لە ھەرێمی گویچو باشووری رۆژئاوای چین، بەبەردبووی پاندایەکی زەبەلاحی بهر له 102 ھەزار ساڵ دۆزرایەوە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی شینخوای چینی، توێژەرانی پەیمانگای سەرچاوەکانی چیای سەر بە ئەکادیمیای زانستیی گویچو، دوو بەبەردبووی پاندایەکی زەبەلاحیان لە ئەشکەوتی شونگی لە شاری زونیی دۆزیوەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیهی کە بە تەکنەلۆژیای دۆزینەوەی مێژوو لە رێگەی مینای ددانەوە ئەنجامدراوە، ئەوە دیاریکراوە کە یەکێک لەو بەبەردبوونانەی کە بەبێ ئەوەی تێکبچێت گەیشتووەتە ئەم سهردهمه بۆ پاندایەک دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 49 ھەزار ساڵ و ئەوەی دیکەش بۆ 102 ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوەکە ڤانگ دەیوان، ئەوەی راگەیاند کە دۆزینەوەی بەبەردبووی پاندایەکی زەبەلاح کە بەم شێوازە لە سرووشت پارێزراوە، دۆخێکی دەگمەنە.
توێژینەوەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پاندا زەبەلاحانە بۆ دابینکردنی خۆراک "پەنجەگەوره"ی زیادەیان لە چنگەکانی پێشهوە و جۆرێکی جیاوازی ئێسکیان ھەیە.
ڤانگ، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆزینەوەیە ھاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی تایبەتمەندییەکانی شێوازی خۆراکی پانداکان.
تاکو ئەمڕۆ لە ئەشکەوتی شەنگی، کە لەو سەردەمەدا شوێنێکی گونجاوی بۆ ژیانی پانداکان دابین کردووە، نزیکەی بەبەردبووی 30 پاندا دۆزراوەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ھەر لەو ئەشکەوتەدا بەبەردبووی چەندین ئاژەڵی وەکو چەقەڵ، کەرکەدەن و پشیلەی ھندیی بچووک دۆزراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.