یه‌كێك له دیارترین په‌یكه‌رسازه جیھانییه‌كان هونه‌رمه‌ند (شوان كه‌مال)ـه و له گه‌ڕه‌كه ھه‌ژارنشینه‌كانی سلێمانیه‌وه چاوی بۆ دنیا ھه‌ڵھێناوه و نزیكه‌ی 30 ساڵه له ئه‌وروپا نیشته‌جێیه و تا ئێستا خاوه‌نی چه‌ندین په‌یكه‌ری گه‌وره كه‌سایه‌تیه‌كانی كورد و جیھانیه و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ری تایبه‌تمه‌ندیه له سوێد و بووه‌ته ناوێكی به‌رچاوی ئه‌و وڵاته، له‌م دیمانه‌یه‌ی (ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی)ـیشدا تیشك ده‌خاته سه‌ر كاره ھونه‌رییه‌كانی و ده‌شڵێت، له وڵاتانی جیھان ڕێز له ھونه‌ره‌كه‌م ده‌گرن، كه‌چی له وڵاتی خۆم ئاواره‌م و كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ش ئازاره‌كانم له سووچێكی خانه‌قادا به‌بێده‌نگی ھه‌ڵده‌ڕێژم.
*یه‌كه‌م ژوانت له‌گه‌ڵ ھونه‌ری په‌یكه‌رسازی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- له منداڵیه‌وه خولیای وێنه كێشان بووم، به‌ڵام له‌راستیدا لای خۆمان كولتوری هونه‌ری شێوه‌كاریمان نیه، ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌ی مێژووی ساڵانی هه‌شتاكان ھه‌ڵده‌یه‌وه، ده‌بینیت له كوردستان و سلێمانی به‌تایبه‌تی هیچ په‌یكه‌رێكمان نه‌بوو، له‌م وڵاتانیش منداڵ، كه له دایك ده‌بێت چاوی به هونه‌ر و په‌یكه‌ر و باڵه‌خانه‌ی جوان ده‌كرێته‌وه،كه په‌روه‌رده‌یه‌كی هونه‌رییان هه‌یه، جگه له قوتابخانه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاییه‌وه وانه‌ی هونه‌ر ده‌خوێنن.
یه‌كه‌م جار چاوم به په‌یكه‌ر كه‌وت كاتێك قوتابی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان بووم له ساڵی 1983 مامۆستا كۆسره‌ت جه‌مال خه‌ریكی په‌یكه‌ره‌كه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر بو ئیتر له‌وه‌وه منیش زیاترخولیای په‌یكه‌رسازی بووم.
*ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی چین؟
- هه‌مو كار‌و به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ئاسته‌می و ئاڵۆزی خۆی هه‌یه، هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌یه ئه‌و گرفت و ئاڵۆزیانه چاره بكات، جگه له به‌هره‌ی خۆڕسكی پێویستی به كاركردنی به‌رده‌وام هه‌یه،به‌وه هونه‌رمه‌ند ئه‌زموون و سه‌لیقه په‌یا ئه‌كات ئه‌مه‌ش پێویستی به كات هه‌یه. بۆ نمونه خۆم بێجگه له خوێندن ماوه‌ی 35 ساڵه به‌رده‌وام ڕۆژانه بێ دابڕان كاری په‌یكه‌رسازی ده‌كه‌م له هه‌موو به‌شه‌كانی په‌یكه‌رسازی شاره‌زایم هه‌یه، به‌قسه‌ی ئه‌ڵمانه‌كان كه‌م كه‌س هه‌یه له‌جیهاندا ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت هه‌مو به‌شه‌كان شاره‌زا بیت، ده‌زانیت وه‌ك چی وایه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك مۆسیقیه‌كی باش بێت له‌و لاوه سه‌یركه‌ی ئاواز و نۆته‌و دابه‌شكردنه‌كه‌شی هی خۆی بێت له هه‌مووی گرنگتر ئامێری مۆسیقاكانیش خۆی دروستی كردبێت.
*ژیان له غوربه‌ت ڕێنیشانده‌ر نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌مه‌كانت له تاشه به‌ردێكی ڕه‌ق بتاشیت؟
- ژیانی غه‌ریبایه‌تی قورس و پڕ ئه‌سته‌مه بۆ هه‌موو مرۆڤێك به‌تایبه‌تی بۆ هونه‌رمه‌ند، جگه له‌غه‌ریبایه‌تیه‌كه‌ش، كه لایه‌نی ده‌روونی و ڕۆحت ئازار ده‌دات، كار دۆزینه‌وه‌ش هه‌روا ئاسان نیه، به تایبه‌تی بۆ هونه‌رمه‌ن، كه ده‌بێت په‌راسویه‌كت له ئۆمه‌تی محه‌مه‌د زیاتر بێت وه‌ك دایكم دایمه ده‌یگوت: هه‌وڵمداوه ئه‌و ئازار و ده‌ردی دورییه‌ی نیشتمان و خه‌ڵك و كه‌سوكار به كاركردن به دروستكردنی كاره هونه‌ریه‌كانمه‌وه له‌بیر خۆمی ببمه‌وه.
زۆربه‌ی كاته‌كان، جگه له‌وه‌ی بۆ بژێوی ژیان هه‌فته‌ی ٤٠ كاتژمێر له په‌یكه‌رو ته‌كنیكه‌كانی دروستكردنی خه‌ریك ئه‌بم دوایش له ئه‌ته‌لیه‌كه‌ی خۆم خه‌ریكی كار‌و پڕۆژه‌كانی خۆمم، دوای ساڵانێكی زۆر له ئه‌ڵمانیا ئه‌و كارانه‌م كۆكرده‌وه هێنامه‌وه بۆ كوردستان و پێشانگایه‌كم كرده‌وه، ئێستاش له مه‌مله‌كه‌تی سوید به هه‌مان شێوه خه‌ریكم ئه‌گه‌ر بتوانم له داهاتوودا كاره‌كانم كۆبكه‌مه‌وه جارێكی تر له كوردستان نمایشیان بكه‌م. زۆربه‌ی مۆتیڤی كاره‌كانم به ستایلی خۆم و به كه‌ره‌سته‌ی جیاوازی وه‌ك بڕۆنز و ئه‌له‌مینیوم و ئاسن دایان ده‌ڕێژم.
*دیارترین په‌یكه‌ره‌كانی تۆ كامانه‌ن؟
- دوای ڕاپه‌ڕین كار‌و پرۆژه‌كانم ده‌ستپێكرد، هه‌ر له هه‌ڵه‌بجه‌وه بیگره تا سلێمانی و هه‌ولێرو به‌غدا، دوایش له توركیا و له یۆنانیش كاری په‌یكه‌رسازیم كردووه، به‌ڵام په‌یكه‌ره دیاره‌كانم زیاتر له ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی ئه‌سكه‌ندناڤیایه، له‌وانه‌ش په‌یكه‌ری شاسوار ئه‌رنۆڵد رۆس، په‌یكه‌ری یوستیسیا، ڤارهایت، یارمه‌تی هه‌ژاران، په‌یكه‌ری فواره‌ی دادپه‌روه‌ری، په‌یكه‌ری موزیكژه‌نی جیهانی فیلكس میندلسۆن، په‌یكه‌ری پیته‌ر هێڵد، ئه‌مانه له ئه‌ڵمانیان، ئه‌وانه‌ی سوید په‌یكه‌ری ساتێك بۆ هونه‌رمه‌ندی ئه‌كته‌ر ئولا یاكۆبسۆن له به‌رده‌م كتێبخانه‌یه‌ك له‌شاری یۆتۆبۆری، په‌یكه‌ری مۆسیقیه ئۆپتۆمیسته‌كان له فۆلكس پاركی شاری مالمۆ،په‌یكه‌رێكی ڕیلیفی بۆ دكتۆر ئۆتۆ لۆفنبێری له‌گۆڕستنای شاری مالمۆ، په‌یكه‌ری ترم زۆر دروستكردووه، ئه‌وانه له‌سه‌ر داواكاری و بۆ كارگه‌ی برۆنز له ئه‌ڵمانیا و سوید دروستمكردوون، ده‌توانم بڵێم له‌ماوه‌ی ٢٥ ساڵه به سه‌دان په‌یكه‌رن به‌هه‌موو جیهاندا بڵاوبونه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوی منیان له‌سه‌ر نیه ته‌نیا مۆری كارگه‌یان پێوه‌یه، له‌وانه په‌یكه‌ری كۆچبه‌ر له شاری ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویج، دوایی په‌یكه‌ری گه‌وره نووسه‌ری جیهانی ئه‌رمینست همینگوای له شاری هاڤانای پایته‌ختی كوبا دانراوه، ئه‌و ماوه‌یه‌ش په‌یكه‌رێكمان دروستكرد بۆ كه‌سایه‌تی سیاسی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوبانگ جیمس بیكه‌ر له مۆزه‌خانه‌ی كۆشكی سپی له ئه‌مریكا دانراوه.
*خه‌سڵه‌ته‌كانی هونه‌ری په‌یكه‌رتاشی چیه؟
- ھونه‌ری په‌یكه‌رسازی به هونه‌ره ھه‌ره كۆنه‌كان ھه‌ژمار ده‌كرێت، ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تی دایه، چونكه ھه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی له‌به‌رده‌ستدا بووه وه‌ك دار وبه‌ردو ئێسكی ئاژه‌ڵه‌كان، كه ڕاوی كردوون و دایتاشیون و فۆرم و ڕوخساری لێ دروست كردوون، دواتر له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ژیان به كار ھێنراون بۆ لایه‌نی ئاینی و ڕازاندنه‌وه‌ی په‌رستگا و شوێنه پیرۆزه‌كانی تر، په‌یكه‌ر به‌شێكی گرنگی مانه‌وه و تۆماركردنی شارستانیه‌ته‌كانی مرۆڤایه‌تیه هه‌ر له میزۆپۆتامیاكه‌ی خۆمانه‌وه بیگره تا میسرییه كۆناكان و یۆنان و ڕۆمه‌كان و شارستانیه‌تی مه‌سیحی ڕۆژئاوا بیرمان نه‌چێت له چین و مایاكانیش ڕۆلی خۆی هه‌بووه.
*كه‌سایه‌تیه‌كی دیار هه‌یه تۆ په‌یكه‌ره‌كه‌یت نه‌خشاندبێت؟
- په‌یكه‌رم زۆرم بۆ كه‌سایه‌تیه كوردی و ئه‌وروپیه‌كان دروستكردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم له ئه‌وروپا ده‌ژیم و هاوڵاتی ئه‌ڵمانی و سویدیم.
كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانیانیش بریتین له: تۆفیقی كاره‌با له هه‌ڵه‌بجه، كه به كاره‌ساتی كیمایابارانه‌كه كۆچیكردووه.
په‌یكه‌ری مامۆستا شێركۆ بێكه‌س، شێرزاد حه‌سه‌ن، ئیسماعیل خه‌یات، هه‌منگوای، فیلكس میندلسۆن ھتد..
*مه‌رجه په‌یكه‌رتاش ئه‌كادیمی بێت؟
- جارێك سه‌ردانی ئه‌كادیمای شاری دۆسلدۆرفم كرد له ئه‌له‌مانیا وته‌یه‌كم بینی به گه‌وره‌یی به زمانی ئه‌ڵمانی نوسرابووهونه‌رمه‌ند دروست ناكرێت، به ڵكو له دایك ده‌بێت به‌مانای هه‌ركه‌سێك بێته ئه‌م ئه‌كادمیایه مه‌رج نیه ببێته هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر خۆی به‌هره‌ی تیا نه‌بێت.
له ڕاستیدا خوێندن زیاتر هه‌ل و كات بۆ كه‌سه‌كه ده‌ره‌خسێنێت توێژینه‌وه و ئه‌زموون بكات یان ئه‌و مامۆستایانه ڕێگه‌كانی پیشان بده‌ن چۆن خۆی و به‌هره‌كه‌ی پێبگه‌یه‌نێت، ئه‌گینا هیچ كاتێك به خوێندن كه‌س نابێته هونه‌رمه‌ند.
ئه‌گه‌ر وابوایه ساڵانه به ده‌یان و سه‌دان كه‌س له په‌یمانگه و كۆلیژه‌كانی هونه‌ر خوێندن ته‌واو ئه‌كه‌ن به‌ڵام له‌وانه‌یه به ده‌ساڵ هونه‌رمه‌ندێكیان تیا هه‌ڵنه‌كه‌وێت. بۆیه وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه خوێندنی ئه‌كادیمی به ته‌نیا شه‌رت نیه ده‌بێت به‌هره و سه‌لیقه‌ی له‌گه‌ڵ بێت
Kamaran
Kamaran Haji
*كاركردن له‌و بواری په‌یكه‌رسازیدا له ناوخۆی كوردستان سه‌ختر نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌نده‌ران سه‌پۆرتی كاره هونه‌رییه‌كان ده‌كرێت؟
- هونه‌ر به گشتی و هه‌مو به‌شه‌كانیه‌وه لای خۆمان به‌روارد ناكرێت به هونه‌ری ڕۆژئاوایی،چونكه لای خۆمان ته‌نیا هونه‌ر هه‌یه ئیتر نه سیاسه‌تی كولتوری، نه بازاڕی هونه‌ر، نه قۆناغه‌كانی هونه‌ر، هیچ شتێكمان نیه.
له‌م وڵاتانه جگه له هونه‌رمه‌ند چه‌ند دام وده‌زگا و ناوه‌ندی هونه‌ری هه‌یه، كه په‌یوه‌ستن به بازاڕی هونه‌ر، كه‌چی لای خۆمان ته‌نیا هونه‌ره‌كه هه‌یه، بۆیه ئاسان و ساده و ساكاره زۆر به ئاسانی ده‌توانی په‌یكه‌ر دروست بكه‌یت و سپۆنسه‌ر و شوێنی دانانی بۆ په‌یدا بكه‌یت، شاره‌كانی كوردستان پڕ بووه له كاری كرچ و كاڵ و له ئاستێكی هونه‌ری نزمدان، له‌م وڵاتانه تا كارێكی هونه‌ری دروست ده‌كه‌یت خوێنت ده‌بێت به ئاو، دۆزینه‌وه‌ی سپۆنسه‌ر و ڕه‌زامه‌ندی دانانی له شوێنی گشتیی، زۆر ئه‌سته‌مه، چونكه یه‌ك دنیا داموده‌زگا و خه‌ڵكی پسپۆرهه‌یه كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر جوانكردنی شار و پلاندانان، له لایه‌كی تره‌وه بازاڕی هونه‌ر و فرۆشتنی كاری هونه‌رییه، كه لای خۆمان نیه، شوێنێك نیه كاری هونه‌ری نمایش بكات و كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان بفرۆشێت، گه‌له‌ریی و گه‌له‌ریستمان نیه، هه‌تا ئه‌و بازاڕه‌ش دروست نه‌بێت هونه‌ر پێشناكه‌وێت.لای خۆمان كه‌م كه‌س به هونه‌ر بتوانێ بژیت، هونه‌رمه‌ندی لای خۆمان یان فه‌رمانبه‌ره یان مامۆستایه له‌م وڵاتانه هونه‌رمه‌ند ماوه‌یه‌ك پشتگیری له حكومه‌ته‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌توانیت به هونه‌ره‌كه‌ته‌وه بژی ئه‌وا پشتگیری ناكرێت، ده‌ڵێن كارێكی تر بدۆزیته‌وه باشتره، دوای ڕاپه‌ڕین دیارده‌یه‌ك سه‌ری هه‌ڵدا لای ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند، كه له شاخ بوون یان لایه‌نگری لایه‌نێك بوون كرانه لێپرسراوی هونه‌ر و پێگه هونه‌رییه‌كان، زۆرێكیشیان هێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرایان بۆ ئاسان كردن، به شێوه‌یه‌كی سیستیماتیك كۆنترۆڵی بواری هونه‌ریانكرد، به‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كه‌سانی به‌هره‌مه‌ند و خاوه‌ن ئه‌زموون و سه‌لیقه‌ی هونه‌ری پشتگوێخران و دورخرانه‌وه خه‌ڵكانێكی زۆریشیان بێ هیواكرد.
ده‌ستوه‌ردانیش له كایه هونه‌ریه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی پێگه هونه‌رییه‌كان به‌مجۆره به‌م كه‌سانه زیاتر قه‌یرانه‌كانی قوڵتر كرده‌وه و ئاستی هونه‌ریشی دابه‌زاند.
*كامه په‌یكه‌ره تۆ به شاكارێكی جوانی خۆتی ده‌زانیت؟
- كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌رن، كه دروستكردنیان زۆر ئاسوده‌ی كردووم، جگه له‌وه‌ی كاری هونه‌ری مێژوویی بوون كاتێكی زۆریشم هه‌بوو تا لێكۆڵینه‌وه و به‌دوداچوونیان بۆ بكه‌م له لایه‌كی تره‌وه بودجه‌یه و بڕێكی پێویستیان بۆ ته‌رخانكرابوو تا بتوانم به دڵی خۆم كاریان تێدا بكه‌م، له‌وانه‌ش په‌یكه‌ری شاسوار ئه‌رنۆڵد ڕۆس، په‌یكه‌ری فواره‌ی دادپه‌روه‌ری، په‌یكه‌ری فیلكس میندلسۆن، ئه‌م په‌یكه‌رانه لام زۆر جوانن و ئاستی هونه‌رییان جیهانیه، هه‌زاران ساڵ ته‌مه‌نیان ده‌بێت و جارێكی تر دروست نابنه‌وه.
*داهێنانی تۆ وه‌ك په‌یكه‌رتاشێك له‌و بواره چی بووه؟
- له هونه‌ری په‌یكه‌رسازی داهێنانه‌كانم ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ن، كه دروستمكردوون، كه له پێش مندا كه‌س دیكه نه‌بووه له ئه‌وروپا كار‌و پڕۆژه دروستبكات و له شوێنه گشتییه‌كان نمایش بكرێت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بێجگه له كورد عه‌ره‌ب و تورك و فارسیش جوله‌كه‌ش په‌یكه‌رسازی وایان نه‌بووه هاتبێته ئه‌وروپا ئه‌م هه‌موو كار‌و پڕۆژه هونه‌ریانه‌ی دروست كردبێت، ئه‌گه‌ر كورد نه‌بوومایه له هه‌ر گه‌لێكی تر بومایه كتێب و چیرۆكیان له‌سه‌رم دروست ده‌كرد، كه‌چی نه‌ك هه‌ر باست ناكرێم، بۆیان بكرێت چاڵیشم بۆ هه‌ڵده‌كه‌نن.
- هه‌نده‌ران چ ئه‌زموونێكی نوێی فێركردی؟
هه‌نده‌ران فێری كردم ژیان ئاسان نیه ده‌بێت زۆر هه‌وڵ به‌یت، فێربووم چۆن دان به‌خۆمدا بگرم و خۆڕاگربم ژیانی ئاواره‌یی و دووره وڵاتی ئاسان نیه، گرفتی گه‌وره‌ی كورد بێ وڵاتیه، ئه‌مه وه‌ك مرۆڤێكی كورد.
وه‌ك په‌یكه‌رسازێك فێری یه‌ك دنیا ئه‌زموون بوم فێری دروستكردنی په‌یكه‌ربووم به‌شێوه‌ی مۆدێرن، به نوێترین شێوه‌ی جیهانی فێری دروستكردنی قاڵبی لم و سلیكۆن و مۆم بووم فێری داڕشتنی كانزاكانی وه‌ك بڕۆنز و ئه‌له‌منییۆم و ئاسن و له‌حیمكردن و به‌ستنه‌وه و سیسیلیرن بوم تا پاتینا و مۆنتاژكردنی په‌یكه‌ر، هیچ شتێك نیه نه‌یزانم له بواری هونه‌ری په‌یكه‌رسازی، بۆیه له پێشكه‌وتووترین وڵاتانی جیهان وه‌ك كه‌سێكی پسپۆری بواره‌كه ناسراوم، كه‌چی دێمه‌وه كوردستان له شاری سلێمانی هه‌ر ده‌چمه مه‌زادخانه‌كه و چواڕیانی خانه‌قا به‌و شوێنانه ئاسووده ده‌بم.
*ڕاسته زۆربه‌ی په‌یكه‌ره‌كانت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانراون؟
- زۆربه‌ی په‌یكه‌ره‌كانم له ئه‌ورپایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ته‌مه‌نم له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ژیاوم، به‌ڵام هیچ كاتێك له فیكری كوردستان غافڵ نه‌بووم، به‌رده‌وام ویستومه پردی پێوه‌ندی دروستبكه‌م به كردنه‌وه‌ی پێشانگای هونه‌ری یان دروستكردنی پڕۆژه‌ی هونه‌ری، بۆیه هه‌ستم نه‌كردوه پشتگیری ده‌كرێم به‌رده‌وام خه‌مساردیم بینیووه، ماوه‌یه‌ك ویستم ئه‌زموونم بێنمه‌وه بۆ كوردستان كارگه‌یه‌كی بڕۆنزیان بۆ دروست بكه‌م، نه‌كرا ئه‌وه هه‌ڵگورد جوندیانی شایه‌تحاڵی قسه‌كه‌مه و لێی بپرسن.
پڕۆژه‌ی په‌یكه‌ری گه‌وره‌م هه‌بوو بۆ شاره‌كانی كوردستان هه‌ر نه‌كرا ته‌نیا ئه‌و په‌یكه‌ره‌ی یوستیسیا نه‌بێت ئه‌وه‌ی به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی دادی هه‌ولێر.
ئه‌م په‌یكه‌ره له بڕۆنز به كوالێتی جیهانی له ئه‌ڵمانیا دروستم كردووه سالی 2013، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی مامۆستا شێركۆ بێكه‌س له به‌رده‌م ده‌زگا و په‌خشی سه‌رده‌م دانه‌یه‌كیش له پاركی ئازادی له سه‌ر ئارامگاكه‌ی. له‌م دوایانه‌ش چه‌ند خه‌ڵاتێكم دروستكردوه بۆ كوردستان له‌وانه خه‌ڵاتی كامه‌ران بۆ فۆتۆگرافی، خه‌ڵاتی دانا ڕه‌ووف بۆ ده‌قی شانۆیی و خه‌ڵاتی كارۆ بۆ نووسین ئه‌م ساڵ درایه حوسێن عارف، داوای پڕۆژه‌ی زۆریان لێكردوم بۆ كوردستان هیوادارم بتوانم دروستیان بكه‌م. له‌گه‌ڵ ڕێكخراوكی ئه‌ڵمانیش گرێبه‌ستم هه‌یه بۆ ئه‌نفال په‌یكه‌رێكیان بۆ دروستبكه‌م له‌ناو ڕۆژه مه‌زنه‌كه‌ی ئه‌نفال داده‌نرێت له گه‌رمیان.
*دوا په‌یكه‌ر بۆ كێ دروست ده‌كه‌یت؟
- دوا پڕۆژه‌ی هونه‌ریمان هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ته‌واو بوو له شوێنی خۆی له سه‌ر ده‌ریای شاری مالمۆ دامنا، په‌یكه‌ری شازاده‌ی ده‌ریا، په‌یكه‌ره‌كه و به قه‌باره‌ی مرۆڤی سروشتیه له ماده‌ی بڕۆنز دامڕشتووه، له‌سه‌ر داواكاری ئه‌ندازیارێكی سویدی بۆ كارگه‌ی بڕۆنزی ڕۆسنگرێنز دروستمكردووه.
ئه‌م په‌یكه‌ره‌كه‌ش بریتیه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی په‌ری ده‌ریایه‌ك له‌گه‌ڵ شازاده‌یه‌ك، كه به خۆشی و كامه‌رانی ده‌ژین تا كاتێك شازاده مێیه‌كی تر ده‌دۆزێته‌وه، به‌م كاره‌ی په‌ری ده‌ریا دڵگران و توڕه ده‌بێت بۆیه نزا ده‌كات شازاده ون بێت له قوڵایی ده‌ریا و ئۆقیانوسه‌كان.
فكره و ئیلهامی چیرۆك و كه‌سایه‌تییه‌كان له شانۆنامه‌كانی نووسه‌ری دانیماركی هانس كریستیان ئه‌ندرسۆنه‌وه وه‌رگیراوه و په‌یكه‌ری په‌ری ده‌ریاش ١٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له شاری كۆبنهاگنی پایته‌ختی دانیمارك له بڕۆنزه و به قه‌باره‌ی سروشتی ئافره‌تێكه له‌سه‌ر به‌ردێك دانیشتوه خه‌مباره و چاوه‌ڕوانی پێوه دیاره، ئه‌وه دوای ١٠٠ ساڵ له‌موبه‌ر ده‌ریاكه‌وه له كه‌ناره‌كانی شاری مالمۆ ڕێك به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ی په‌ری ده‌ریا ئه‌م په‌یكه‌ری شازاده‌ی ده‌ریا ده‌ركه‌وته‌وه، په‌یكه‌ره‌كه‌ی دانیمارك په‌ریه‌كه به دانه‌یه‌ك له په‌یكه‌ره گرنگه‌كانی جیهان ھه‌ژمار ده‌كرێت، ساڵانه به ملیونه‌ها گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن، سوێدییه‌كانیش به‌و هیوایه‌ن ئه‌م په‌یكه‌ره‌ی شازاده وه‌ك ئه‌وه‌ی دانیمارگ گرنگ و ناسراوبێت له جیهاندا.
پڕۆفایل:-
شوان كه‌مال له‌دایكبووی شاری سلێمانی بڕوانامه‌ی دیبلۆم له هونه‌ری په‌یكه‌رسازی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریوس له هونه‌ری په‌یكه‌رسازی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر تایبه‌تمه‌ندی له هونه‌ری په‌یكه‌رسازیدا له ستۆكهۆڵم به‌ده‌سھێناوه و ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی ئه‌ڵمانیایه، ھاوكات ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی سوید و په‌یكه‌رسازانی جیهانه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.