فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی کردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی 9 لەو قوربانییانەی کە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێر ئاوکەوتبوون دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە و پرسی (رێوار)ی تەمەن 11 ساڵ و گەڕاندنەوەی 9 تەرم، ڕۆژی ههینی 21ی كانوونی دووهم 2022 شاندێکی فەرمانگەکە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا".
ئەوەشی خستەڕوو "بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ چوارشەممە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کونسوڵی گشتیی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەسوکاری بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیای کردن کە حکوومەتی یۆنان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکوومەتی کۆماری یۆنان کرد".
لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە "کونسوڵیی گشتیی یۆنان کەسوکاری بێسەروشوێنانی دڵنیا کردەوە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ لەگەڵ حکوومەتی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندی دان و پێشتریش یاداشتنامەیەکیان لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بەدەست گەیشتووە".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەروەها ڕایگەیاند:لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی 9 لەو قوربانییانەی کە ناسراونەتەوە دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە بەهۆی خراپی کەشوهەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پڕۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد "وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوخەمی خۆمان بۆ کەس و کاری قوربانییان و بێسەروشوێنان دەردەبڕین و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی تەواوی بێسەروشوێنان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.