وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پنتاگۆ" ڕایگەیاند کە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن فەرمانی دەرکردووە کە لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران لە ناوچەکە، ژێردەریایی ئارستەکردنی مووشەکی و گرووپی کەشتی فڕۆکەھەڵگر "USS Abraham Lincoln"، ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پات ڕایدەر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، لۆید ئۆستن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆواڤ گالانت قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، لۆید ئۆستن دووپاتی کردووەتەوە کە ئەمریکا ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ بەریگرییکردن لە ئیسرائیل، دەگرێتەبەر.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستم توانای ھێزەکانیان لە ناوچەکە پتەوتر دەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لۆید ئۆستن فەرمانی دەرکردووە ژێردەریایی ئارستەکردنی مووشەکی "USS Georgia" و گرووپی کەشتی فڕۆکەھەڵگر " USS Abraham Lincoln"، ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکرێن.
باسی لەوەش کردووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و ھەوڵەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئێران، حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە ناوچەکە، تاوتوێ کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: "ھەردوولا گفتوگۆیان کردووە لە گرنگی کەمکردنەوەی زیانەکانی ھاووڵاتییانی مەدەنی و بەدیھێنانی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان".
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بەر لەوەی ئێران ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، فڕۆکە و کەشتی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.