ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئه‌دیبی كاندیدكراو و پێشبینیكراوی وه‌ك (دۆن دیلیللۆ)ی ئه‌مه‌ریكی، (كان شیویه)ی چینی، (لازلۆ كراسناهۆركای) ی هه‌نگاری، (جیرالد مورنان)ی ئوسترالی، (هارۆكی موراكامی) ژاپۆنی، ئێواره‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی 10/10/2024 ئه‌كادیمیای سویدی بۆ زانست له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بڕیاریدا خه‌ڵاتی نۆبڵی بواری ئه‌ده‌بی، ئه‌م ساڵ به هان كانگی خانمه نووسه‌ری كۆریای باشوور ببه‌خشرێ، به‌وه‌ش بوو به‌یه‌كه‌م خانمه نووسه‌ری كیشوه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ئاسیا له‌مێژوودا ئه‌و خه‌ڵاته‌ی به‌ركه‌وتبێت. هه‌روه‌ها بووه هه‌ژده‌مین ژن، له‌كۆی 121 براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه. لێژنه‌ی به‌خشینی نۆبڵ هۆكاری ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه. بەهۆی پەخشانە شیعرییە چڕ‌و پڕەكانی ڕووبەڕووی زه‌بری مێژوویی بۆته‌وه و به‌شێوه‌ی سهرنجراكێشانهش لاوازییەكانی ژیانی مرۆڤی خستۆته‌ڕوو. ماتس مالمی سكرتێری هه‌میشه‌یی ئه‌كادیمیای سوێدیش وتی: "هان كانگ به‌جۆرێكی بێهاوتا هۆشیاره له به‌ستنه‌وه‌ی جه‌سته و گیان، هه‌روه‌ها زیندوو مردوو له‌ناو ئه‌ده‌بدا، به‌هۆی ستایله شیعراوییه ئهزمونداریهكهشی به‌كه‌سێكی داهێنه‌ر له‌بواری په‌خشانی هاوچه‌رخ داده‌نرێت".
هان كانگ Han Kang رۆژی 27ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1970 له‌شاری گوانگوای هاته دنیا. خێزانەکەی بەهۆی پێشینەی ئەدەبی ناوبانگی دەرکردبوو. هان سیونگ وۆنی باوكی، نووسه‌ر و رۆماننووسێكی ناوداره، هان دۆنگ ریمی برا گه‌وره‌شی رۆماننووسه، هان کانگ ئین برا بچووکهكهشی ڕۆماننووس و کاریکاتێریستە. دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كانگ گه‌یشته نۆ ساڵ به‌خێزانه‌وه بۆ شاری سیئۆلی پایته‌خت باریان كرد و له‌وێدا نیشته‌جێ بوون. باوکی بە پیشەی نووسین بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌ی کێشەی زۆری هەبوو، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر خێزانەکەی جێهێشتبوو. دوای ته‌واوكردنی خوێندنی دواناوه‌ندی كانگ چووه زانكۆی یونسی و له‌وێدا ئادابی كۆری خوێند. ئه‌مه‌و له‌ته‌ك خوێندنه‌وه هۆگری هونه‌ر و میوزیكیش بوو كه دواتر ئه‌وانه له تێكڕای به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیدا ره‌نگیانداوه.
سه‌ره‌تای كاروانی ئه‌ده‌بی بۆ ساڵی 1993 ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك پێنج شیعری له گۆڤاری (ئاداب و كۆمه‌لگه)ی وه‌رزی بڵاوكرده‌وه. له‌وانه (زستانی سیئۆل). ساڵی دواتر كورته چیرۆكی (له‌نگه‌ری سوور The Scarlet Anchor) ی بڵاوكرده‌وه و به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی پێشبڕكێی (سیئۆل شینمونی ئه‌ده‌بی به‌هاری) پێبه‌خشرا كه تایبه‌ته بهنووسهره لاوه‌كان. ساڵی 1995 كۆ چیرۆكه (خۆشەویستی لەیۆسو Love in Yeosu) ی بڵاوكرده‌وه. به‌گشتی له‌و به‌رهه‌مه‌یدا خۆشه‌ویستی له‌شاری یۆسوی رازاوه‌ی كه‌نار ده‌ریا خستۆته به‌ردیده و به‌شێوه‌یه‌كی شاعیریانهش ئاماژه‌ی بهیادهوهرییهكانی ساڵانی بیسته‌كانی ته‌مه‌نی كردووه. ئه‌مه‌و به‌زمانی شیعریش ئازاره‌كانی مرۆڤی لهچوارچیوه گرتووه ئه‌وانه‌ی كه ته‌نیا له‌كاتی كهنكهڵانی بێئومێدی پێیده‌گه‌ن. به‌وه‌ش سه‌رنجی ره‌خنه‌گرانی راكێشا و كه یه‌كێكیان به (بچووكترین نووسه‌ری كلاسیكی له‌سه‌رده‌می ئێمه) ی وه‌سف كرد.
ساڵی 1998 لەپرۆگرامی نووسینی نێودەوڵەتی زانکۆی ئایۆوای ئه‌مه‌ریكی ناوی تۆماركرد. هاوكات رۆمانی (ئاسکی ڕەش Black deer) ی بڵاوكرده‌وه. تێیدا چۆته ناو چیرۆكێكی چینی كۆن له‌باره‌ی گیاندارێكی ئه‌فسانه‌یی كه ئاسكی ره‌شه و له‌قوڵایی زه‌ویدا ده‌ژیه‌ت و خه‌ون به‌وه ده‌بینێ سه‌ركه‌وێت و بگاته سه‌ر رووی زه‌وی و تیشكی خۆر ببینێ، به‌ڵام كاتێك به‌و ئاواته‌ی ده‌گات و دوای به‌ركه‌وتنی به‌تیشكی خۆر، یه‌كسه‌ر ده‌توێته‌وه. ره‌خنه‌گران ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان به كارێكی ریالیزمییانهی مه‌زنه دانا به‌و پێیه‌ی به‌گێڕانه‌وه‌ی ورده‌كاری زۆر و داڕێژتنی پاراوانه و دابڕانی بێ پاساو، رووبه‌ری گیانی سه‌رده‌م بۆته‌وه. ساڵی دواتر خه‌ڵاتی (خەڵاتی ڕۆمانی کۆری بۆ بابی بودا) و ساڵی 2000 خه‌ڵاتی (خەڵاتی هونەرمەندی گەنجی ئەمڕۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری کۆریا) پێبه‌خشرا. ئه‌مه‌و كورته چیرۆكی (میوەی ژنەکەم My woman's fruits) و ساڵی 2002 رۆمانی (دەستە ساردەکانت Your cold hands) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌یدا زۆر گرنگی به‌هونه‌ر داوه و ئازاره‌كان ژیان و بوونیشی خستۆتهڕووو. له‌باره‌ی ده‌ستنووسی په‌یكه‌رتاشێكی نه‌ناسراوه كه شه‌یدایانه جه‌سته‌ی ئافره‌ت له‌چوارچیوه‌ی گهجییه ده‌ئاخنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئایكۆنی له‌و جۆره‌ی لێبه‌رهه‌م بهێنێ. هاوكات چیڕۆكه‌كانی (ناوم گوڵەبەڕۆژەیە My name is Sunflower) و (چیرۆکی گوڵی سوور The red flower story) و ساڵی دواتریش كتێبی (عەشق و شتەکانی دەورووبەری خۆشەویستی Love and things surrounding love) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 2005 خه‌ڵاتی (خەڵاتی ئەدەبی یی سانگ بۆ مارکی مەنگۆلی) پێبه‌خشرا.
ساڵی 2007 چیرۆكی (پەری بچووکی ڕەشەبا Thunder little fairy, lightning little fairy) و كتێبی (گۆرانییەک بۆ گۆرانی وتن بەئارامی A song to sing calmly) کە ئەلبوومێکی مۆسیقای لەگەڵدا بوو بڵاوكرده‌وه. ئه‌مه‌و له‌ژێر كاریگه‌ری دێڕه شیعرێكی شاعیری مۆدێرنیستی کۆری (یی سانگ بوو) كه تێیدا هاتووه {من باوەڕم وایە مرۆڤەکان دەبێ ڕووەک بن}، رۆمانی (ڕووهكی The vegetarian) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و كاره‌ی سێ به‌شییه. له‌باره‌ی ئه‌و چاره‌نووسه سه‌خته‌یه كه خانمێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕیار ده‌دات چیتر گۆشت نه‌خوات و ببێته ڕووهكی دووچاری ده‌بێت. كه به‌هۆیه‌وه ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی دووچاری ته‌نگژه‌ی زۆری ده‌كه‌ن گوایه لهنهریتهكانی كۆمه‌ڵگه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه تا له‌كۆتایدا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی ده‌به‌ن. لێره‌دا ئافره‌ته‌كه سیمبوڵی ئازادی بڕیاردان و ئازادی ره‌تكردنه‌وه‌ی گهردهنكهچبوونه بۆ پێوه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه. نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشانه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه چۆن خانمه‌كه ئیستیغلال ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌لایان مێردی خوشكی كه هونه‌رمه‌نده و ده‌یه‌وێت جه‌سته‌ی ئه‌و له‌كاره هونه‌رییه‌كانیدا وه‌ك ئامراز به‌كاربهێنێ. ئه‌ویان له‌شوێن ئه‌وه‌ی وه‌ك مرۆڤێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات كه رووبه‌رووی قه‌یرانه‌كان بۆته‌وه، كه‌چی ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌كانیدا زاڵ بێت و ده‌سته‌مۆی بكات. رۆمانه‌كه دوای وه‌رگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی له‌جیهان ده‌نگیداوه. به‌هۆیه‌وه له‌ساڵی 2016 خه‌ڵاتی (مان بوكه‌ر) ی نێوده‌وڵه‌تی پێبه‌خشرا. به‌وه‌ش ده‌روازه‌ی جیهانی و دانپێدانان له‌ناوه‌نده جیهانییه‌كان زیاتر بۆ كانگ خرا سه‌رپشت. ئه‌وسا لێژنه‌ی به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته ئاماژه‌ی به‌وه‌دا {خاتوو هان كانگ زۆر لێهاتووه لهبهیهكهوه لكاندنی ئیستاتیكا و ترس له‌ناو چیرۆكێكی خه‌ست و ورد و جوان}. هه‌روه‌ها رۆمانه‌كه لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی پێداچوونەوەی کتێبی نیویۆرک تایمز، وەک یەکێک لە 10 له‌باشترین کتێبه‌كانی ساڵی 2016 دیاریكرا. دواتریش له‌ساڵی 2019 خه‌ڵاتی (خەڵاتی ئەدەبی سان کلیمێنت) ی پێبه‌خشرا. شایه‌نی باسی ساڵی 2009 ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه كرا فیلم و (لیم وو سیونگ) ی ده‌رهێنه‌ری كۆری ده‌ریهێنا.
ساڵی 2008 چیرۆكی (سندوقی فرمێسک Tear box) و ساڵی 2010 رۆمانی (با هه‌ڵیكرد، بڕۆ The wind blows, go) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و رۆمانه له‌باره‌ی مردنی ژنه نیگاركێشێكه له‌بارودۆخێكی نادیار. دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، ماوه‌یه‌ك له‌نێوان مردن و ژیاندا به‌سه‌ر ده‌بات. كه‌واته ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتییه له‌ماهیه‌تی ژیان و تێگه‌یشتنی له‌دیدی كه‌سانی دیكه و گه‌ڕان به‌ناو ناخی مرۆڤ و یادگارییه‌كان و توانستی رووبیهرووبوونهوه. به‌هۆی ئه‌و كاره‌شی خه‌ڵاتی (خەڵاتی ئەدەبی دۆنگری) پێبه‌خشرا. ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كرا فیلم و لیم وو سیونگ ده‌ریهێنا.
ساڵی دواتر رۆمانی (وانە یۆنانییه‌كان Greek lessons) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌یاندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو یاده‌وه‌ریه‌كانی ئه‌و ساتانه‌ی كه تازه چوبوونه شاری سیۆل. هاوشێوه‌ی رۆمانه‌كان دیكه‌شی گرنگی به‌پێوه‌ندی مرۆڤایه‌تی داوه، به‌ڵام به‌زمانێكی قوڵ و داڕیژتنی ورد. له‌نێوان دوو تاك كه له‌یه‌كتری جیاوازن و به‌ڵام له‌ئازاره‌كانی ناخدا هاوشێوه‌ن. چیرۆكی كچێكی كۆرییه كه به‌هۆی هێدمه‌یه‌كی ده‌روونی سه‌خت، توانستی قسه‌كردنی له‌ده‌ستداوه، له‌به‌رامبه‌ر مامۆستای زمانی یۆنانی كه ئه‌ویش بینایی له‌ده‌ستداوه. كه‌واته هه‌ردووكیان ئازاری ده‌روونی ده‌چێژن كه ره‌گه‌كه‌ی بۆ رابردوویان درێژده‌بێته‌وه. تا وه‌هایان لێدێت له ده‌ورووبه‌ر دووركه‌ونه‌وه و له كۆمه‌ڵگه داببڕێن. ساڵی 2012 كورته چیرۆكی (سەلامەندەری ئاگر Fire Salamander) ی بڵاوكرده‌وه.
ساڵی 2014 رۆمانی (کردەوەكانی مرۆڤ Human acts) ی بڵاوكرده‌وه. ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی تایبه‌ت به‌مرۆڤایه‌تییه. چیرۆكێكی زۆر كاریگه‌ر و ترسناكی خستۆته‌ڕوو، رووداوێكی مێژوویی تایبه‌ت به‌كۆمه‌ڵكوژی قوتابییان و كه‌سانی سڤیل كه سوپا ساڵی 1980 له‌كۆریا ئه‌نجامیدا و به‌هۆیه‌وه زیاتر له‌سه‌د كه‌س له‌وانه‌ی داوای دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤیان ده‌كرد كوژران. له‌و به‌رهه‌مه زۆر لێزانانه پرسه‌كانی ژیان و مردنی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه و ریشاڵی زیندو و مردو به‌ناویه‌كدا ده‌چن، به‌شێوه‌ی تایبه‌تیش گرێی رۆمانی دیاری كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌و هێدمانهش ده‌بینین كه چۆن كار له‌ناخی مرۆڤ ده‌كه‌ن. به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی (خەڵاتی ئەدەبی مانهای) و ساڵی دواتریش خه‌ڵاتی (هوانگ سەن خەڵاتی ئەدەبی) پێبه‌خشرا. ئه‌مه‌و به‌هۆی رۆمانه‌كه ساڵی 2017 خه‌ڵاتی (مالاپارتی ئیتاڵی) پێبه‌خشرا.
ساڵی 2017 رۆمانی (کتێبی سپی The White Book) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌یان تایبه‌ته به‌چیرۆكی مردنی خوشكه گه‌وره‌كه‌ی كه دوای دوو كاتژمێر له‌هاتنه دنیای مرد. تێیدا هان كانگ گه‌شتی بۆ رابردوو كردووه و هه‌موو شته‌كانی ناویشی به سپی بینیوه، ده‌رگاكان، به‌فر، خوێ، هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌ژێر ناونیشانه‌كانی (من) (ئه‌و)، (هه‌موو سپییه‌كان) داناوه. هه‌ر له‌و ساڵه بۆ ماوه‌یه‌ك لەپەیمانگای هونەری سیئۆل وانەی له‌باره‌ی نووسینی داهێنەرانە وته‌وه. ساڵی دواتر خه‌ڵاتی (خەڵاتی ئەدەبی کیم ی‌و-جیۆنگ) پێبه‌خشرا.
ساڵی 2021 رۆمانی (ئێمە جیانابینه‌وه We Do Not Part) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌شدا بۆ یادگاری و دیكۆمێته مێژووییه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و سۆزی مرۆڤانه و ڕاستگۆیی و ئازاره‌كانیشی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه. چیرۆکی نووسەرێک دەگێڕێتەوە کە لێکۆڵینەوە لەڕاپەڕینی جیجوی كۆتایی ساڵانی چله‌كان و کاریگەرییەکانی لەسەر بنەماڵەی هاوڕێکەی دەکات. (ئانسۆن) له‌نه‌خۆشخانه خه‌وێنراوه و داوا له (جیۆنگای) هاوڕێی ده‌كات بچێته ماڵه‌كه‌ی تاكو دان به باڵنده‌كه‌ی بدات. له‌وێدا سه‌دان دیكۆمێنت و نووسراوی مێژووی ده‌بینێ كه ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه ده‌سه‌لمێنن كه كۆریای باشوور له‌ناوه‌راستی سه‌ده‌ی رابردوو به‌خۆیه‌وه بینی و تێیدا زیاتر له 30 هه‌زار كه‌سی سڤیل كوژرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان كۆمونیست بوون. به‌و به‌رهه‌مه‌شی كانگ خه‌ڵاته‌كانی (Médicis étranger) و (ئیم‌یل گویمێت بۆ ئەدەبیاتی ئاسیا) ی پێبه‌خشرا.
هان كانگ بهنووسهرێكی پابه‌ند داده‌نرێت ماوه‌یه‌ك ناوی كه‌وته ناو لیستی ره‌ش كه ده‌یان هه‌زار كه‌سایه‌تی رۆشنبیری له كۆریای باشووری گرتبووه خۆ و تۆمهتباركرابوون به‌وه‌ی ره‌خنه‌یان له (بارك گن های) ی سه‌رۆكی ماوه‌ی 2013 – 2017 گرتبوو و ژماره‌یه‌ك ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتیشیان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبان بێبه‌ش بكه‌ن له‌هه‌ر پشتیوانێكی گشتی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیش كانگ خرابووه ژێر چاودێریش.
هان کانگ بەزمانی شاعیرانە لەسەر كێشە سه‌خت و گەورەكان دەنووسێت. ڕۆمانەکانی ناوازەن لەمامەڵەکردنی قووڵی بابەتەکانی پەیوەست بەزەبر و زەنگی دەروونی و توندوتیژی و بارودۆخی پارچە پارچەکراوی مرۆڤ، لە گەشتێکی گێڕانەوەدان کە لەنێوان کۆریای باشووری هاوچەرخ و مێژووە خوێناوییەکەیدا سوڕ ده‌خۆنه‌وه. سەرەڕای قووڵی مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسە هەستیار و وردەکانی بوونگەرایی و فەلسەفیدا. به‌شێوه‌یه‌كی دیكه زۆربه‌ی نووسینه‌كانیشی گێڕانه‌وه‌ی ئازاره‌كانی ناو رووداوه مێژووییه‌كانی وڵاتهكهیتی. زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ناویشیان ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆت ده‌ته‌وێت بژیت چ له‌ژیانت ده‌كه‌یت؟. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ناویان ژنن كه‌چی زۆربه‌یان له‌دیدگای پیاوانه‌وه ده‌ڕوانن. ئه‌و خەمی پۆلێن‌کردنی بەرهەمەکانی نییە بۆ مێژوویی یان کۆمەڵایەتی بەڵکو جه‌خت له‌وه ده‌كات كاره‌كته‌ره‌كان به‌به‌هێزی و سۆزه‌وه ده‌ربكه‌ون و گیانی مرۆڤ لهتهنگانهكانی ژیان ڕزگار بكه‌ن.
جێگه‌ی هان كانگ باسه لەگەڵ (هۆنگ یۆنگ هی) ی ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستا لەزانکۆی ئەلیکترۆنی کیونگ هی، هاوسەرگیری كردووه و کوڕێکی هەیە. به‌به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵانی نۆبڵیش سه‌رۆكی كۆریای باشوور دوای پیرۆزبایی كردن لهكانگ وتی :"ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنه له‌مێژووی ئه‌ده‌بی كۆری و بۆنه‌یه‌كی نیشتمانییشه و سه‌رتاسه‌ری وڵات پێی دڵخۆشن". به‌ڵام خاتوو هان كانگ بڕیاریدا به‌و بۆنه‌یه هیچ ئاهه‌نگێك نه‌گێڕێت، له‌به‌ر ئه‌وی جیهان ئێستا له‌ناو گێژاوی شه‌ڕدایه، شه‌ڕی ئۆكرانیا و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین.
هه‌روه‌ها وتی : "ئه‌كادیمیای سویدی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێنهبهخشیوم تاكو ئاهه‌نگ بگێڕم، به‌لكو بۆ ئه‌وه‌یه زیاتر هۆشیار بم". جێگه‌ی ئاماژه بۆ كردنه ساڵی 2000 كیم دای جۆنگی سه‌رۆكی كۆریای باشوور له‌ماوه‌ی نێوان 1998- 2003 به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو چه‌سپاندنی ئاشتی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور، خه‌ڵاتی نۆبڵی تایبه‌ت به‌ئاشتی پێ‌درابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.