Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 05:32

سەندیکای پارێزەرانی عێراق: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نایاساییە

کوردستان TV
100%

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لەبارەی نایاسایی بوونی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.

زیا سەعدی نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق ڕایگەیاند: سەندیکای پارێزەران داوایەکی پێشکه‌ش کردووە کە تانەدانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 7ـی مانگی 10ـی 2021.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو هەڵبژاردنی لە 10/10 بەڕێوەبچێت کە بڕیارەکە پێشتر درابوو و مەرجداریش بوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، نەقیبی سەندیکای پارێزەران لەو بارەیەوە گوتی،"ئەوە سەرپێچییەکی ڕوون و ئاشکرای بڕگەی 2ـی ماددەکانی 64 و 47ـی دەستووری عێراقه‌ کە ڕێککارەکانی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیان دیاریکردووە.

هەروەها ڕایگەیاند: ئەم داوایە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە ماوەیەکی زۆر لەلایەن سەندیکای پارێزەران تۆمارکراوە و لە چەند دانیشتنێکیشدا ئامادەیبووین، دانیشتنەکەش بۆ رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو دواخراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی دەستووری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دوو رێگە هەن، کە یەکەمیان ئەوەیە سەرۆک کۆمار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە پەرلەمانتاران دەکەن، دووەمیان، یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوایەک پێشکه‌شی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن و دەبێت زۆرینەی رەها دەنگی بۆ بدات و دواتریش سەرۆک کۆمار داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.