Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 21:27

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان هۆشداری دەدات

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی 06ـی 2022 ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بەو تۆمەتبار و بڕی ئەو ماددانەی دەستبەسەر کراون، لەمبارەیەوە هۆشداری دەدات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 07ـی 12ـی 1987 بە بڕیاری ژمارە 42/112 لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان (26ـی حوزەیران ) وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دیاری کراوە، چونکە ماددە هۆشبەرەکان گرفتێکی جیهانییە و مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت و زیانی تەندروستی و ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، بەداخەوە کۆمەڵگەی ئێمەش لەم دەردە کوشندەیە بێبەش نەبووە.

ڕاشیگەیاند: لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی لە ساڵی 2006 بڕیاردرا بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ماوەی کارکردنیدا توانیویەتی بە هاوکاری ئەفسەر و کارمەندانی لە ڕێگەی دادگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەنگاری ئەم مەترسییە ببێتەوە و بە هەموو توانایەک کار دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و قەڵاچۆکردنیان، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێویستی بە هاوکاریکردنی هەموو لایەک هەیە بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی هاوکارمان بن بۆ بەدواداچوونی گرووپ و باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها پێویستە مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاربن لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە زەرەر و زیانی ماددە هۆشبەرەکان بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە ئەرکی سەرشانی بۆ ڕێگریکردنی لەبڵاوبوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ڕێکەوتی 01ـی 01ـی 2022 تاوەکو ڕێکەوتی 20ـی 06ـی 2022 خستووەتەڕوو کە بەمشێوەیە:-

*ئەو تۆمەتبارانەی بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون بریتییە لە ( 999 ) کەس.

*ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن دادگەکان سزادراون (682 ) کەسن.

*ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن دادگەکان بە دەستەبەری ئازادکراون ( 45 ) کەسن.

* بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستی بەسەردا گیراوە 132 کیلۆ و 729 گرامە، دەرمانی پزیشکی هۆشبەر ( 282 ) شیت و (136 ) پاکەت.

*لە ماوەی شەش مانگدا دەستگیراوە بەسەر 4 هەزار و 450 دۆلاری ساختەی ئەمریكی.

هەروەها ئەمساڵ هەزار و 230 کیلۆ و 450 گرام ماددەی هۆشبەر و 22 هەزار و 886 شیت حەبی هۆشبەر لەگەڵ  هەزار و یەک دانە شروب و هەزار و 280 دانە دەرزی هۆشبەر کە کێشەکانیان لەدادگە یەکلابۆتەوە و لەناو بردراوبن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیشی کردۆتەوە کە هۆشداری دەدەن بەو کەسانەی بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن لەو کارە قێزەونە دووربکەونەوە و چارەنووسی خۆیان بپارێزن لەئەنجامدا دەستگیر دەکرێن و ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگرنەبەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.