Erbil 42°C پێنجشەممە 07 تەمووز 17:17

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لە بەغدا چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پینجشه‌م شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد، لەلایەن فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێشوازییان لێ کرا.

لەدیدارێکدا عەبدولئەمیر شەمەری کورتەیەکی لەبارەی چالاکی و کاروبارەکانی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕووی شێوازی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و ئەو بابەتە ئەمنی و سەربازییانەی هەن لە عێراقدا پێشکەش کرد، پاشان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بەشەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان بەسەرکردەوە.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە دوو دیداری جیادا، لەلایەن جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق و عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پێشوازییان لێ کرا.

لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە ڕووی مەشق و راهێنانەکان، هەماهەنگی لەکاتی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بابەتی بەشداریکردنی ئەفسەر و خوێندکار و قوتابییانی کورد و وەزارەتی پێشمەرگەی لە کۆلێژەکانی سەربازی عێراق و کۆلێژی جەنگ و کۆلێژی ئەرکان و کۆلێژی بەرگریی نیشتیمانی خستەڕوو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەروەها باسیان لە وەرگرتنەوە و گێڕانەوەی ئەو پایانە (مناصب) کرد، کە پشکی پێشمەرگەنە لەناو سوپای عێراقی، لەمبارەیەوە گفتوگۆی وردیان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەنجام دا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کرا، باشترکردن و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی متمانەیەکی پتەو لەنێوان هەردوولا، بە گرینگ و پڕ بایەخ زانرا لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە ئێستادا بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی زیاتر دروستبکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری بەڵێنی دا کە هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتانە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان دەبێت بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا و رێسا کارپێکراوانە بێت کە وەزارەتی بەرگری کاریان پێ دەکات.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کرد، لەمبارەیەوە جومعە عناد وەزیری بەرگری رایگەیاند: رێکارەکانی دروستبوون و دەستبەکاربوونی دوو لیوایەکە لە وەزارەتی بەرگری تەواو بوون و لای خۆیانەوە هەموو کارەکان و ئاسانکارییەکیان ئەنجامداوە، ئەوەی ماوەتە دابینکردنی بودجە و شایستە داراییەکانە بۆ دوو لیواکە کە دەبێ لە ئاستی حکوومەت و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆیان دابین بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.