لە درێژەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گەیشتن بە سیستەمی ئیداریی پێشكەوتوو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت كە بەشێكە لە هەوڵەكانی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (24/8/2023) عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: خۆشبەختانە بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، توانیمان وەك یەكەم شارەوانی لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا، بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنین كە هەنگاوێكی تر بەرەو بەڕێوەبردنی پێشكەوتوومان دەبات.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ لەلایەن ئەو لایەنە جیهانییەوە بڕوانامەی ISO:9001:2015 وەردەگرین و بەڵێن دەدەین زیاتر پابەندی بەسیستمەمكردنی بەڕێوەبردنی كارەكانمان بین.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەوڵی داوە لەسەر ئاستی هەموو سێكتەر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانیدا بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنێت، چونكە كاریگەری باشی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت، هەر لەم هەفتەیەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەمان بڕوانامەی وەرگت و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی سێكتەرەكان ئەو بڕوانامەیە بەدەست دەهێنن.
پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندبوو: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانی جەنابیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەتدا، ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوەبچن و بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن بەردەوامە.
سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.