Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 17:14

وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت: خەڵكی بەغدا بە بۆنی گۆگرد لە خەو هەڵدەستن

کوردستان TV
100%

پیسبوونی رەگەزەكانی ژینگە بەهۆی پاشماوەی جەنگ لە عێراق و ئەو شەپۆلانەی خۆڵبارین كە لەم ماوەیەی دواییدا زۆر دروستبوون، ئاستەنگ لەبەردەم ژیان دروست دەكەن و دەبنە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەكان.
هێرشە ئاسمانییەكان لە میانی لەشكركێشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و پاشماوە جێهێڵدراوەكانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای ئەمریكا لە رۆخ رووبارەكان لە هۆكارە سەرەكییەكانی پیسبوونی ژینگەیە. ئاماژە بەوەش كراوە كە پیسبوونی ژینگە لە پشتی زیادبوونی حاڵەتەكانی شێرپەنجە. لە ماوەی ساڵێكدا نزیكەی دوو هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە عێراقدا دەست نیشان كراوە.جگە لەوەش مانگانە سێ بۆ چوار جار خۆڵبارینی چڕ لە عێراق روودەدات.
بەهۆی خۆڵبارینەوە سەدان كەس بە تایبەت ئەو كەسانەی كە نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەدانیان لەگەڵدایە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەكان و چارەسەریان بۆ دەكرێت. كەموكوڕییەكانی كەرتی تەندروستی هەندێك جار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو كەسانەی كە ئەم جۆرە نەخۆشییەیان هەیە.هەروەها پیسبوونی هەوا كە بەهۆی خۆڵبارینەوە دروست دەبێت، كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاژەڵ و زەوییە كشتوكاڵییەكان دەبێت.
عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی بەدەست گۆڕانی ئاووهەوا دەناڵێنێت..
لەوبارەیەوە جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت، راگەیاند، پیسبوونی ژینگە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە لەو وڵاتەدا.
جاسم فەلاحی ئاماژەی بەوە دا كە خاڵی لاوازی لە پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەت لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتدا هەیە و گوتی: "ئەو كەسانەی كە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە سزا دەدرێن".
وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت سەرنجی بۆ قەیرانە جیهانییەكان راكێشا و گوتی: "عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەدەست گۆڕانی ئاووهەوا دەناڵێنێت، هەروەها سەبارەت بە ئاسایشی ئاو، كێشەی جددیمان هەیە، كەمبوونەوەی بارانبارینیش دەبێتە هۆی گەشەكردنی ناوچە بیابانییەكان".
جاسم فەلاحی ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵدەدەن رێگری لە پیسبوونی رووبارەكانی دیجلە و فورات بگرن و گوتی: "بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی كۆمیسیۆنێك دامەزرا بۆ چاودێریكردنی كارەكان و پلان و پڕۆژەی كورت، مامناوەند و درێژخایەنیان دەكەن بۆ پاككردنەوەی ئاوی رووبارەكان".
وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت، جاسم فەلاحی راشیگەیاند، لەناوچوونی ناوچە سەوزەكان بە بڕینی دارەكان كاریگەریی لەسەر خۆڵبارانە چڕەكان هەبووە كە ماوەیەكە عێراقی گرتووەتەوە.
خەڵكی بەغدا بە بۆنی گۆگرد لە خەو هەڵدەستن...
وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت، جاسم فەلاحی بە ئاماژەدان بە بۆنی توندی گۆگرد كە جار جار لە بەغدای پایتەخت هەستی پێ دەكرێت و گوتی: "هەندێك جار، بۆنی گۆگرد كە لە بەغدا بڵاودەبێتەوە، بەهۆی كۆنی ئامێرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی دۆرە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و هەروەها تەندروستی."
هەروەها عامر جابری، بەڕێوەبەری رۆژنامەوانیی دەستەی روانگەی كەشناسیی عێراق، وەبیری هێنایەوە كە زۆر جار خۆڵبارینی چڕ لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە روو لە عێراق دەكات و رایگەیاند، ئەمە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا. عامر جابری ئاشكراشی كرد كە كەمبوونەوەی بارانبارین و نەبوونی رووبەری سەوزاییش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.