كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە كە بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكان، لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستانیان گرتووە و دەڵێت، هەڵبژاردنەكە زۆر سەركەوتوو بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی 10ی2024، نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان زۆر سەركەوتوو بوو، لە كۆی شەش هەزار و 318 بنكەی دەنگدان، تەنیا لە 26یان كێشە هەبووە.
لەبارەی ئەو ڕەخنانەش كە لە زۆریی ژمارەی دەنگە پووچەڵەكان دەگیرێن، كۆمسیۆن ڕای گەیاند، بەراورد بە هەڵبژاردنەكەی 2021، ژمارەی دەنگە پووچەڵەكان ئاساییە، چونكە ژمارەی دەنگدەر زیادی كردووە.
ئاماژهی بهوهش دا، كە لە هەڵبژاردنەكەی 2021دا 197 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبووە، لەوەی پەرلەمانی كوردستانیش 208 هەزار بووە.
گوتیشی، ئەمڕۆ یان سبەی وێنەی هەموو كارتەكانی دەنگدان دەدەنەوە بە لیست و حزبەكان، لەگەڵ ئەو شریتەی ڕۆژی دەنگدان ڕادەستیان كراوە بۆ بەراوردكردنیان.
نەبەرد عومەر ڕاشیگهیاند، ئەو قسانەی دەكرێن یان ئەو كێشە و گرفتانەی هەن، ڕاست نین، چونكە ئێمە شەش هەزار و 318 وێستگەمان هەبووە لەو ژمارەیە تەنیا 26 وێستگە كێشەی هەبووە لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.