Erbil 20°C شەممە 23 تشرینی دووەم 12:13

بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە ناوچەكانی ماددەی 140 درا

کوردستان TV
100%

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەمەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر شێوازی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە ناوچەكانی ماددەی 140ی درا.

ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە ناوچەكانی ماددەی 140ی درا، بەشێوەیەك كە دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە ئەنجامەكەی رانەگەیەنرێ، تا لیژنەیەكی تایبەت لێكۆڵینەوە لە سەرژمێرییەكە دەكات.

لیژنەكە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكات كە ناویان لە سەرژمێرییەكە تۆماركراوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەن یاخود خەڵكی هاوردە.

لیژنەكە هەروەها بەراوردی ناوەكان لەگەڵ سەرژمێری گشتی ساڵی 1957 دەكات تا دڵنیا بێتەوە ئەوانەی تۆماركراون دانیشتووی ئەو كاتی ناوچەكە بوون یاخود دانیشتووی نوێن.

دوای ئەوەی لیژنەكە سەرجەم لێكۆڵینەوەكانی خۆی تەواو دەكات، ئینجا ئەنجامەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە ناوچەكانی ماددەی 140 رادەگەیەنێت.

بڕیارە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەڕێوەبچێت، وەك پێشتریش راگەیەنرابوو كە هەردوو رۆژەكە قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عێراق رادەگەیەنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.