كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە رۆژانی هەینی و یەكشەممەی داهاتوو بێنە ئەنجامدان، رایگەیاند كە پڕۆسەكە نهێنییە و تەنانەت ئەوانیش نازانن دەنگدەر دەنگی بە كێ داوە.
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: پابەندین بە پارێزگاریكردن لە سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و نهێنی دەنگدانی دەنگدەران.
راشیگەیاند: پارێزگاریكردن لە پاراستنی نهێنی دەنگدان بە یەكێك لە پێوەرەكانی بێگەردی دادەنرێت، هەر بۆیە كۆمیسیۆنەكەمان لە پەیڕەو و رێكارە هونەرییەكانی بۆ رۆژی دەنگدان ئەمەی رەچاو كردووە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختیشی كردەوە كە "هیچ لایەنێك بە كۆمیسیۆنیشەوە ناتوانن بزانن كە بژاردەكانی دەنگدەران چین و بۆ كێ دەنگیانداوە".
بڕیارە دووسبەی هەینی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ رۆژی یەكشەممەش دەنگدانی گشتی لە سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.