ئەمڕۆ پێنج شەممە 24-8-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان،لەگەڵ ھاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەیش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
سەرەتا مەسرور بارزانی لە كۆنگرەكە ڕۆژنامەوانییەكەدا، وێرای بەخێرھێنانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق بە تایبەتی بۆ ھەرێمی كوردستان گوتی: ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ ھەرێمی كوردستان، ئاماژەیە بۆ گرنگی پەیوەندییەكانی نێوانمان، ھیوادارام ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی ئەنجاممانداون، ھەموومان بتوانیین سوودی لێ ببینن.
سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا خستەڕوو و رایگەیاند:لە كۆبوونەوەكەماندا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، كۆمەڵێك بابەتی گرنگی ناوچەكەمان تاوتوێ كرد، لەوانە پەیوەندیی دووقۆڵیی توركیا لەگەڵ عێراق بە تایبەتی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا بابەتی چۆنییەتی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان كە بەپێی ئەو مافە دەستوورییانەی كە ھەرێمی كوردستان ھەیەتی، بتوانین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵییش، ئەم كێشەیە بەجۆرێك چارەسەر بكەین كە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەك بێت.
گوتیشی: ھەروەھا لەسەر بابەتی ئاسایشی ناوچەكە، ئێوە دڵنیا دەكەینەوە كە ھەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەكات كە نابێت ببێتە شوێنێك بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ، ھیوادارام پەیوەندیی نێوانمان بەردەوامبن، بۆ ئەوەی بتوانیین ڕووبەڕووی تیرۆر و ھەموو ناخۆشییەك ببینەوە كە لە ناوچەكەدا، ھەیە.
سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەیشدا: لەبارەی پەرەپێدانی ئابووریی نێوان ھەردوولا كە لە بەرژەوەندیماندا بێت، ھەروەھا چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی پەیوەندیدار بەو بابەتە، گفتوگۆمان كردووە.
شایانی باسە ھاكان فیدان ، وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، دیدار و كۆبوونەوەكانی لە بەغدا كۆتایی ھات، درەنگانی شەوی ڕابردوو، گەیشتە ھەولێر و لەلایەن لەلایەن وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سەفین دزەیی و بەرپرسانی دیكە پێشوازی لێكرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.