Erbil 29°C ھەینی 27 ئەیلوول 22:20

وتەبێژی پارتی: دەتوانین نوێنەرایەتی هەموو عێڕاق بکەین نەک بە تەنها کوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆڕێکدا سەبارەت بە گرنگی ڕاگەیاندن بۆ هەڵبژاردن، وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئێمە دژی دەمارگیری نەتەوەیین و باوەڕمان بە پێکەوە ژیان هەیە، دەتوانین نوێنەرایەتی هەموو عێڕاق بکەین نەک هەر کوردستان، ئامانجیشمان چاکسازی و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەیە.

مەحموود موحەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەشێک لە قسەکانی ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک پارتی کاندیدمان لەنێو زۆربەی پێکهاتە نەتەوەییە جیاجیاکانی وەک عەڕەب، تورکمان، کلد، ئاشووری نەتەوە جیاوازەکانی دیکە هەیە، هەروەها لەنێو ئایینە جیاوازەکان و مەزهەبە جیاکانیشدا کاندیدمان هەیە بە موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، سوننە و شیعەوەش، ئاماژەی بەوەشکرد لە نێو سەرکردایەتی حیزبەکەشماندا پێکهاتە و نەتەوەى جیاواز و فرە ئایینە جیاوازەکانی تێدایە، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بنەماکانی پارتی و باوەڕبوونییان بە پێکەوە ژیان.

وتەبێژی پارتی گوتیشی؛ پارتی باوەڕی بە دید و بۆچوونی و فیکر و ئایدیای جیاواز هەیە، ئامانجمان چاکسازی و پێشکەوتن و خزمەتکردنی خەڵکە، لە پێناو بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەکەمان، هەروەها وتیشی ئێمە نەک تەنها هەرێمی کوردستان بەڵکو دەتوانین هەموو عێڕاقیش بەڕێوەببەین، بۆیە کاندیدمان لە زۆربەی پارێزگا جیاجیاکاندا.

مەحموود موحەممەد ڕوونیشیکردەوە، هیچ کاتێک شەڕی ئێمە لەگەڵ عەڕەب نەبووە وەک نەتەوە، ئێمە دژی دەمارگیری و تەعەسوبی نەتەوەیین، بەڵکوو کێشەی ئێمە لەگەڵ حکومڕانەکانیان بووە، بۆیە ئێمە داوای حکوومەتێک دەکەین کە باوەڕی بە بنەماکانی دیموکراسی هەبێت لەپێناو خۆشگوزەرانی هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان، نەک  مافی هاووڵاتییان لە تەواوی عێڕاق پێشێل بکرێت و داهات بکرێت بە چەکێک بە سینگی یەکترەوە بنرێت.

گوتیشی، ئێمە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی خۆمانین و دەزانین چۆن چارەسەری کێشەکەنمان بکەین، بۆیە هەردەم دەرگای گفتوگۆمان کراوە بووە تەنانەت لە کاتی خەباتی چەکداریشدا دەرگای گفتووگۆمان دانەخستووە، بەڵام بەداخەوە حوکمڕانەکانی عێڕاق وانین لە جیاتی چارەسەرکردنی کێ‌شەکان قوڵتری دەکەنەوە، بۆیەش لە ئێستادا کێشەکان لە هەموو ڕووێکەوە قوڵبووەتەوە، چونکە کەڵەکەبووی کێشە و ئەزموونەکانی ڕابردوویانە.

وتەبێژی پارتی لە کۆتایی قسەکانیشدا گوتی، بڕیار وایە لە ١١ـی ئەیلولەوە بە فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەین.

 

ئا. عەبدوڵڵا ئازاد

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.