ئەمڕۆ سێشەممە 16-7-2024، بە چاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی ڕێگە بۆ گوندەکانی (باغەمرە شەهاب،پیڕەش و خەتێ) داندرا.
گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە و لەلایەن سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان بەقەرزی بانکی نێودەوڵەتی و بەهەماهەنگی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ و پارێزگای هەولێر جێبەجێدەکرێت.
لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی پەرەپێدان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەزامەندی دراوە، لەسنووری پارێزگای هەولێر دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو پڕۆژانەی لە پێشوو جێبەجێکراون و لەداهاتوودا جێبەجێدەکرێن، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، رێگەوبان کۆڵەگە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانە و هەمیشە سەرۆکوەیران جەختی لەسەر دەکاتەوە.
گوتیشی، جەخت لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ دەوروبەری شاری هەولێر دەکەینەوە و ئاوڕی زۆرتری لێبدرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.