ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد کە لە جەنەڕال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی جەنەرال ماکفەرلینی کرد بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کرد و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکوومەتی هەريمی کوردستانی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕی.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.