خاتوونی هونەرمەند" بەفرین ئیبراهیم" هەر لەسەرەتایی قۆناغەكانی ژیانی منداڵی حەزوو ئارەزووی بۆ هونەری نیگار كێشان هەبووە،هەروەها لە بواری نواندیش بەهرەیەكی باشی هەیە بەشداری چەندین كورتە فیلمیش كردووە، خاوەنی چەندین پیشانگای شێوەكارییە،كاریگەری هونەرمەندی جیهانی (ڤانگۆك)،لەسەر كارە هونەرییەكانی ڕەنگی داوەتەوە لە تابلۆكانیدا زیاتر بابەتی ئافرەت و ژینگە لە خۆ دەگرێت، بەهۆی دەست رەنگینی لە هونەری شێوەكاری داواكاری زۆری لەسەر تابلۆكانی هەیە، هاووڵاتیان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵاتییەكانەوە داوای تابلۆكانی دەكەن. بەمەبەستی ئاگادار بوون لە چالاكییە هونەرییەكانی وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا.
* ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە ژیانی هونەری خۆتان بكەیت.
- من بەفرین ئیبراهیم بە"بەفرین چەلەبیانی " ناسراوم ،خەڵكی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم و پێشتر لە ئێران 6 پێشانگای شێوەكاری و 2 پێشانگای كاریكاتۆرم كردۆتەوە، بەڵام ئەمە چەند ساڵێكە لە سلێمانی دەژیم و لە دوو گەلەری دایمۆند و نەوا ئیشی هونەری دەكەم و هەروەها لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داواكاری خەڵك وەرئەگرم و تابلۆی شێوەكاری بۆیان دەكێشمەوە .
*بەكامە هونەرمەندی شێوەكاری كورد یاخود جیهانی سەرسامیت و كاریگەریان لەسەرت هەبووە؟
- زیاترین كەسێكی هونەرمەندی گەورە لەسەر من كاریگەری هەبووە ڤانگۆك بووە كە هەم بە كارەكانی و هەروەها ژیاننامە و شێوازی جیهانبینی كاریگەری لەسەر من داناوە و تەنانەت چەند بەرهەمێكم كێشاوەتەوە و هەروەها ئیلهامم لە تابڵۆكانی وەرگرتووە بۆ كارەكانی خۆم.
* چۆن هەڵسوكەت لەگەڵ رەنگەكان دەكەیت و بۆ جوانكردنی تابلۆكانت بەكار دەهێنیت؟
- من هەم بە ڕەنگی ڕۆنی و هەم بە ئەكریلیك ئیش دەكەم بەڵام زیاتر ڕەنگەسەرەكیەكانم هەیە و خۆم تێكەڵاویان دەكەم و ڕەنگی تازەیان لێ دروست ئەكەم لە هەمان كاتدا هیچكات ڕەنگە سەرەكیەكان بە تەنیا بەكار ناهێنم و هەوڵ دەدەم بە تۆنێكی دڵخواز و تایبەتی خۆم بیانگۆڕم و بەكاریان بهێنم. من كاتێ تابلۆیەك دەكێشم خۆم لە نێو تابلۆكە دەبینمەوە لەگەڵیدا دەژیم هەست دەكەم لەو دونیاییەدا دادەبڕێم.
* بابەتەكانی تابلۆیەكانت چین؟
-بابەتی تابڵۆكانم هەمووشتێك لەخۆ دەگرێت بەهۆی ئەوەی كە من بەپێی داواكاری خەڵك كارئەكەم و ئەوانیش هەمووشتێكی جۆراوجۆر داوا دەكەن بەڵام وەك حەزی خۆم كە زیاتر بابەتی ژن و ژینگە لە كارەكانم هەڵدەبژێرم چونكە هەست ئەكەم زوڵمیان لێ كراوە.
* قوتابخانەكانی هونەری شێوەكاری زۆرن وەكو ( واقعی ، سوریالی ،تەجریدی ..) تۆ زیاتر لەكام قوتابخانەی هونەری كار دەكەیت؟
- ئەوانەی كە داواكاری خەڵك بن زیاتر واقعی یان ڕیئالن و وێنەی كەسێكی تایبەت یان سروشت و گیاندارە بەڵام خۆم زیاتر كاری سورڕەئالم پێ جوانترە و هەروەها ئیمپەرسیۆنیزم و كارەكانی مامۆستا ڤەنگۆك سەرنجم ڕادەكێشن و كار لەو بوارانەش دەكەم.
*پێتان وایە بەهرەی خۆرسك ،بنەمایەكی سەرەكییە بۆ ئەوەی هونەرمەند داهێنان بكرێت؟
- پێموایە هەموو مرۆڤێك جۆرە بەهرەیەكی تێدایە و خۆرسكیش گرنگە بەڵام ئەوەی كە كەسێك پێشدەخات هەوڵدانی بەردەوام و بێ وچانە و چەندە كاتی زیاتر بۆ شتێك دابین بكەی ئەوەندە تێیدا شارەزا دەبیت بۆیە دەڵێم بەردەوامی و هەوڵدان.
* ئەو كێشەو گرفتانە چین كەدەبنە رێگر لەبەردەم كاروانی هونەریت ؟
- بەداخەوە بەربەستیش هەر هەیە بەتایبەت لە كوردستان گرنگی بە هونەرە جوانەكان وەك شێوەكاری و پەیكەرتاشی نادرێت و لە دانانی پێشانگایەكی نێودەوڵەتی كە ناتوانین بیكەین تا هەڕەشەی هەندێ كەسانی توندڕەو كە دەڵێن كارەكەت حەرامە تووشی زەحمەتی و ناخۆشی دەبین.
*پرۆژەی داهاتووتان هەیە؟
- من بەردەوام دەڵێم پرۆژە و ئاواتم ئەوەیە بتوانم هونەری كوردی بە جیهان بناسێنم و هیوادارم ڕۆژێك بتوانم لە زۆربەی وڵاتان پێشانگای هونەری كوردی بكەمەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.