Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 11:53

لینزی گراهام: عێراق گرنگترین هاوبەشە ستراتیجییەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكە

کوردستان TV
100%

سیناتۆر لینزی گراهام ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا سەربە پارتی كۆماریی، رایگەیاند كە عێراق كرنگترین هاوبەشە ستراتیجییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا راگەیەندراوێكی لەبارەی سەردانەكەی لینزی گراهام بۆ بەغدا و هەولێر بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "سیناتۆر لینزی گراهام لە رۆژانی چوار و پێنجی تەمووزی 2022 سەردانی عێراقی كرد، ئەوەیش بە ئامانجی دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق، هەروەها گفتوگۆكردن لەبارەی هاریكارییە سیاسیی، ئابووریی، مرۆیی و ئەمنییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
ئاماژەی بەوەیش داوە كە لینزی گراهام بە یاوەری باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسكی لە رۆژی چواری تەمووزدا بە جیا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەركۆماری عێراق و  هەروەها لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، كۆبوویەوە و لە رۆژی پێنجی تەمووزیشدا، لینزی گراهام و باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسكی سەردانی هەولێریان كرد و لە میانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوە.


راشیگەیاندووە كە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا، سیناتۆر لینزی گراهام پاڵپشتی خۆی بۆ كارە لەپێشنە ستراتیجییەكانی ئەمریكا لە عێراق لە رووی پتەوتركردنی سەقامگیریی و گەشەی ئابووریی، پتەوتركردنی سیستەمی دیموكراسیی و حكومڕانی، هەروەها دەستەبەركردنی ئاسایش و سەروەریی راگەیاندووە.
باسی لەوەش كردووە كە لینزی گراهام جەختی كردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق و رایگەیاندووە كە عێراق كرنگترین هاوبەشە ستراتیجییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا تیشكی خستووەتەسەر گرنگی پتەوتركردنی پڕۆسەی دیموكراسیی لە عێراق، هەروەها باسی لەوە كردووە كە لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی ستراتیجییدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق پتەوتر بكات لەنێویاندا پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان، بەدیهێنانی سەقامگیریی و هاریكاریی ئابووریی، سەرخستنی هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، هەورەها بەهێزكردنی توانای ئافرەتان و ئاڵوگۆڕی ئەكادیمیی و كولتووریی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.