Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 21:17

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتەوە لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

 

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمشەو یەکشەممە 26ـی 06ـی 2022 پەیامێکی سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بڵاو کردۆتەوە و لەمبارەیەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان قسەی کردووە بۆ ڕێگرتن لەم ھێرشانە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: وەک هاونیشتمانییانی سەرتاسەری کوردستان، زۆر نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا.

ڕاشیگەیاند: ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گرووپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان مووشەکباران دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.

سەرۆکی حکوومەتی ئەوەشی خستەڕوو کە ''من لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەکانمان لە دەرەوەی وڵات قسەم کردووە. لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشاییەک كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت كە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق."

باسی لەوەش کردووە کە "من بۆ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵم ڕوون کردەوە کە هێرشەکان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەکەن و داوام لێکردووە ڕێکاری جیدی و کرداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە بگرێتەبەر."

سەرۆکی حکوومەت هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: وه‌زیرانی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆم ڕاسپاردووە هه‌موو ڕێكارێكی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، ڕێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر.

ڕاشیگەیاند: شەوی ڕابردووش لەگەڵ برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا قسەم کرد. هاوڕێ ئەمریکییەکانمان و هەموو وەبەرهێنەرێک، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین. له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، داوا له‌ دۆست و هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان ده‌كه‌م و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش پێویستە لە پەیوەندی و هه‌وڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به‌غدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە، ڕێگە له‌ هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەکات. زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی."

سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا کە "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دڵنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین ."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.