یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 77مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند كە ئەم یادە لە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و جێگرانی سەرۆك و دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەكەین.
یەكێتی لاوان ڕاشیگەیاند: ئێمە شانازی دەكەین كە بەشێكی دانەبڕاوی مێژووی پڕ لە سەروەری پارتین و بەكاریگەرییەوە بەشداری كارای قۆناغە پڕشنگدارەكانی ئەو خەباتە نەتەوەییەین كە پارتی بەدرێژایی 77 ساڵە ڕابەرایەتی دەكات.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانە:-
77 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و تۆماركردنی هەزاران دەستكەوت و سەروەری لەنێو رێبازی حەقی بارزان، لە جەنابی سەرۆك "مەسعود بارزانی" و جێگرانی سەرۆك و دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەكەین.
لە دایكبوونی پارتی لە سەروەختێك بوو كە كورد پێویستی زۆری بە ڕابەرایەتی كردنێكی رێكخراوەیی بوو بۆ دۆزە رەواكەی، پارتی توانی ئەو كەلێنە پڕ بكاتەوە و خەباتی ڕەتكردنەوەی داگیركاری و زوڵم و ستەم و گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان دەست پێ بكات.
دامەزراندنی پارتی لەسەر دەستی ڕابەری نەتەوەیی نەمر "مستەفا بارزانی" ئیلهامی لە فەلسەفە و هەستی نەتەوەیی بارزان و شۆڕشەكانی پێشتری بارزان وەرگرتبوو، كە هیچ كات ملیان بۆ نادادی و سڕینەوەی شوناس و زۆرداری دژ بە گەلی كورد دانەداوە و هەمیشە زەبری راستكردنەوەی ناعەدالەتی و هێنانە كایەیی نموونەیەكی بەرزی دادپەروەری و وەك یەكی گەلان بوونە و لەو چوارچێوەیەش خواستوویانە كورد بە ئاشتییانە و تەبایی هاوشانی گەلانی دنیا بە سەربەستی و ئازادی لەسەر خاكی خۆی و لەنیشتمانی خۆیدا بژی.
دامەزراندنی پارتی ئەگەر بۆ كورد و كوردستان پێویستیەك بوو بێت، بە دیوێكی دیكە وەرچەرخانێكی گەورە و گرنگبوو لە مێژووی نەتەوەییماندا كە بووە كۆكەرەوەی كوردستانیان لە خانەقینەوە تا زاخۆ و ئومێدێكی گەورەشی بەخشییە كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئەوەتا ئەمڕۆش پارتی بەهەمان ڕۆحییەت بووەتە چەتری كۆكەرەوەی نیشتمانپەروەران، خەمی یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی لەكۆڵناوه و هەمیشە ساز و ئامادەیە لەپێناو ئامانجە باڵاكانی گەل و خاكی كوردستان قوربانی بدات.
پارتی و شۆڕشەكانی جگە لەوەی رێبازێكن تێیدا فێری خۆنەچەماندن و وەستانەوە دژ بە نادادپەروەریمان دەكات، ئەوا قوتابخانەیەكی نەتەوەییە لە سایەیدا سەروەری تاكی كورد پارێزراوە، مێژووی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین و دواینیشیان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئەو چەندەمان بۆ دەردەخات، 77 ساڵ بە پێوەمانەوەی و بەردەوامی و كۆڵنەدانی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی خۆشەویستی خەڵك و خاك داكوتراوە و تادێ قایمتر دەبێ و نە دەكەوێ نە دەلەرزێ.
ئێمه لە یەكێتی لاوان شانازی دەكەین كە بەشێكی دانەبڕاوی مێژووی پڕ لە سەروەری پارتین و بەكاریگەرییەوە بەشداری كارای قۆناغە پڕشنگدارەكانی ئەو خەباتە نەتەوەییەین كە پارتی بەدرێژایی 77 ساڵە ڕابەرایەتی دەكات و ئێستا لە فۆڕمێكی دیكەی مەدەنی و سیاسی و كرانەوە بە رووی جیهاندا خۆی دەنوێنێت، ئەمەش ئەركی لاوانمان قورستر دەكات لە بەگەڕ خستنی زیاتری توانا مەعریفی و زانستییەكانیان.
لەو یادە پڕشكۆیەدا بەڵێن بۆ "سەرۆك بارزانی" دووپات دەكەینەوە، كە بە ورەی پێشمەرگانە و بە گوڕوتینی لاوانەمانەوە لەپشت جەنابیانەوە دەوەستین لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی باڵای نەتەوەكەمان، و ئەو یادە بە دەرفەتێك دەزانین كە درود بۆ ڕۆحی ڕابەری نەتەوەییمان "مستەفا بارزانی و كاك ئیدریسی" هەمیشە لەیاد بنێرین و بەحوڕمەتەوە یادی شەهیدە سەربەرزەكان دەكەینەوە و بەڵێنی بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازەكەیان دەدەین.
یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان
15ی 8ی 2023
یەكێتی لاوان 77 ساڵ خەباتی نەبڕاوە و خۆنەچەماندنی پارتی و لە دایكبوونی سەرۆك بارزانی پیرۆز دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.