Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 23:03

نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق و جیهان دەکات

کوردستان TV
100%

 

نێچيرڤان بارزانى هۆشدارى دا له‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دوايييه‌ى داعش، مه‌ترسيى ڕاسته‌قينه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى جيهانيش ده‌كات، بۆيه‌ پێويسته‌ پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن و عێراق و هاوبه‌شانى پێكه‌وه‌ كارى جدديتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و له‌ناوبردنى بكه‌ن.

له‌ ميانى پێشوازى و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا له‌گه‌ڵ ئێريك شوڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و بوونى سه‌قامگيريى سياسى به‌ پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئۆليڤيێ ديكۆتينى كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا و به‌رپرسان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش ئاماده‌ بوون، دوا پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى عێراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشاندنى داعش، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌ربازيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستانى پێويسته‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، وێڕاى سه‌ره‌خۆشى بۆ شه‌هيدانى ئه‌م دواييه‌ى ده‌ستى تيرۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتيان، به‌رده‌واميى هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عێراقيش هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاتنه‌كايه‌ى حكوومه‌تێك كرده‌وه‌ كه‌ مايه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و كۆكه‌ره‌وه‌ى هێز و پێكهاته‌كانى عێراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارييه‌كانى هاووڵاتيان له‌ ئارامى و ژيانێكى باشتر بێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگارى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببێته‌وه‌ و ڕۆڵى خۆى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و هاوبه‌شيى كارايان له‌ به‌غدا، په‌تاى كۆڤيد_19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له‌ بيلاڕووسيا و پۆلۆنيا، ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و شه‌نگال، ئاماده‌يى و ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ ناوچه‌كه به‌گشى، دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.