیدەیە کە تەمەنی لە هەزار و چوار سەت ساڵ زیاترە، زیاتر لە هەزار ساڵیشە لەلایەن دامەزراوەیەکی عەقایدی فکری ڕابەرایەتی دەکرێ، کە بە عەقڵێکی ستراتیژی و دووربین کاریان بۆ داڕشتن و ڕێکخستنیان کردووە، بەشێوەیەک هەموو وردەکارییەکانی ژیانی دونیاییان تێکەڵ بە ئەرکە ئایینی و عەقائیدییەکان کردووە، کە بەهیچ شێوەیەک تاکی شیعە دەرفەتی بۆ نەماوەتە لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بزاڤ بکات.
مەرجەعە باڵاکانی شیعە کە پێگەکەیان لە باوکەوە بۆ کوڕ گواستراوەتەوە تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە، واتا ئەو عەقیدەیە بەرهەمی پیاوچاکان و کەسانی پیرۆزە کە لە ڕێگەیانەوە توانیویانە سەرکردایەتی ئەو خەڵکە بۆ کوڕ و نەوەکانیان بگوازنەوە، بۆیە نەوەی ئێستاشیان درێژکراوەی هەمان باوەڕ و خواستی بەردەوامی هێشتنەوەی دەسەڵاتن لە دەستی خۆیان کە ئەوەش بە کارکردن بۆ سەرخستنی ئەو پەیام و ئەرکە پیرۆزە بەستراوەتەوە کە کارکردن و ئامادەکارییە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی کە دواهەنگاوی شیعەیە بۆ کۆنتڕۆڵکرنی هەموو دونیا و بەرقەراکردنی ئاشتی و ژیانێکی عادیلانە بۆ هەمووان وەک لە کتێبەکانیان باسی دەکەن.

سەرچاوەکان:

- تەفسیری تەبەڕی(تفسیر الگبری من كتابه جامع البیان عن تأویل ێی القرێن)تەفسیری ئایەتی ژمارە ٧ لە سورەتی (بونیە).
- كتاب المقدمه‌ ،محمد بن ماجه‌ فی سننه، الأحادیپ 120 و126 
- كتاب المناقب،الترمژی بروایات مختلفه‌ فی سننه، الأحادیپ 3724 و3730 و،3731 
- الجامع المسند الصحیح المختصر من أُمور رسول الله صلى الله علیه وسلّم وسننه وأیامه( صحیح البخاری)
- السید محمد باقر الصدر،موسوعه‌ الامام مهدی
- شیخ علی الكورانی ، المعجم الموچوعی لأحادیپ الإمام المهدی و السیره‌ النبویه‌ عند أهل البیت.
- گوتارە ڤیدیۆییەکانی شێخ عەلی ئەلکورانی 
- قانون اداره‌ العتبات المقدسه‌ والمزارات الشیعیه‌ الشریفه‌ رقم 19 لسنه‌ 2005
- مشروع برنارد لویس (31 مایو 1916 - 19 مایو 2018)
- نەجەف پایتەختی شاراوە، ئاسۆ حاجی - ماڵپەڕی وشە 21/08/2017
- پڕۆژەی هەرێمی پیرۆز، ئێران لە عێراق ڤاتیکانی دەوێ، یان مەککە؟ ئاسۆ حاجی - ماڵپەڕی NRT، 12/10/2017







 

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ