سبەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان سەردانی بەغدا دەکات، گوتەبێژی حکوومەتیش دەڵێت ئێستا هیچ پاساو و بیانوویەک لەبەردەم بەغدا نەماوە، تاوەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 08ـی 2023 پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: سبەی سێشەممە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە، بۆ تاوتوێکردنی بابەتی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە کە "ئێستا هیچ پاساو و بیانوویەک لەبەردەم حکوومەتی عێراق نەماوە، تاوەکو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت."
گوتەبێژی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە "ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش، جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و شارەزایانی بواری نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکاتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.