ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی دروستبوونی شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە لە گوندێكی شارۆچكەی قەڵادزێ، كەسێك كوژرا و دوو برای دیكەشی بریندار بوون.
پۆلیسی راپەڕین لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: لە گوندی دووگۆمان سەر بە شارەدێی سەنگەسەر - شارۆچكەی قەڵادزێ بەهۆی کێشەیەکی کۆن، گرژی لەنێوان دوو بنەماڵە ڕووی دا کە ئامۆزای یەکترن.
کەسێک لە ناو شەڕەکە بە ئۆتۆمبێل سێ کەسی لایەنی بەرامبەری شێلاوە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەک بەناوی (ع . ٲ . ح) ڕەگەزی نێر لەدایکبووی ساڵی 1989 پیشەی کاسب، دانیشتووی گوندی دووگۆمان، گیانی لەدەستداوە و دووانی تریش بریندارن کە هەرسێکیان بران.
دوای ڕووداوەکە هێزەکانی پۆلیسی قەڵادزێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، بەهۆی سەختی برینەکەشیەوە یەکێک لە بریندارەکان بەڕێکراوە بۆ سلێمانی.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش دا كە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی ڕووداوەکە دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.