د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە یەکێتیى ئەورووپا، سەردانی پەرلەمانی ئەورووپاى کرد و لەگەڵ سیمۆسێڤیچ، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکە باس لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمى کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا و وردەکاریی یاسای بودجە کرا.
نوێنەر باسى لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە کرد، سەرەڕای پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا. هاوکات تیشکى خستە سەر کاریگەریی نەرێنیى ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمى کوردستان و کێشە و بەربەستەکان و کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و تەواوى عێراق.
نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە یەکێتیى ئەورووپا هیواى خواست پەرلەمانتارانی ئەورووپا لە ڕێگەی کۆمسیۆنی ئەورووپا بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەم قۆناغەدا.
جێگەی ئاماژەیە سیمۆسێڤیچ، پێشتر سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا بووە و کاریگەریی زۆری لە سەر بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.