لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆڵێكی تری گەرما دەگاتە هەرێمی كوردستان و عێراق، شەپۆڵەكە تاقەت پڕوكێنە و لە هەندێ شوێن پلەكانی گەرما بۆ 52 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
شەپۆڵەكە هەرێمی كوردستان و تەواوی پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تاڕادەیەك كەشوهەوا و پلەكانی گەرما نزمبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیبوو.
بەگوێرەی نەخشەكانی كەشوهەوا، لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆڵەكە دەست پێ دەكات و لەو رۆژەدا پلەكانی گەرما لە پارێزگای بەغدا دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
رۆژی پێنجشەممە شەپۆڵە گەرماكە دەگاتە لووتكە و لە هەندێ پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەی گەرما لەنێوان 50 بۆ 52 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، بەتایبەت لە پارێزگاكانی بەسڕە، واسیت، میسان، زیقاڕ، دیوانییە و نەجەف.
لە ماوەی 16 رۆژی رابردووی دەستپێكی وەرزی هاویندا، ئەمە پێنجەم شەپۆڵی گەرمایە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.