Erbil 14°C شەممە 23 تشرینی دووەم 19:44

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت دووپات دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی گرێبەستی لەگەڵیاندا هەیە پاڵپشتیی خۆی بۆیان دووپات کردەوە و کار و چالاکییەکانی بەرز نرخاندن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 08ـی 2023، کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.

د. ئومێد سەباح لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: وێرای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت، تیشک خرایەسەر دوایین سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمڕووەدا و ناردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بۆچوونی بەغدا لەمڕووەدا خرایەڕوو.

ڕاشیگەیاند: هەر لە کۆبوونەوەکەدا کار و چالاکی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بەرز نرخێنران و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکرا. ئەوەش خرایەڕوو کە  بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم دەکەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەمەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستوور و بودجە.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بۆچوونی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاساکە خرانەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیاکانی بواری نەوت  بۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.