Erbil 18°C شەممە 23 تشرینی دووەم 17:10

لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلى خۆیان گەشت بۆ ئێران بکەن

کوردستان TV
100%

لەمەودوا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ ماوەی یەک ساڵ بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 08ـی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەسڕوڵڵا ڕەشنوودى، سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: دوابەدواى لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ)، کە پێشکەوتن و بەرەپێشچوونێکى بەرچاوى لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەخۆیەوە بینیوە لە زیادکردنى جموجۆڵی بازرگانی، ئابووری و ئاسانکارى بۆ هاتووچۆى هاووڵاتییان و گەشتیارانى هەردوولا لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتیى حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و زۆربەى خاڵەکانى هەردوو ڕێککەوتننامە جێبەجێ کراوە.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممەی نێوان ئومێد خۆشناو و نەسڕوڵڵا ڕەشنوودى، سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، خاڵێکى دیکەى ئەو ڕێکەوتننامانەیە کە خواست و داواکارى پارێزگاى هەولێر بووە، لەپێناوى خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و پێشکەشکردنى کار ئاسانى بۆ گەشتکردن و هاتووچۆیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆیان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە هەردوولا لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا ڕێککەوتن، هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان لەڕێگەى وەرگرتنى کارتێکى تایبەت "دەفتەرچە" کە یەکجار مامەڵەى وەرگرتنى دەکرێت و بە نرخێکى کەمى دیاریکراو ئەو کارتە وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتۆمبێلى تایبەت بە خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێستا میکانیزمى سەرجەم ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە دانراوە و یەکلایی کراوەتەوە، لە ماوەیەکى نزیکى داهاتووشدا بەپێى ڕێکار و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.