_هونه‌رمه‌ند و مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا : كاكه وه‌لی هه‌میشه جێی باوه‌ڕ و متمانه‌بوو ، كوردێكی پاك و دڵسۆز بوو ...
_ هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز : كاكه وه‌لی هه‌گبه‌یه‌كی گه‌وره یاخود قوتابخانه‌یه‌كه له نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆری كوردی ...
_ هونه‌رمه‌ند ئامانج غازی : هیچ كات كاكه وه‌لی حه‌زی به‌ناو و ناوبانگ ده‌ركردن نه‌بووه، هه‌میشه حه‌زو خولیا و ئاواتی ئه‌وه‌بووه به‌ته‌نگ ئاواز و گۆرانی كوردی یه‌وه بێت. (1)
هونه‌رمه‌ندانی موزیكژه‌نی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره ، به‌وشێوه خوێندنه‌وه بۆ كه‌سایه‌تی و ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێك ده‌كه‌ن،كه‌ئه‌و هونه‌رمه‌نده كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و هێدی و كه‌مدوو، میهره‌بان و هه‌ست ناسك و خاوه‌ن ده‌نگ و گه‌روویه‌كی پاراوی هه‌ڵقوڵاوی كوێستانه‌كان و مێرگ و چیمه‌ن وچیا و دۆڵه‌كانی كوردستانه به‌گشتی و ده‌ڤه‌ره جوان و شیرین و دڵڕفێنه‌كه‌ی ڕواندز و دیانا و مێرگه‌سووره، خاوه‌ن ده‌نگێكی چیایی، ده‌نگێك هاوه‌ڵی كۆچه‌ری و شه‌نگه‌بێری، هونه‌رمه‌ندێكی عاشق ،به‌ڵام كام عاشق ..؟ عاشقی وڵات و فه‌رهه‌نگ و زمانه‌كه‌ی ،عاشقی ڕواندز و عاشقی هونه‌ری مۆسیقا‌و لاوك و حه‌یران وگۆرانی ڕه‌سه‌ن ، عاشقی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كه هه‌میشه خۆیی و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بۆته‌رخانكردووه و ژیانی پێ به‌خشیوه.
هونه‌رمه‌ندێك له (مێرگه‌سوور) به‌دنیا هاتبێت ، له ( دیانا ) هه‌نگاوه‌كانی ژیان ده‌ست پێده‌كات و، به‌ڵام له‌شاره جوان و مێژووییه‌كه‌ی كوردستان ( ڕواندز) به‌هاوكاری و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی ( تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره) خۆی بناسێنێ و گه‌شه بكات و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاو ببێته‌وه.
( كوچهرێ وه‌ی كوچهرێ ، نارینێ نارینێ هه‌ی نار
كوچهرێ وه‌ی كوچهرێ ، شێت بووم ژ وان چاڤادا)
گۆرانی كوچهرێ ، ده‌توانم بڵێم له‌بیره‌وه‌ری و هزری زۆرینه‌ماندا ئه‌و گۆرانییه خۆشه بوونی هه‌یه ، گۆرانییه‌كی مۆركی كوردهواری ، تێكست و میلۆدی، یه‌ك له‌یه‌كدی خۆشتر و به‌گوێ ئاسان و زوو ده‌چێته ناخ وهه‌ست و هۆشی بیسه‌ره‌وه ، ده‌نگه خۆش و زوڵاڵه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( وه‌لی دۆسكی ) دڵ لاوێن و ئارام به‌خش هێنده‌ی تر گۆرانییه‌كه‌ی به‌رز و پر چێژ تركردووه، ئه‌گه‌ر زۆر به‌ووردی هه‌ست له‌سه‌ر تێكسته‌كه ڕابگرین ، ئه‌وه‌نده شیرینه كه سیناریۆیه‌كی به‌رزو جوان تێیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ده‌یخاته بهردییهی بینه‌ر و گوێگر، كه سه‌راپا باس و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆچه‌رییه‌كانی كوردستانه كه گه‌رمێن و كوێستان ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و له گۆرانی كۆچهرێ وه بۆ ته‌مه‌ن ..؟!
ژیانی تایبه‌تی ئه‌م هونه‌رمه‌نده وه‌ك هاوشێوه‌ی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، به‌گه‌لێك هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی باشووری كوردستانه، بێگومان پڕیشكی ئازار و چه‌وسانه‌وه‌و سته‌مه‌كانی ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقی عه‌ره‌بی و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێو كۆمه‌ڵی كوردهواری به‌ر خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌وتووه، كه‌سایه‌تیه‌ك له‌شاری ( دهۆك ) ه‌وه ڕێ ده‌كات و له‌ده‌ڤه‌ری ( مێرگه‌سوور ) هه‌وار ده‌خات و جێگیر ده‌بێت و ده‌بێته پۆلیس ، له‌و وێستگه‌یه‌دا پشوو ده‌دات و ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ خاتوونێكی ئه‌و دهڤهردهدا پێكدێنێ ،فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتی جوان و مێرخاسیی ومیواندۆستی ده‌ڤه‌ره‌كه به‌شێوه‌یه‌ك دهیلاوێننهوهتا كۆچی دوایشیی وه‌ك خاوه‌ن ماڵ و زاده‌ی ناوچه‌كه ڕه‌فتارو مامه‌ڵه بكات. له‌ڕێكه‌وتی ( 1/1/1957) په‌روه‌ردگاری به‌خشنده كۆرپه‌یه‌كی جوانیان پێده‌به‌خشێت و چرای ئه‌و خانه‌واده‌یه ڕۆشنتر ده‌كاته‌وه و نێوی ده‌نێن ( وه‌لید)
هونه‌رمه‌ند ( وه‌لید حه‌سه‌ن عه‌لی ) ناسراو به ( وه‌لی دۆسكی) ،هه‌رچه‌نده خۆی ناوی ( وه‌لید) ه به‌ڵام له‌سه‌ر زار‌و بێژه‌ی ده‌نگه‌و و له‌نێو خه‌ڵك و هه‌وادارانیدا پیتی (د) كه نامێنێ و به ( وه‌لی) ناسراوه‌و ناوده‌برێت.
به‌ڵام بۆ نازناوی ( دۆسكی ) و بۆ به‌ناوی باوكیه‌وه ناونابرێت؟!
كاتێك هونه‌رمه‌ند بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی ڕووده‌كاته ڕادیۆی كوردی به‌غدا ،دوای تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كه پێی ده‌ڵێن نازناوی هونه‌ریت..! له‌و كاته‌دا چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شاری دهۆك یش له‌ڕادیۆ ده‌بن ، دوای باس و خواس له‌وباره‌یه‌وه ناوی ( دۆسكی) ده‌كه‌نه پاشكۆی ناوهكهیی و ده‌بێته نازناوی و له‌و كاته‌وه له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی به ( وه‌لی دۆسكی) ده‌ناسرێت، هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م كه‌س نابێت له‌ڕادیۆ به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تای په‌خشی رادیۆی كوردییه‌وه ئه‌و خه‌سڵه‌تی نازناوه هونه‌رییه بۆ زۆر هونه‌رمه‌ندانی تر دانراوه.
قۆناغی ته‌مه‌نی منداڵی ، وه‌ك هه‌موو منداڵه بێ نازهكانی وڵات، له‌ژیانێكی سه‌خت و دژوار و نیمچه هه‌ژاریدا ژیاوه ، له ساڵی (1963) خراوه‌ته به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی (دیانا) ی سه‌ره‌تایی، مامۆستا ئازیزه‌كانی فێری ئهلف و بێی كوردی و په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ن ،هێشتا هونه‌رمه‌ند له پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی، له‌ته‌مه‌نی (8) ساڵیدا (1965) په‌روه‌ردگار له سایه‌و سۆز و ئامێزی باوكی بێ به‌شی ده‌كات و ئه‌و ڕووداوه سه‌خت ده‌بێت بۆی و بیر له كه‌ساسی و بێكه‌سی و بێ ئومێدی خۆی ده‌كاته‌وه ،به‌ڵام سه‌د ئافه‌رین بۆ سۆز‌و خۆشه‌ویستی و خۆڕاگری دایكی كه ڕه‌شماڵی په‌روه‌رده‌و بهخێوكردنێكی ته‌ندروست فراوانتر ده‌كات، تا جگه‌رگۆشه‌كه‌ی درێژه به‌خوێندن بدات و مرۆڤێكی ڕه‌وشت به‌رزو دڵسۆز ببه‌خشێت به نه‌ته‌وه‌كه‌ی .
وانه‌ی هونه‌ر و مامۆستای سروود و ده‌نگ ناس و به‌سه‌لیقه، دۆزه‌ره‌وه‌ی قوتابییه ده‌نگخۆشه‌كانی پۆله، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو له‌و كاته‌وه‌ی كه قوتابیان بهسرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان په‌روه‌رده‌و گۆش ده‌كران له‌پۆل یان له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه، ئه‌و به‌هرانه چرۆیان دهكردو هێدی هێدی زه‌مینه‌یان بۆ لهباركراوه له‌لایه‌ن مامۆستای دڵسۆزه‌وه، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هونه‌رمه‌ند له‌وكاته‌ی قوتابی سه‌ره‌تایی بووه ، هه‌ستی به‌ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی ستران كردووه له‌نێو هاوڕێ و هاوپۆله‌كانی، ئه‌و ده‌نگۆیه بڵاوده‌بێته‌وه و ده‌گاته‌وه بهمامۆستاكانی، مامۆستا ( ته‌لعه‌ت) مامۆستای هونه‌ر و خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر و ژه‌نیاری ئامێری ( عود) بووه، بانگی كردووه و سروود و گۆرانی پێ خوێندووه ، ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه دركی به‌و بههرهیهكردووه كه خوا به‌خشیویه‌تی بهقوتابییهكهی، پشتیوان و هاوكاری بووه‌و ڕێنوێنی كردووه یه‌كه‌م كه‌س و هانده‌ری بووه و پێی وتووه ( تۆ ده‌نگت خۆشه و ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌ی له‌وانه‌یه له‌داهاتوو ببیته گۆرانیبێژ) .(2)
ئه‌و ڕێنیشانده‌ر و ڕێنوێنیه‌ی مامۆستا ته‌لعه‌ت ، ده‌بێته هه‌وێنی زیاتر خۆ سازدان و خۆشویستنی بۆ هونه‌ری گۆرانی ، له‌وقۆناغه‌دا زیاتر له‌سه‌ر گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت (حه‌سه‌ن زیره‌ك) ڕاهێنان و گۆرانییه خۆشه‌كانی له‌نێو هاورێ و هاوه‌ڵه‌كانی ژیانیدا بڵیته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕۆژگار و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و گرێدانی ژیانی كاركردن و خوێندن پێكه‌وه ، هه‌ست و هۆش و گوێچكه‌كانی به‌ده‌نگی خۆش و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (محه‌مه‌د عارف جزیری و كاوێس ئاغا و حه‌سه‌نی جزیری و ته‌حسین ته‌ها ...تاد ) بلاوێنێته‌وه، له‌ناو دنیای ئه‌و ده‌نگه به‌سۆز و پڕ چێژانه‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندان ، ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها ) زیاتر دهیلاوێنێتهو كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت و میلۆدیی و تێكستی سترانه‌كانی له‌هه‌ست و نه‌ستیدا جێ بگرێت و به‌گه‌روو و ئه‌دای خۆی بیانڵێته‌وه، ئه‌وه‌نده سه‌رسام ده‌بێت به‌هونه‌ره‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت له‌كاتی دوپاتهكردنهوه یان لاسایكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی به‌هه‌مان تۆن و ئه‌دای ( ته‌حسین ته‌ها) دووباره‌یان ده‌كاته‌وه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت ( له‌منداڵیه‌وه حه‌زم به‌ده‌نگی ته‌حسین ته‌ها بوو، له‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه فێری زۆر شت بووم ، فێری خۆشه‌ویستی بۆ هونهركردم ) (3)
هونه‌رمه‌ند قۆناغی ناوه‌ندیش ههرلهدیانا ته‌واو ده‌كات،له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ هونه‌ری گۆرانی خوێندن ، وه‌لی دۆسكی هونه‌رمه‌ند خولیای تۆپی پێ و نوسینی هۆنراوه‌شی ده‌بێت، به‌ڵام كاریگه‌ری ژینگه و سرووشتی جوانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی و ده‌نگی خۆشی ته‌حسین ته‌ها په‌لكێشی ده‌كات به‌ره‌و دنیای گۆرانی مۆسیقا هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت .
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا ڕواندزی ) سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تای ناسینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت ( ساڵی 1972 یان 1973) بوو ئه‌و كاته كاكه وه‌لی قوتابی پۆلی دوو یان سێی ناوه‌ندی بوو، منیش مامۆستا بووم، ئه‌و كاته‌ش ئێمه تیپێكی مۆسیقامان هه‌بوو ، كۆمه‌ڵێك مامۆستا بووین به‌ناوی ( تیپی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ) هه‌میشه هه‌وڵمان ئه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده لاوانه ، ئه‌و به‌هره‌دارانه كۆبكه‌ینه‌وه كه ده‌نگیان خۆشه ، ئه‌گه‌ر له‌بیرم بێت له‌ئاهه‌نگێكدا كاكه وه‌لی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌های خوالێخۆشبووی گووت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌خۆی زۆر ئاره‌زوومه‌ندی ده‌نگی بوو، ده‌نگ و مۆركی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به‌ده‌نگی كاكه وه‌لی یه‌وه دیاربوو، له‌وكاته‌وه توانای گۆرانیی گوتنی كاكه وه‌لی ده‌ركه‌وت و په‌یوه‌ندیمان درووست بوو، له‌ڕێكه‌وتی ( 20/8/1977) كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، به‌شی ڕواندز دامه‌زرا، یه‌كه‌مین كه‌س و ده‌نگخۆشێكی ئه‌و ناوچه‌یه كه‌پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌وه كرد و بووه ئه‌ندام كاكه وه‌لی دۆسكی بوو ) (4)
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا په‌یدا ده‌كات و درێژه به‌و په‌یوه‌ندییه ده‌دات و هه‌موو كات به‌حورمه‌ته‌وه له‌و په‌یوه‌ندییه‌وه كار و ڕێنماییه‌كانی مامۆستا زراری ڕوانیووه، تا ئه‌و كاته‌ی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا (تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له ڕێكه‌وتی (1/7/1977) ) دادمه‌زرێنێت، ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا لهڕواندزو ناوچه‌كه ، مژده‌یه‌كی خۆش ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌گشتی و هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به‌تایبه‌تی ، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستا زرار دا هه‌بووه، وه‌لی دۆسكی هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ره‌تای ئه‌و تیپه له‌ناو تیپی پاشی گه‌وره دا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌هه‌موو بۆنه‌و ئاهه‌نگه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كاندا هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵیاندا بووه، بۆیه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ تیپی پاشای گه‌وره چۆته سه‌رشانۆ ، وه‌ك كۆرس به‌شداربووه و ، له‌وڕێگه‌یه‌وه ڕۆژ به‌ڕۆژ توانای ده‌نگی زیاتر ده‌كرێته‌وه، دواتر له‌گه‌ڵ تیپی ناوبراو وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ به‌سروود و گۆرانی فۆلكلۆر به‌شداری له‌گه‌ڵیاندا كردووه،
سه‌باره‌ت به‌و سه‌ره‌تایه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت ( دیاره به‌شداری و مماره‌سه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وان وه‌ك كۆرس و گۆرانی گوتن ده‌نگی منی كرده‌وه ، به‌ڕاستی زۆر بابه‌تی هونه‌ری لێیانه‌وه فێربووم، ئه‌وانیش زۆر له‌گه‌ڵ مندا هاوكار و ماندووبوون ، زۆرجاریش له‌كاتی گۆرانی گوتن (ئاوت _ نه‌شاز) م ده‌كرد ، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان نیگه‌ران بن ، چونكه مه‌به‌ستیان هاوكاری درووست بوونی من بوو به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست، دواتر توانیم سوود له‌شاره‌زایی ئه‌وان وه‌ربگرم ، به‌پشتیوانی مامۆستا زرار و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره ، ئه‌من ناوبانگم په‌یداكردوو ، خۆم به‌قه‌رزار باریان ده‌زانم ) (5)
گۆرانی كۆچهرێ ، چۆنیه‌تی تۆماركردن و ده‌نگدانه‌وه‌ی ..؟!
ئه‌و گۆرانییه بێگومان چیرۆكێكی له‌پشته‌وه‌یه ، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی حه‌زو ئاره‌زووی بۆ فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی گه‌لێك زۆربووه، هه‌رئه‌و هه‌وا و ئاواز و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بوونه‌ته هه‌وێنی درێژه پێدان و ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بێت،
له‌باره‌ی گۆرانی فۆلكلۆره‌وه هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( عوسمان شارباژێڕی ) نوسیویه‌تی ( گۆرانیی فۆلكلۆریی كوردیی ( هه‌وا ) و ( هۆنراوه) یه‌كی بێ خاوه‌ن و كه‌سنه‌زانن، له‌نێو خه‌ڵكی ساكار و نه‌خوێنده‌واردا ، له‌ڕۆژگارێكی ڕابردوودا دانراوون و داهێنراون تافێكی ته‌واو باو یان بووه و وتراون و ده‌ماوده‌م بهئیمڕۆی ئێمه گه‌یشتوون ، مۆر و ماركه‌ی ( دێهاتی ) پێوه‌یه و جێ په‌نجه‌ی ( شوان ) و ( ڕه‌وه‌ند) و ( ره‌شماڵ نشین) ی پێوه دیاره ،به‌ڵكو زاده‌ی بیرێكی ساده و مێشكێكی ساكارن و به‌هره‌و سه‌لیقه‌یه‌كی زۆریان تێدایه ) (6)
به‌پێی وتهكهكانی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر عوسمان شارباژێڕی ، ئه‌و خه‌سڵه‌ته جوانانه له فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا هه‌یه و بناغه‌ی مۆسیقا و ئاواز‌و گۆرانی كوردییه ، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی یش به حورمه‌ته‌وه له‌و گه‌نجینه پڕ گه‌وهه‌ره‌ی ڕوانیوه‌و هه‌وڵ و زه‌حمه‌تی له‌و پێناوه‌دا كێشاوه،له‌ڕێی ده‌نگ و گه‌روویه‌وه جارێكی تر ئه‌و فۆلكلۆره له‌چوارچێوه‌یه‌كی نوێ‌دا به‌بێ شێواندنی بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی بیڵێته‌وه و زیندوویان بكاته‌وه ، له‌وه‌رزی هاوین ی سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان ، تیپێكی مۆسیقا له‌شاری هه‌ولێره‌وه گه‌شتێكی هونه‌ری بۆ ده‌ڤه‌ری (برادۆست ) و ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن ، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی یش یه‌كێك ده‌بێت له به‌شداربووی ئه‌و گه‌شته هاوینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر ، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت ( تیپێكی مۆسیقی له‌شاری هه‌ولێره‌وه له‌وه‌رزی هاوین دا بوو سه‌ردانێكی ناوچه‌ی برادۆست یان كرد ، له‌وسه‌ردانه‌دا له‌گه‌نجێك ئه‌و گۆرانییه‌م گوێ لێ‌بوو، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ی كۆچهرێ ی من نه‌بوو كه خوێندومه ، ئیقاعێكی خێرای هه‌بوو، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا نهم توانی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو وه‌ریبگرم ، هه‌رئه‌وه‌نده توانیم تێكست و ئاوازه‌كه‌ی له‌مێشكمدا هه‌ڵبگرم و له‌لای خۆم هێشتمه‌وه تا ساڵی (1983) چوومه تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره و پێم ڕاگه‌یاندن كه گۆرانیه‌كم هه‌یه و بۆم خوێندن ) (7)
هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار ( ئامانج غازی ) له‌باره‌ی گۆرانی كۆچهرێ دا ده‌ڵیت ( كاكه وه‌لی گۆرانیه‌كه‌ی هێنا بۆ تیپ و به‌ده‌نگی خۆی خوێندی ، میلۆدییه‌كی زۆر خۆش بوو ، تۆنی موزیكه‌كه‌ی تۆنێكی كوردی خۆش و هه‌ڵبه‌زو دابه‌زێكی زۆر جوان له تۆنهكاندا هه‌بوو، ئه‌و میلۆدییه له‌سه‌ر مه‌قامی به‌یات بوو ) (8)
یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ، ئه‌وه‌یه كه بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ركارێكی هونه‌ری دابێت ، ڕاسته‌وخۆ بڕیاری خۆی نه‌سه‌پاندووه ، به‌ڵكو به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای ڕاوبۆچوونی مامۆستا زرار و هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێڕینانه‌ی تیپی پاشای گه‌وره‌و پێی خۆش بووه ڕا و بۆچوونی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه بێت و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵی لێوان‌لێو له خۆشه‌ویستی و ڕێز له‌نێوان هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره دا هه‌بووه ، زۆر به‌گرنگی و پڕ بایه‌خه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندیان وه‌رگرتووه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ووردی زانستی مۆسیقایان بۆكردووه و به‌په‌رۆشه‌وه یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره‌كان ئه‌ركی دابه‌شكردن و ئاماده‌كردنی له‌ئه‌ستۆگرتووه ، به‌كۆی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی پاشای گه‌وره بڕیار له‌سه‌ر جوانی و به‌رزی میلۆدییهكهو ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ده‌ده‌ن و هونه‌رمه‌ند ( چه‌تۆ نه‌ورۆز ) ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی موزیك ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی وبه‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا.
هونه‌رمه‌ند ( چه‌تۆ نه‌ورۆز) ده‌لێت ( ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی هه‌شتاكان و ، گۆرانی كۆچهرێ زۆر گۆرانیبێژی دیكه وتوویانه ، به‌ڵام من توانیم به‌شێوازێكی نوێ و دابه‌شكردنی مۆسیقا ئاماده‌ی بكه‌م و هه‌موو ئامێره مۆسیقییه‌كانی تێدا به‌كاربهێنم، ) (9)
یه‌كێك له‌گرفته‌كانی ئه‌وكاتی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره نه‌بوونی ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان بووه، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند و مامۆستا زرار چه‌ند ئامێرێكی ساده‌و سه‌ره‌تایی هه‌بووه بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌م به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بووه تا كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری پێ تۆماربكه‌ن، دوای هه‌وڵ و تێكۆشان و ماندووبونێكی زۆر هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره له مانگی (8 ی 1983) چه‌ند جارێك گۆرانی كۆچهرێ تۆمارده‌كه‌ن ، سه‌ره‌تا له‌ڕواندز و دواتر له‌یه‌كێك له‌كابینه گه‌شتیارییه‌كانی هاوینه‌هه‌واری ( پیرمام) ئه‌و به‌رهه‌مه دوای چه‌ندینجار پرۆڤه‌كردن و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ( كۆچهرێ ) به‌هاوكاری به‌ڕێز ( سه‌لاح نه‌جمه‌دین) تۆمارده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ستۆدیۆیه‌كی گونجاو له‌بار بۆ تۆماركردن ،شێوازی تۆماركردنه‌كه‌یان له‌لا په‌سه‌ند نابێت، تا دواجار له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماری ده‌كه‌ن.
بۆزیاتر زانیاری له‌سه‌ر چوونی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له‌ڕواندز بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، پێوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ند و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر و ئاماده‌كاری به‌رنامه ( جاسم وهندی) و پێی وتم ( من پێشتر پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كاكه وه‌لی دۆسكی دا هه‌بوو و ده‌مزانی له‌گه‌ڵ تیپی پاشای گه‌وره كارده‌كات ، چه‌ند جارێك هات بۆ شاری به‌غدا و پێشنیارم كرد بۆ نایه‌ن بۆ بهڕادیۆ به‌رهه‌مه‌كانتان له‌ڕێی ڕادیۆ وه بڵاوبكرێته‌وه، كاكه وه‌لی وتی بۆ نایه‌ین به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌و دووره‌و دوای ئه‌وه تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره ئه‌ندامه‌كانی زۆرن و چۆن ئه‌و هه‌مووه لهڕواندزهوه بێنه به‌غدا ، وتم من هه‌وڵ ئه‌ده‌م بۆتان ، ئه‌وكاته ( شاكر مه‌نسور) به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆ و خه‌ڵكی خانه‌قین بوو، بابه‌ته‌كه‌م به نوسراوێك به‌ناوی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) نوسیی و دامه ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ر، ئه‌ویش به‌رزی كرده‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ڕه‌زامه‌ندیمان وه‌رگرت و كاكه وه‌لی دۆسكی یم ئاگاداركرده‌وه كه بێن بۆ به‌غدا ، ئه‌وه ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان بوو ، بهپاسێك هاتن و له‌ماوه‌ی (2) ڕۆژدا به‌رهه‌مه‌كانیان تۆماركرد كاكه وه‌لی و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه ، ته‌نانه‌ت مامۆستا چه‌تۆ نه‌ورۆز پارچه مۆسیقایه‌كی تۆماركرد،دوای تۆماركردن هه‌موو ماددهكانم خسته سه‌ر كاسێتی گه‌وره له‌جۆری ( ئیمی) وتم بائهوهتان لابێت ئه‌وه ده‌نگه‌كانه ئه‌گه‌ر له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارتان كرد) (10)
دوای ئه‌وه‌ی گۆرانی كۆچهرێ له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه بڵاو بۆوه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی خێرایی دایه‌وه ، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره ، بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی له‌ته‌له‌فزیۆن ڕووده‌كه‌ن شاری موصل له‌ساڵی (1986)، له‌وێ به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی به‌ئه‌زموون ( غازی فه‌یسه‌ڵ و فه‌رقه‌د ملكۆ) تۆماری ده‌كه‌ن و بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر به‌خێرایی بڵاو بۆوه‌و ده‌نگی دایه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و گۆرانیه هۆنراوه‌و ئاوازی فۆلكلۆره، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به‌و ده‌نگه خۆشه‌و به‌و ئاسته به‌رزه تۆماریكردووه و زیاتر ناوبانگی ده‌ركرد، به‌ڵام جێی ده‌ستخۆشیی و ستایشكردن و به‌رزنرخاندنه بۆ هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز بۆ دابه‌شكردنی مۆسیقا و هه‌موو ئه‌ندامانی تیپی پاشای گه‌وره لهوگۆرانییهدا ، ماندووبوون و دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی بۆ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه پێوه‌دیاره .
دوای كۆچهرێ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به‌هاوكاری تیپی پاشای گه‌وره گۆرانی ( مازی چنێ ) ، ( سینه‌م) ، ( كانی و به‌ركانی ) و ( نهكورتی و نهبڵندی ) تۆمارده‌كات.
تۆماركردنی گۆرانی ( ڕواندز ) و ده‌نگدانه‌وه‌و ناساندنی وه‌ك نه‌ورۆزی ڕواندز...!
به‌هۆی ئه‌و زوڵم و سته‌م و نه‌هامه‌تیی و پاڵه‌په‌ستۆ زۆره‌ی حیزبی به‌عس و ته‌سككردنه‌وه‌ی به‌ها ئازادییه‌كانی مرۆڤ له ڕێكه‌وتی ( 19/5/1987) ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری دژ به‌و ده‌سه‌ڵاته له‌شاری ڕواندز به‌رپابووه، كه‌به‌هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی فاشیی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وته گیانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و قاره‌مانی ڕواندز به‌شه‌هیدكردن و ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیانی ئه‌و شاره كۆتایی به‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه هاتووه، ئه‌م هه‌واڵه به‌گشت كوردستاندا بڵاو بۆوه و ته‌نانه‌ت گه‌یشته شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ،
( عه‌بدولعه‌زیز سڵیمان زاخۆیی ) شاعیر له‌و كاته‌دا له‌زێدی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه و له‌شاری ( رومادی) نیشته‌جێ بووه ، به‌هۆی كه‌سێكی ڕواندزی یه‌وه هاوسێی بووه ، ئه‌و هه‌واڵه ده‌بیستێ و سۆزی غوربه‌تی بۆ زێد و نیشتمانه‌كه‌ی و له‌و كاته‌دا له‌به‌شێكی نیشتمانه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخوردانه ، ئه‌و هه‌واڵ و ئه‌و هه‌سته ده‌بێته هه‌وێنی دانانی هۆنراوه‌یه‌ك بۆ شاره‌كه‌ی ڕواندز، ...
رواندز جاناجان شارى پاشایى كور
باژیرى خوش میرا
ده لالى سیفاسور
بیر‌و دكه ته گازى خه ره ندى
یارامن كوره ك وهندرین
نوبه دارن لدور
ئه ى گه لى
هه ڤالا رواندزى ببینه
پرچیمه ن و باغن
به هه شته شیرینه
شاعیر به‌هۆی گۆرانی كۆچهرێ وه ئاشنا به‌ده‌نگ و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی بووه ، له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی هۆنراوه‌كه‌ی ڕه‌واندز . له‌سه‌ر كاسێتێك به‌ده‌نگ تۆماری ده‌كات و ئاوازه‌كه‌ش خۆی دایده‌نێت و ده‌ینێرێته‌وه بۆ ڕواندز و له‌كۆتایی كاسێته‌كه‌دا، وتویه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌م هۆنراوه و ئاوازه به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( وه‌لی دۆسكی ) بخوێندرێت ..!
ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌گاته ڕواندز ، تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره كۆده‌بنه‌وه‌و دوای هه‌لسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه بۆ تێكست و میلۆدییه‌كه به‌كۆی ده‌نگ بڕیار له‌سه‌ر تۆماركردنی ده‌ده‌ن ، هونه‌رمه‌ند (چه‌تۆ نه‌ورۆز) ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و دواتر به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی تیپ به‌رهه‌می (ڕواندز) به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی وه‌لی دۆسكی تۆمارده‌كرێت ، به‌رله‌وه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا بڵاوبكرێته‌وه ، له‌ڕادیۆكانی شۆرشی كوردستانه‌وه له‌هه‌ردوو ڕادیۆی ( ده‌نگی كوردستان و ده‌نگی گه‌لی كوردستان ) ه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه ، ئه‌و گۆرانییه ده‌نگ و سه‌دایه‌كی باشی داوه‌ته‌وه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت ( سوپاس بۆ شاعیر سه‌یدا عه‌بدلعه‌زیز سڵیمان زاخۆیی و هه‌موو هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كانی تیپی پاشای گه‌وره بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره هونه‌ریه به‌رزه، سوپاس بۆ خوا له‌و ڕێگه‌یه‌وه توانیمان خزمه‌تێكی بچووكی ئه‌و شاره ئازیزه ڕواندز بكه‌ین ، چونكه ڕواندز شاری جوانی و هونه‌ر و مێژووه ، هه‌ركاتێك دڵم ته‌نگ ده‌بێت ، سه‌ردانی ڕواندز ده‌كه‌م ، شارێكه دڵم پێی ده‌كرێته‌وه ، له‌باوه‌شی ئه‌و شاره‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاوی هونه‌ریم نا و خۆم به‌قه‌رزارباری ڕواندز و هه‌موو ڕواندزییه‌كان و مامۆستا زرار و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره ده‌زانم) (11)
له‌هه‌مان ساڵد واته (1987) تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره كاسێتێكی ته‌واو گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند تۆمارده‌كه‌ن و بڵاو ده‌كرێته‌وه ، دواتر گۆرانی ( دلبه‌ر هلو ڕاڤا ته‌ما ) ، هۆنراوه‌ی ( عه‌بدلعه‌زیز سڵیمان زاخۆیی ) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( فه‌رهه‌نگ غه‌فوور ) و ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند( ئامانج غازی).
هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری جیا له‌تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره ، له ئاهه‌نگ و كۆنسێرهتهكاندابههاوكاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره به‌توانایانه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌شداری كردووه ( ڕزگار خۆشناو ، ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو ، شاكر سابیر ، كامه‌ران ته‌ها ، فوئاد محه‌مه‌د و سیروان عومه‌ر ) وه‌هه‌روه‌ها به‌شداری له‌پرۆگرامێكی هونه‌ری له‌كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) و هه‌روه‌ها به‌رنامه‌و چالاكی هونه‌ری له‌كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان و كاری تاكه كه‌سیی به‌هاوكاری ده‌ست و په‌نجه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ئامانج غازی و فه‌رهه‌نگ غه‌فوور و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر و دهۆكی كردووه. په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌ته‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستاندا هه‌یه و جیا له‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند (ته‌حسین ته‌ها ) سه‌رسامه به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندانی جوانه‌مه‌رگ ( ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز زاخۆیی )
كۆتا به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی گۆرانی ( ته‌مه‌ن) ه له‌هۆنراوه‌ی ( بابی مێرخاس ) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند و ئاماده‌كردنی مۆسیقای ئه‌و گۆرانییه هونه‌رمه‌ند ( ئامانج غازی ) یه ، كۆی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له (35 تا 40) به‌رهه‌می هونه‌ریین و خانه‌ی ئه‌رشیفی مۆسیقا و گۆرانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه.
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ، دوای ماوه‌ی (29) ساڵ كاری مامۆستایه‌تی و وتنه‌وه‌ی وانه‌ی زمانی (عه‌ره‌بی) له‌هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی تێیدا فێری ئهلف و بێ بوو، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌ركێكی پیرۆز به‌ده‌یان قوتابی پێگه‌یاندووه ، ئێستا خانه‌نشین ه و له‌ساڵی ( 1982) له‌سه‌نته‌ری شاری سۆران تۆمارگایهكی داناوه به‌ناوی ( زۆزان) كاته‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ دنیای لاوك و حه‌یران و قه‌تار و سترانی ڕه‌سه‌نی ده‌نگبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات.
جێی داخه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هونه‌رمه‌ند به‌ئازارێكی جه‌سته‌یه‌وه ناڵاندوویه‌تی و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا نه‌شته‌رگه‌ری بۆكراوه‌و ، ئێستا باری ته‌ندروستی جێگیره‌و له‌شاری سۆران نیشته‌جێ یه‌و به‌شنه‌ی شه‌ماڵی كێوهسهركهشهكانی ( هه‌ندرێن و زۆزك ) و دیمهنهجوانهكانی ڕواندز ده‌ژی.
سڵاو و ڕێز بۆ هونه‌ر ی پاك و بێگه‌ردت ، هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ڕواندز و تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌و هه‌مووان ، ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی ته‌ندروست و ئارامیتان بۆ ده‌خوازم.
جه‌مالی ده‌لاك 30/7/2021
سه‌رچاوه : (1 و 2 و 4 و 5 و 7 و 8 و 9) به‌رنامه‌ی گۆرانییه‌كی تۆ ..هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ،، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( شوان تالیب) كه‌ماڵی ئاسمانی زاگرۆس ، ساڵی (2014)
(3 و 11) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ..به‌رنامه‌ی دیوه‌خانی كوردهواری .. كه‌ناڵی لۆكاڵی فۆلكلۆر ( 6/11/2020)
( 6) كتێبی گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی ... عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه (57)
(10) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جاسم وهندی (26/7/2021) له‌رێی ماسنجه‌ره‌وه به‌ده‌نگ ئه‌و زانیارییانه‌ی بۆناردم.




کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.