وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی یەکەمی 2021 عەمید دێدەوان خورشید، وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند لە سستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا و ڕایگەیاند: دەنگدانەکە شێوازێکی تازەیە و کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین، لەماوەی سێ کاتژمێری دەستپێکردنی دەنگداندا %20ـی دەنگدەرانی تایبەت نەیانتووانیووە دەنگ بدەن.
عەمید دێدەوان خورشید ڕایدەگەیەنێت، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان لەلایەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکەوە پڕۆسەکەی دواخستووە، دهشڵێت: لە ماوەی سێ کاتژمێرى سەرەتای دەستپێکی دەنگدان، %20 دەنگدەرانی تایبەت نەیانتووانیووە دەنگ بدەن.
هەروەها گوتی:"کێشە لە پەنجە مۆردا هەیە و زۆر جار ئامێرەکە پەنجە مۆر ناخوێنێتەوە، بەدواداچوونمان کردووە لە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان ئەو کێشەيه ههیه، تەنانەت لە پارێزگاکانی دیکەش ئەو کێشەیە بۆ دەنگدەرانی تایبەت دروستبووە."
عەمید دێدەوان خورشید ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ دەنگدەرێک بە کەمتر لە 3 خوولەک نەیتوانیووە دەنگ بدات، ئەگەر کۆمسیۆن چارەسەری نهکات و پڕۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ڕێژەی دەنگدان %40 دەبێت.
جێی باسە، ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی یەکەمی 2021، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، زیاتر لە 1 ملیۆن و 196 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.