بەهۆى گیانلەدەستدانى کرێکارێک لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتى کار بە نووسراوێکى فەرمى کارەکانى پڕۆژەکەى ڕاگرت.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو کرێکارێك بەناوی (گۆران ئەکرەم) لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى سلێمانى، لە نهۆمى 40ى پڕۆژەکە کەوتەوە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەست دا.
دواى بەدواداچوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و بەڕێوەبەرایەتى کار/ سلێمانى، پاش سەردانکردنى پشکنەرى کار بۆ سەر پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتى کار بە نووسراوێك بەڕێوەبەرى پڕۆژەکەى ئاگادار کردۆتەوە بە ڕاگرتنى کارەکانیان.
لە نووسراوەکەدا پاڵپشت بە ڕاپۆرتى پشکنین هاتووە "پێویستە لە ماوەى سێ ڕۆژ سەرجەم کەموکوڕى و سەرپێچییەکان چارەسەر بکەن، دواى دووبارە پشکنین ئینجا دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، هاوکات دۆسیەى گیانلەدەستدانى کرێکارەکەش ڕەوانەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى وێڕاى سەرەخۆشی لە بنەماڵەى كرێكارە کۆچکردووەكە، داوای لە کرێکاران كرد لە کاتى بوونى هەر کەموکوڕى و سەرپێچییەک کە مەترسی بخاتە سەر ژیانى کرێکاران، پەیوەندییان پێوە بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.