هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی .. ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی ستران و ته‌مه‌نێكی كه‌م ..!

Thumbnail

ده‌نگێكى خۆڕسك و بێخه‌وه‌ش و  دره‌وشاوه‌ى هونه‌رى ميللى له‌بوارى مه‌قام و به‌سته‌دا ، له‌ده‌رگاى بيرو هۆشم وهانم ده‌دا كه‌ پێنووس بگرمه‌ ده‌ست و يادێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار و فره‌ به‌خششه‌ به‌گه‌نجينه‌ى هونه‌رى ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى بخه‌مه‌ سه‌ركاغه‌ز، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م نازانم له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندى هونه‌ره‌  ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م .


كاتێك گه‌ره‌كمان بێت باس له‌ژيان و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى  هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح داوده‌ ) بكه‌ين ، ناوێكى دره‌وشاوه‌و مامۆستاى ، مامۆستاى مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى ( عه‌لى مه‌ردان ) دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ويش ( خدر بارام چاوه‌ش ) باپيرى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ ، 
گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندى نه‌ته‌وه‌كه‌مان  مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هيچ كات نه‌يشاردۆته‌وه‌ و هه‌ميشه‌ به‌ڕاشكاوى و ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌ وتوويه‌تى من قوتابى (خدر بارام چاوه‌ش ) م، سه‌لاح داوده‌ى هونه‌رمه‌ند پێمان ده‌ڵێت ( ئانێ مامۆستا عه‌لى مه‌ردان زانى  من نه‌وه‌ى خدر بارامى چاوشم ، پێمى وت كاكه‌ من له‌ باباى تۆوه‌ فێر ئه‌م مه‌قامێله‌ بيم و ئێوه‌ گشتان گۆرانيوێژ و مه‌قاموێژن) (*1)  گڵكۆكه‌ت غه‌ريقى ڕه‌حمه‌ت بێت مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، بزانن به‌چ زمانێ شيرينى گه‌رميانى ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌ .
ڕه‌گ و ڕيشه‌ى هونه‌رى مه‌قامبێژى  و گۆرانيبێژى ( خدر بارام چاوه‌ش ) ڕه‌گى  له‌ناو خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا داكوتاوه‌ و ڕيشاڵى ڕه‌گه‌كانى درێژ بۆته‌وه‌و په‌ل و پۆى هاويشتووه‌ تاگه‌يشتۆته‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، ئه‌ويش زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و په‌يامه‌ پيرۆزه‌ى تا دواساته‌كانى ژيانى پاراست و  زۆر زه‌حمه‌ت و جه‌ورى كێشا  تا گه‌ياندييه‌  گه‌نجينه‌ى هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، خاوه‌ن ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوى ناوچه‌يه‌كى فراوان و گرنگ و لانكه‌ى ( ئه‌ڵلاوه‌يسى و قه‌تار و خاوكه‌ر و خورشيدى و ئاى ئاى ) له‌ڕێي ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌يه‌وه‌ پانتاييه‌كى فراوانى له‌ته‌واوى كوردستان داگير كردووه‌ ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و نه‌خوێنده‌واره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، هه‌مووكات به‌و پۆشاكه‌ ( كه‌واو سه‌ڵته‌ ) و سيماى بێ نازو ده‌م و دووى شيرينى و ئاوازه‌ به‌سۆزه‌كانى ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هونه‌رمه‌ندێكى بێ فيزو ساده‌و خاكى، زاده‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كى بنده‌سته‌ و هه‌ميشه‌ له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌ى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايه‌تيدا ناڵاندوويه‌تى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌  له‌ ( ئه‌لبوسه‌باح ) ه‌وه‌   بۆ  ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام .....!
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وريا ئه‌حمه‌د ) له‌ ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ناسرى ڕه‌زازى ، ساڵى 1984 دا  ده‌ڵێت ( بۆم هه‌يه‌ بڵيم چۆله‌كه‌ى سه‌رگوێسوانه‌كه‌شيان  له‌ هى خه‌ڵكى دى ده‌نگ خۆشتر بوونه‌ ) ئه‌و ده‌سته‌واژه‌يه‌  پڕاوپڕى  ژيانى هونه‌رى  بنه‌ماڵه‌ى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ ، هونه‌رمه‌ند  ( سه‌لاح محه‌مه‌د خدر بارام چاوه‌ش) ناسراو به‌ ( سه‌لاح داوده‌ ) ، له‌خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى گه‌رميان و لێوان لێو له‌ هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشيي ،  له‌ ناحيه‌ى ( ئه‌لبوسه‌باح) ى سه‌ربه‌شارۆچكه‌ى ( توزخورماتوو) له‌ساڵى (1941) به‌دنيا هاتووه‌،په‌روه‌ردگار منداڵێك ده‌به‌خشێت به‌خانه‌واده‌ى (محه‌مه‌د خدر) ئه‌و پياوه‌ى وه‌ك ميرات به‌هره‌ى ده‌نگخۆشيي و لێزانى و شاره‌زايي له‌ باوكيه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌،هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رييه‌ پڕ چێژانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى سه‌لاح وه‌ك ئه‌مانه‌تێك ڕێنوێنى ده‌كات و فێرى ده‌كات و هه‌ميشه‌ هانى ده‌دات، تا ئه‌و ڕێگا پيرۆزه‌ى مه‌قامبێژى و به‌سته‌بێژى كوێر نه‌بێته‌وه‌ و، مۆركى ڕه‌سه‌نايه‌تيه‌ ميللييه‌كه‌ ڕۆشن و به‌رده‌وام بێت . 
به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ناو خانه‌واده‌كه‌يدا هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشيي به‌ميرات بۆيان ماوه‌ته‌وه‌ و باوكى واته‌ ( محه‌مه‌د خدر ) ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژى گونده‌كه‌يان و ناوچه‌كه‌بووه‌ ، به‌رده‌وام له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و ديوه‌خانه‌كان و له‌ناو خزم‌ و دۆستانيدا، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى گۆرانى و مه‌قامى چڕيوه‌ ، بۆ ئه‌و كۆڕانه‌ سه‌لاحى كوڕى كه‌هێشتا منداڵبووه‌و له‌ته‌ك خۆيدا بردوويه‌تى بۆئه‌وه‌ى ئاشناى بكات و به‌و كه‌ش و ژينگه‌ لێوڕيژه‌ له‌به‌سته‌ و مه‌قام و شادى به‌خشه‌ ، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند  نه‌توانراوه‌ بخرێته‌ به‌رخوێندن و له‌خوێندن بێ به‌ش بووه‌، ئه‌و به‌شداريكردنه‌ى له‌گه‌ڵ باوكيدا ده‌بێته‌ فێرگه‌يه‌ك بۆ سه‌لاح  و خه‌رمانه‌ى هه‌ست و سه‌ليقه‌ى هونه‌رى له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ده‌بێته‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى و له‌نێو كۆڕو كۆمه‌ڵ و خزم و كه‌س وكاردا گۆرانى ده‌خوێنێ ،
له‌ته‌مه‌نى (18) ساڵيدا له‌ئه‌لبوسه‌باحه‌وه‌  ماڵ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شاره‌ دێرينه‌كه‌ى كوردان ، شارى كه‌ركوك و له‌ گه‌ڕه‌كى ( باداوا) نيشته‌جێ ده‌بن ، له‌م ژيانه‌ نوێيه‌ى شار بۆ ئه‌و نامۆ ده‌بێت ، به‌ڵام به‌هۆى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌يه‌وه‌ و چڕينى به‌سته‌و مه‌قام،  هه‌ر زۆر زوو تێكه‌ڵاو به‌ خه‌ڵك ده‌بێت و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا په‌يدا ده‌كات، لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشيي و به‌رده‌واميي و هاندانى ده‌ست پێده‌كات كه‌ بچێته‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا گۆرانى و مه‌قام تۆماربكات.
 هونه‌رمه‌ند( ئه‌حمه‌د داوده‌ 1926_1979) كه‌ يه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌  باڵه‌بانژه‌نه‌كانى گه‌رميان و كوردستان ، ئامۆزاى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌ته‌مه‌ن تر بووه‌ ، به‌هۆى به‌ناوبانگيي و تواناى باڵه‌بانژه‌نييه‌كيه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆك هۆزه‌كه‌يان ( دارا به‌گ) چه‌ند جارێك چۆته‌ به‌غدا و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ مامۆستا ( عه‌لى مه‌ردان ) په‌يداكردووه‌ ، ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵيم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ كاريگه‌ريي زۆرى له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن و پێگه‌ياندنى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌بووه‌ جگه‌ له‌ ماڵباته‌ هونه‌رييه‌كه‌ى خۆى .
ئه‌حمه‌د داوده‌ى باڵه‌بانژه‌ن زۆر هاني هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵيدا بچێته‌ به‌غدا بۆئيزگه‌ى كوردى ، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ شارى به‌غدا ، به‌رله‌وه‌ى بچنه‌ ئيستگه‌ ، ماوه‌ى (3) مانگ له‌به‌غدا ده‌مێننه‌وه‌ له‌لاى دۆست و ناسياوه‌كانيان ده‌مێننه‌وه‌، هه‌موو شه‌وێك كۆڕ و به‌زمى مه‌قام و به‌سته‌ تادره‌نگانێكى شه‌و سه‌لاح داوده‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يي و ئه‌حمه‌د داوده‌ به‌باڵه‌نه‌كه‌ى ،ئه‌و كۆڕانه‌يان جوانتر و ڕازاندۆته‌وه‌و شادييان به‌ڕۆحى ئاماده‌بووان به‌خشيوه‌ ، دواى ئه‌و سێ مانگ مانه‌وه‌يان پاشان چوونه‌ته‌‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا.
هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ ئيزگه‌‌  مامۆستا عه‌لى مه‌ردان پێشوازييان لێده‌كات ، چونكه‌ پێشتر له‌ ( له‌يلان ) ه‌وه‌ هاتووچۆ و ناسياوييان هه‌بووه‌ ، و په‌يوه‌ندى مامۆستا عه‌لى مه‌ردان و محه‌مه‌د خدرى باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ له‌و كاته‌وه‌ بووه‌ و نێوانيان خۆشبووه‌ ، له‌ساڵى (1949) مامۆستا عه‌لى مه‌ردان داواو ڕێنوێنى باوكى سه‌لاح داوده‌ى كردووه‌ كه‌ بچێته‌ ئيزگه‌ و ده‌نگى تۆماربكات چونكه‌ زانيويه‌تى كه‌ خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆش و مه‌قامزانێكى به‌توانايه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌چووه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ وه‌ك زۆر له‌ده‌نگخۆشه‌كانى  ترى كوردستان ده‌نگيان تۆمارنه‌كران  و له‌سۆزو چێژى هونه‌ره‌كه‌يان بێ به‌ش‌ بووين .
 مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( باكورى ) وه‌ك شايه‌تحاڵيك بۆيه‌كه‌م ديدارى له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ندان له‌ ئيزگه‌ى كوردى ئه‌وڕۆژه‌مان به‌م شێوه‌يه‌ بۆ ده‌گێڕيته‌وه‌ ( پايزى ساڵى 1957 بوو چوومه‌ ئيزگه‌ بۆ ئاهه‌نگى هه‌فتانه‌ى خۆم ، هێشتا كاتم مابوو بۆ تۆماركردن له‌ هۆڵه‌كه‌ دانيشتم مامۆستا عه‌لى مه‌ردانيش له‌وێ بوو، دواى كه‌مێك كابرايه‌كى به‌ته‌مه‌ن ، چاكه‌ت له‌سه‌ر كه‌وايه‌كى درێژ و قايشێكى له‌ناوقه‌دى به‌ستبووجه‌مه‌دانييه‌كى له‌سه‌ر به‌ستبوو به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى كورده‌كانى كه‌ركوك.
له‌دواى ئه‌و (3) سێ مناڵ به‌هه‌مان شێوه‌ جل و به‌رگيان له‌به‌ر بوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و سڵاويان كرد، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان دياربوو پێشتر ده‌يناسين،وتى : ئه‌مه‌ (كاك ئه‌حمه‌د داوده‌يه‌) نه‌ى ژه‌نێكى بليمه‌ته‌،ئه‌وانيش مناڵى خۆيي و ئامۆزاكان له‌گه‌رميانه‌وه‌ و له كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌عوه‌تمان كردوون و گۆرانى و مه‌قامى خۆش ده‌ڵێن، كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نى( 16 يان 17 ) ساڵ ده‌بوو ( مه‌به‌ستى سه‌لاح داوده‌يه‌ ) ئه‌وه‌كه‌ى تر چه‌ند ساڵێك بچوكتر بوو سێييه‌ميان زۆر مناڵ بوو ، دواتر زانيم ئه‌و تيپه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئه‌وانه‌ بوون ، 
1/ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌  ( ئه‌حمه‌د نه‌ى ژه‌ن يان به‌أه‌بان ژه‌ن ) بوو.
2/گه‌نجه‌كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌گووت ناوى (سه‌لاح ) بوو 
3/ فايه‌ق سێيه‌مه‌كه‌ بوو .
4/ مناڵه‌كه‌ش (نه‌وزاد ) كوڕى كاك ئه‌حمه‌د بوو ، گشتييان له‌عه‌شره‌تى( داوده‌) ى گه‌رميان بوون. ) (*3)   
له‌و سه‌ردانه‌يدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى گۆرانى و مه‌قام و خاوه‌نى ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵ و پڕ چێژه‌ بۆ ئيستگه‌ (9 )  مه‌قام و به‌سته‌ تۆمارده‌كات وده‌بێته‌ جێى خۆشحاڵى و په‌سه‌ندكردنى و له‌ئيزگه‌ى  كوردى به‌غداوه‌  ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى سه‌لاح داوده‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ، ئه‌و ده‌نگه‌ پر چێژه‌ خۆشه‌ گه‌رميانييه‌ سنووره‌كان ده‌به‌زێنێ و به‌كوردستاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌ .بۆهه‌ربه‌سته‌و مه‌قامێك (2) دوو دينار ، واته‌ (18) هه‌ژده‌ دينارييان وه‌ك پاداشت داوه‌تێ.
باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى شاره‌زايي له‌ ژه‌نينى (  زوڕنا ونه‌يي و ساز ) دا هه‌بووه‌ و هه‌وڵيشى داوه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ى فێرى ژه‌نينى ئه‌و ئامێرانه‌ بێت .
  باوك و كوڕى ده‌نگخۆش له‌چه‌ند ئاهه‌نگ وزه‌ماوه‌ندێكدا پێكه‌وه‌ گۆرانييان خوێندووه‌ ، ئه‌و گۆرانياينه‌ى ئه‌و كاته‌ كه‌ زۆر له‌سه‌ر زار و باو بوون بريتى بوون له‌ ( كراس زه‌ردێ ، پرسيم له‌چيمه‌ن ، كزه‌ى جه‌رگانم و گه‌ردوون من چيبكه‌م،،،،تاد ) به‌ڵام هه‌موو كات( باوكى پێى وتووه‌ كوڕم شه‌رم مه‌كه‌  گۆرانى و مه‌قام گوتن پشتاو پشت بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ ئيش و كارمانه‌ ) (*2)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ماوه‌ى (29) ساڵ له‌ژيانى خۆى ته‌رخانكردووه‌ بۆئيزگه‌ى كوردى به‌غداو چه‌ندين به‌سته‌و مه‌قامى تۆماركردووه‌ واته‌ له‌ساڵى (1957) وه‌ تا دوا چوونى بۆ ئيستگه‌ له‌‌ ساڵى (1986)  نزيكه‌ى  (60) گۆرانى و مه‌قامى تۆماركردووه‌ ،  زياتر له‌ ( 20) گۆرانى و مه‌قاميشى بۆ ته‌له‌فزيۆن له‌به‌غدا و كه‌ركوك  تۆماركردووه‌ ، يه‌كه‌م گۆرانى كه‌بۆ ته‌له‌فزيۆن  تۆمارى كردووه‌ ، گۆرانى ( كوێستانان خاڵ خاڵ ) له‌به‌غدا له‌ساڵى (1978) بووه‌،  هونه‌رمه‌ند به‌تۆماركردنى  مه‌قامى (ئه‌ڵڵاوه‌يسى ) و به‌سته‌ى ( ئامينێ نازه‌نينێ ) كۆتايي به‌ سه‌ردانه‌كانى بۆ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا ده‌هێنێ‌،  ئه‌وماوه‌يه‌ كه‌ هاتوچۆى ئيزگه‌ى كوردى به‌غداى كردووه‌ ، ئاشنايه‌تى و په‌يوه‌ندى زۆر و فراوانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كانى ئه‌و كاته‌ دا په‌يدا كردووه‌ وه‌ك ( عه‌لى مه‌ردان ، حسێن عه‌لى ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، شه‌ماڵ سائيب ، تايه‌ر تۆفيق و خوداداد عه‌لى  و....تاد).
هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌نگخۆش و به‌سته‌ بێژ بووه‌ ، مه‌قامزان و مه‌قامناس و مه‌قامبێژێكى به‌تواناى گه‌رميان و هه‌موو كوردستانه‌ ، هه‌روه‌ها شاره‌زايي هه‌بووه‌ له‌ ژه‌نينى ئامێرى ( زوڕنا و نه‌يي  وده‌هۆڵ) به‌شدارى له‌چه‌ندين ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و بۆنه‌كاندا كردووه‌ بۆ مه‌به‌ستى دابينكردنى بژێوى ژيانى  خۆيي و خانه‌واده‌كه‌ى .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌لف و بێى كوردى له‌قوتابخانه‌ نه‌خوێندووه‌ ، به‌ڵام له‌ كاره‌كه‌يدا كه‌ هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌بێژى بووه‌ كه‌سێكى به‌ئاگا و شاره‌زابووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ فراوانه‌ى تێيدا ژياوه‌و گه‌وره‌ بووه‌ (گه‌رميان) چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌بوارى هونه‌رى مه‌قام وبه‌سته‌ دا، ئاواييه‌ك بۆ ئاواييه‌كى ديكه‌ى گه‌رميان له‌ڕووى گۆرانى و مه‌قامه‌وه‌ جياوازييان هه‌يه‌ له‌شێوه‌ى چڕيندا،
له‌ديمانه‌يه‌كدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ پێمان ده‌ڵێت  ( بۆنموونه‌ ئه‌ڵڵاوه‌يسى جه‌بارييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵڵاوه‌يسى داودييه‌كان جيايه‌ ،تايبه‌تمه‌ندى گۆرانى كه‌ركوك و گه‌رميان و مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى كوردى زۆرينه‌ى له‌گه‌رميانه‌ جۆرى گۆرانى گوتنيشيان له‌گه‌ڵ جێگاكانى تر جيان ، زۆرينه‌ى مه‌قامه‌ كوردييه‌كان هى ناوچه‌ى گه‌رميانن وه‌ك ئه‌ڵڵاوه‌يسى ، يارغه‌زاڵ ، خورشيدى و خاوكه‌ر ، هه‌موويان مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردين له‌شوێنێ بۆ شوێنێكى تر جياوازه‌ ، شوێنێك ئاى ئاى زۆرباش ده‌ڵێ ، شوێنێكى تر قه‌تار باش ده‌ڵێ) (*4)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ مه‌قام و به‌سته‌ خوێندنى كردۆته‌ پيشه‌ و له‌وڕێگه‌يه‌وه‌ بژێوى ژيانى دابينكردووه‌ ، به‌ڵام چ بژێويه‌ك به‌ژيانێكى كوله‌مه‌رگى ، جێى داخه‌ تائێستا هونه‌ر نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى دابينكردنى ژيانى هونه‌رمه‌ند ،به‌ڵام ئه‌م  دڵسۆزبووه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ى و فه‌رامۆشيى نه‌كردووه‌ ، دواى نه‌چوونه‌وه‌ى بۆ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵى ئاهه‌نگ  و به‌زمى شه‌وانه‌ى كۆڕى ياران  و زه‌ماوه‌ند بووه‌  له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده‌ و فايه‌ق داوده‌ ، ئه‌وئامێرانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌نگى خۆشى سه‌لاح داوده‌ دا كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه‌  باڵه‌بان و زه‌ڕبێك بووه‌ ، به‌ڵام چ هونه‌رێكيان خوڵقاندووه‌ ، كه‌ هه‌ركات گوێبيستى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى سه‌لاح داوده‌ ده‌بيت ، له‌ ده‌نگ و ژه‌نين و ڕيتم و ميلۆدى گۆرانييه‌كان سه‌رت سوڕده‌مێنێ و چێژت پێ ده‌به‌خشێت ، هونه‌رێكى هه‌ژار و له‌ناوه‌رۆكدا ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌لوتكه‌ى ئاوازو گۆرانيدا.
له‌و گه‌شته‌ هونه‌رييه‌ كه‌ ماوه‌ى نيوسه‌ده‌ له‌نێو چرينى مه‌قام و به‌سته‌ و ژه‌نينى ئامێره‌كانى ( ده‌هۆڵ و زوڕنا ) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردوون ، به‌ده‌يان ئاهه‌نگى  له‌ماڵان  له‌كه‌ركوك و شاره‌كانى كوردستان  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان تۆماركردووه‌ وه‌ك ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، هابه‌ و مشكۆ، شكور خه‌يات و  سابير كوردستانى ) له‌تۆمارگاكاندا وه‌ك دۆكۆمێنت ماون ، ده‌توانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ له‌كاتى ژيانيدا و دواى كۆچكردنى له‌وانه‌يه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك له‌و هه‌موو ئاهه‌نگانه‌ى تۆماريكردوون،  وه‌ك ئه‌رشيف له‌لاى خۆيي و خانه‌واده‌كه‌ى  بووبێت ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرفت و خه‌مێكى به‌هه‌ند وه‌رنه‌گيراوى ئه‌رشيفى هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌لايه‌ن ده‌زگايه‌كى تايبه‌تمه‌نده‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵێت ( سه‌لاح داوده‌ خۆى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ زياتر له‌ (60) گۆرانى و مه‌قامى بۆ ئيزگه‌ى كوردى و زياتر له‌ ( 20) گۆرانى و مه‌قاميشى بۆته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆماركردووه‌،هه‌روه‌ها نزيكه‌ى (300) كاسێتى له‌ئاهه‌نگه‌ تايبه‌تييه‌كاندا تۆماركردووه‌، به‌ڵام به‌بۆچوونى  من به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى نێو كاسێته‌كان ته‌نيا گۆرانييه‌ توركمانييه‌كانى لێبترازێ ، ئه‌وانى تر دووباره‌ كردنه‌وه‌ى مه‌قام و گۆرانييه‌كانى پێشترن كه‌ پێده‌چێ له‌سه‌رووى (100) به‌رهه‌مه‌وه‌ بن ) (*5)
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌ريايه‌كه‌ له‌ هونه‌ر ، له‌مه‌قام و به‌سته‌دا ده‌هێنێ و پێويسته‌  توێژينه‌وه‌ له‌لايه‌ن  مامۆستايان و شاره‌زايانى بوارى موزيك و مه‌قام و گۆرانى ، بۆ ده‌نگ و ئه‌داو كاره‌ هونه‌رييه‌كانى له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى ژيانى هونه‌ري هونه‌رمه‌ند بكرێت ،
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌هه‌رچه‌رمه‌سه‌ريي و نه‌دارييه‌ك  كه‌ تێدا ژيا ، توانيويه‌تى ده‌يان ئاواز  له‌گۆرانى و مه‌قامى ڕه‌سه‌نى گه‌رميان بچرێ و له‌فه‌وتان ڕزگاريان بكات ،نموونه‌ى  گۆرانييه‌ خۆشه‌كانى  هونه‌رمه‌ند كه‌ له‌ياده‌وره‌ى زۆربه‌ماندا به‌پيرۆزى  ماوه‌ته‌وه‌  (ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌  ، حه‌بيه‌ خان ، ئامۆزاگيان ، ياروه‌ره‌وه‌ ، ڕێزه‌ به‌ڕيزه‌ گيانه‌ ، خانزاده‌خان ، شه‌ده‌لار ، خرينگه‌ ، ڕه‌يحانه‌ و له‌و كه‌له‌ ده‌نگى ساز دێ ).
  هونه‌رمه‌ند ته‌نها و ته‌نها بۆ مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى ژيا و شكۆى هونه‌ره‌كه‌ى ڕاده‌ستى ڕژێمى به‌عس نه‌كرد  و  به‌ده‌ست هه‌ژارى و ده‌ستكورتى و كرێنشينيه‌وه‌ زۆر ئازارى چه‌شتووه‌‌ ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ووره‌ به‌رزو هيچ كات نه‌ي ويستوه‌ ملكه‌چى پاروه‌ نانێك بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ژيانه‌ هه‌ژارييه‌ ده‌يگوزه‌راند، هه‌ركۆڵى نه‌داوه‌ تا دواساته‌كانى ژيانى خزمه‌تى  به‌مه‌قام و گۆرانى و هونه‌ر و كه‌لتوورى كوردى كرد ، سه‌لاح داوده‌ كه‌سايه‌تيه‌كى كه‌م دوو و هێمن و ده‌ست پاك و نه‌فس به‌رزبووه‌.
له‌دواى ڕاپه‌ڕينيشه‌وه‌ ، له‌لايه‌ن  كه‌ناڵه‌ ئاسمانييه‌كانه‌وه‌  تا له‌ژياندا بوو چه‌ندين به‌رنامه‌ى ديدارى هونه‌رييان  له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامداوه‌ ، كه‌ جێى ستايش و به‌رزنرخاندنن .
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ خێزانداره‌و له‌دواى خۆى كوڕه‌كانى   به‌تايبه‌ت ( عه‌باس و دلشاد ) ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى باوكيان گرتۆته‌ به‌رو شاره‌زايي و تواناى مه‌قام و به‌سته‌ بێژى له‌قوتابخانه‌ نه‌مره‌كه‌ى باوكيانه‌وه‌ فێربوون ،
له‌يه‌كه‌مين ساليادى دامه‌زراندنى  ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام له‌شارى كه‌ركوك ، له‌هۆڵى (نه‌ورۆز ) به‌وبۆنه‌يه‌وه‌ ئاهه‌نگێك سازده‌كرێت و هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ‌ گه‌وره‌و شاره‌زا له‌و بواره‌دا بانگهێشتى ئه‌و ساڵياده‌ ده‌كرێت و به‌مه‌قامى (قه‌تارو خاوكه‌ر) و به‌سته‌ى ( ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌) به‌شدارى ده‌كات ،دواى ته‌واو بوون و هاتنه‌ خواره‌وه‌ى له‌سه‌ر شانۆ، به‌داخه‌وه‌ ته‌ندروستى تێكده‌چێت و ده‌يگه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادى له‌شارى كه‌ركوك ، له‌كاتژمێر (8) ى شه‌وى هه‌مان ڕۆژ به‌هۆى جه‌ڵته‌ى دڵه‌وه‌ كۆچى دوايي ده‌كات،
به‌و كۆچه‌ كتوپڕه‌ى خه‌مێكى گه‌وره‌ى له‌نێو دڵ و ده‌روونى هه‌واداران و هونه‌رمه‌ندان و ئازيزان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا دروست كرد ، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ته‌نها له‌خانه‌واده‌كه‌ى نه‌ڕۆيشت به‌ڵكو له‌ هونه‌رى كوردى و هه‌موو ميلله‌تى كورد ڕۆيشت ، نيشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ى  سه‌ربه‌رزو به‌خته‌وره‌ به‌هونه‌ر و كه‌سايه‌تيه‌كه‌ى ، ئۆغرى خێر و دروود و سڵاو بۆگيانى پاكى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده ‌و هونه‌رمه‌ندى باڵه‌بانژه‌ن ئه‌حمه‌د داوده‌ و ته‌واوى هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌كانى گه‌له‌كه‌مان  گڵكۆكانيان هه‌ميشه‌ چراخان و لێوڕيژبێت له‌ مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى گه‌رميان .
جه‌مالى ده‌لاك  17/3/2021 هه‌ولێر  
سه‌رچاوه‌ : (*1و5) ئاهێك بۆ مه‌رگى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د _ گۆڤارى چلاواز ژماره‌ ( 39) ئايارى 2009 ، لاپه‌ڕه‌ (21) 
(*2 و 4) ديمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، جيهان به‌خش محه‌مه‌د كۆيي ، گۆڤارى ڕامان ژماره‌ ( 64) 5/10/2001، لاپه‌ڕه‌ (101) 
(*3) ناميلكه‌ى ڕازێك بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ باكورى _ لاپه‌ڕه‌ (10)

( 1960 _ 20/1/1986)
Thumbnail

شارۆچكه‌ی (زاخۆ) له‌ده‌ڤه‌ری بادینان ناوچه‌یه‌ك و پێگه‌یه‌كی گرنگی ئابووریی و مێژوویی هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌كی دڵڕفێنی جوانه‌ له‌ڕوویی گه‌شتیارییه‌وه‌، جیاله‌وه‌ی خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی مێژووییهو خاوه‌نی چه‌ندین شوێنه‌واری دێرینی گرنگی ناوچه‌كه‌و كوردستانه‌ وه‌ك ( پردی ده‌لال ، كه‌لی زاخۆ ، كه‌لی قوباد پاشا و شوێنه‌واری كێسته‌) یه‌ ، له‌بواری هونه‌ری موزیك و گۆرانی یشه‌وه‌ ،ده‌ڤه‌رێكی تژی یه‌ له‌ هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی به‌تواناو ده‌نگخۆش و پڕ به‌خششی هونه‌رییه‌ ، زاخۆی ده‌لال به‌كانگای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ناسراوه‌ ، هه‌ركاتێك ناوی زاخۆی ده‌لال دێته‌ سه‌رزاران دوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ وده‌نگخۆشیی ئه‌و شاره‌ شیرینه‌ و له‌پاڵ ناوی زاخۆ دا ناو و هونه‌ره‌كه‌یان له‌ده‌رگای بیر و هه‌ستمان ده‌ده‌ن، ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌ ( ئه‌یاز  و ئه‌رده‌وان زاخۆیی ) یه‌.

یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌ به‌ناوبانگ و هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی  هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) ( من دیت جارا عه‌ولی) یه‌، ئه‌وانه‌ی عاشقی گۆرانی و موزیكی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌یانن،كه‌ گوێبیستی ئه‌و گۆرانییه‌ ده‌بن به‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵ و ئارام به‌خشه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ڕایان نه‌چڵه‌كێنێت و وه‌ك  ئه‌و با فێنك و ئارامه‌ی شنه‌ی شه‌ماڵ هه‌ست و بیرو هۆشیان به‌ته‌زوویه‌كی سارد، ڕۆح  و ‌جه‌سته‌یان سه‌رحاڵ و ئارام ده‌بێته‌وه‌.

1

هونه‌رمه‌ندێك له‌ماوه‌ی (25) ساڵ ته‌مه‌نیدا ، هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن له‌ تێكست و ئاواز به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی به‌خشییه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ، هونه‌رمه‌ندێكی به‌ژن و باڵابه‌رز و جوان و شه‌رمن ، هه‌ست ناسك و نه‌فس به‌رز، لێوانلێو له‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیره‌ك و لێهاتوو و لێزان له‌بڕیاردان له‌سه‌رهه‌ڵبژاردنی تێكست و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری ، خاوه‌ن ده‌نگێكی ڕه‌سه‌نی چیایی ، به‌ئه‌مه‌ك و مرۆڤێكی دلسۆزو به‌به‌زه‌یی و لێوڕیژ له‌ جوامێریی و خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رز.

له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌زۆر به‌ئاگاییه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ كه هونه‌ر و‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی  له‌نێو دڵ و ده‌روونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا ،‌ گه‌وره‌و بچوكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بچه‌سپێنێ و پێیان بڵێی ئه‌وه‌ هونه‌ری ده‌نگخۆشیی و سترانی ڕه‌سه‌ن له‌ زاخۆی ده‌لال ه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ی هۆگران و عاشقانی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی.

گورانی گوتن له‌لای ئه‌یاز زاخۆیی ته‌نها بۆئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ناو  و ناوبانگ په‌یدابكات نه‌خێر ..! به‌ڵكو ته‌نیا مه‌به‌ستی بووه‌  كه‌له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێكی پاك و بێگه‌رد پێشكه‌ش بكات، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی لێی ڕوانیوه‌و پێویسته‌ ده‌بێت ئه‌نجامی بدات، له‌و ماوه‌كه‌مه ی ژیانی تایبه‌تی و ژیانی هونه‌ریدا، هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی گۆرانی و سترانه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان له‌قوڵایی ناخ و هه‌ستی به‌رزییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون و تێكست و میلۆدییه‌كانی ئاوێنه‌نوێنی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی بووه‌ ، گه‌ره‌گی بووه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ی ده‌یبه‌خشێت له‌ناو دڵ و ده‌روون و نه‌ستی گوێگردا به‌زیندوویی بهێڵێته‌وه‌.

2

هه‌زاران ئافه‌رین بۆ ده‌نگی خۆش و توانای ئه‌داو چڕینی سترانت هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی به‌حورمه‌ته‌وه‌ باس  له‌دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی ئه‌و هۆزانڤانه‌ خامه‌ به‌رزانه‌ بكرێت كه‌ به‌خامه‌ی شیرینیان هۆنراوه‌ی ناسك و جوانیان بۆ هونه‌رمه‌ند نوسیوه‌، وه‌جێی خۆیه‌تی به‌هه‌مان شێوه‌ش سوپاسگوزاری بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ژه‌نیار و ئاواز دانه‌رانه‌ كه‌ میلۆدییه‌ به‌رزه‌كانیان پڕاوپڕ به‌گه‌روو  و  توانای هونه‌ری ئه‌یاز زاخۆیی داڕشتووه‌و ئاماده‌یان كردووه‌ ، كه‌واته‌ مامۆستاو هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ و به‌سته‌ بێژی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیدا له‌كتێبی گه‌ڵای پایز له‌خۆڕا نه‌یفه‌رمووه‌ كه‌ده‌ڵێت ( شاعیره‌كان به‌شیعره‌ جوانه‌كانیان نه‌شئه‌ ده‌ده‌ن به‌گۆرانییه‌كانی من و منیش به‌ئاوازی جوان باڵای شیعره‌كانی ئه‌وان به‌رزده‌كه‌مه‌وه‌) (*1)

ئه‌و وته‌ به‌نرخه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، زۆر گونجاو  و پڕ به‌به‌های ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی یه‌ كه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ئه‌و تێكسته‌ به‌نرخ و میلۆدییه‌ ناسك و پڕ سۆزانه‌ی به‌رجه‌سته‌تر كردووه‌و له‌خانه‌ی به‌رزو پیرۆزی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی دا بۆ هه‌میشه‌ به‌ پیرۆزی ده‌مێننه‌وه‌.

66

ده‌با بزانین ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نوێخوازو ده‌نگ زوڵاڵه‌ كێیه‌..؟

 ناوی ته‌واوی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز یوسف ئه‌حمه‌د عه‌لی)  له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و ناو هاوڕێكانیدا و له‌ته‌واوی كوردستان به‌ ( ئه‌یاز زاخۆیی) ناسراوه‌ ، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زاده‌ی باوكێكی ده‌نگخۆشی ناوچه‌كه‌یه‌، له‌ ساڵی (1960) له‌شارۆچكه‌ی زاخۆ به‌دنیا هاتووه‌، خاوه‌نی  چوار برا و چوار خوشكه‌ به‌ناوه‌كانی ( ئه‌حمه‌د ،فارس ، ڕه‌مه‌زان ، خه‌یری ،ساجیده‌، واحیده‌،مه‌قبوله‌ و فاتیمه‌)

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1966) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی (ئه‌حمه‌دی خانی)، له‌م قۆناغه‌دا هه‌ستی هونه‌ری ده‌بزوێت ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وچالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ی قوتابخانه‌كه‌یی و هه‌روه‌ها ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه‌ له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی دیوه‌خانان و گوێگرتن له‌به‌یتبێژ و ستران و لاوكبێژانه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی،به‌تایبه‌ت ده‌نگی هه‌ردوو گۆرانیبێژی باژێری زاخۆ ( ڕه‌مزی جه‌وهه‌ر و مه‌جیدێ عیسای)  له‌ڕێی هونه‌ر و ده‌نگی ئه‌و سترانبێژانه‌ وه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌نجینه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی پڕ كردووه‌ له‌ تێكست و سترانی  فۆلكلۆری ڕه‌سه‌نی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، ئه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكار كه‌ ئه‌یازی هونه‌رمه‌ند زیاتر حه‌زو خولیای بۆهونه‌ری گۆرانی گوتن زێده‌تربێت.11

له‌ساڵی (1976) خوێندنی ناوه‌ندی له‌قوتابخانه‌ی ( به‌درخان) ته‌واو ده‌كات و درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات و ده‌چێته‌ ئاماده‌یی كشتوكاڵی زاخۆ و له‌ساڵی (1979) بڕوانامه‌ به‌ده‌ست دێنێ،

ده‌ستپێكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی له‌ساڵی (1977) وه‌ ده‌ست پێده‌كات له‌به‌شداریكردنی له‌فیستڤاڵی لاوانی دهۆك ، به‌شداری له‌و ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و جه‌ژن و بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كاندا ده‌كات و زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌و ئاهه‌نگانه‌گۆرانی خوێندووه‌ و هه‌ست و سۆزی گوێگران و ئاماده‌بووانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوه‌.

دواتر هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته‌ كۆلیژی سه‌ربازی ، ده‌بێته‌ ئه‌فسه‌ر (ملازم) له‌ڕیزی سوپای عێراق، ئه‌م پۆست و كاره‌ی نابێته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا، به‌ڵكو هه‌رده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسابێت سه‌ردانی ڕادیۆی كوردی به‌غدای كردووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی هاندانی زۆر له‌ هاوڕێكانی كه‌ بچێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا تا له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاو ببێته‌وه‌.

بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی (1982) ده‌چێته‌ ڕادیۆی كوردی ،له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پسپۆری هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ڕادیۆ وه‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی تاقیده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌به‌ڵێ وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌و هیوای دواڕۆژێكی پرشنگداری بۆده‌خوازن و تروسكایه‌كی ڕۆشن له‌ده‌نگ و ئه‌دای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند دا به‌دی ده‌كه‌ن،

له‌هه‌مان ساڵدا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی دره‌وشاوه‌ی زاخۆی ده‌لال ( ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان زاخۆیی) پێكه‌وه‌ كاسێتێكی لاوك و ستران تۆمارده‌كه‌ن و زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌و و ده‌بێته‌ جێی سه‌رسوڕمان و خۆشحاڵی هۆگرانی هونه‌ری ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌،

هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ( زیاتر له‌ (20) گۆرانی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و  (5) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك تۆماركردووه‌ ) (*2)

گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی كه‌هه‌ریه‌كه‌یان شاكارێكن و له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و هۆگرانی ده‌نگ و سۆزی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ جێیان گرتووه‌  وه‌ك ( چوخك ، وه‌ڵاتێ من باخچێ گولا ، دادێ لاندكێ بهه‌ژینه‌ ،من دیت جارا عه‌ولی ،چپكه‌م ئه‌ز ، جانێ ده‌لالا من ، گۆڤه‌نده‌، بسكێت ته‌ د زراڤن، نه‌وروز هات و بگول و ڕیحان ، هیڤی و شه‌هید) زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه‌ بۆی دانراوه‌و له‌گه‌ڵ فۆلكلۆر، میلۆدی سترانه‌كانی  خودی هونه‌رمه‌ند توانای ئاواز دانانی هه‌بووه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ئاوازی بۆدانراوه‌،

گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندو  تێكست و ئاواز ....!

1/ من دیت جارا عه‌ولی  ...تێكست و ئاوازی ( به‌شار محه‌مه‌د)

2/ لاندك ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )

3/ به‌س خۆ گرانكه‌ ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )

4/بسكێته‌ زراڤن ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )

5/ دێ بهه‌ژینه‌ ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )

6/ گۆڤه‌ند ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )

7/ چبكه‌م ئه‌ز ... تێكست ( به‌ردخان سندی ) ئاوازی ( سه‌میر محه‌مه‌د زاخۆیی)

8/چۆخك ...فۆلكلۆر

9/ هێڤی ... تێكست ( غازی ئاكره‌یی) ئاوازی ( عه‌دنان حه‌مدی)

10/ كه‌ڤوك ... تێكست ( عه‌بدوڵڵا حوسێن) ئاوازی ( سه‌میر محه‌مه‌د زاخۆیی)

11/ ئه‌ڤین دایێ ... تێكست ( سه‌گڤان عه‌بدولحه‌كیم ) ئاوازی ( نوره‌دین ئیبراهیم) (*3)

ئه‌گه‌ر دنیا هه‌می گول بیت

گوله‌ك تنی به‌س هی منه‌

گۆھ ناده‌مه‌ گوتنێ خه‌ڵكی

مادام گولێ به‌دلێ منه‌ 

ئه‌م گۆرانییه‌ش له‌تێكستی ( عه‌بدولعه‌زیز خه‌یات) و ئاوازی  هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی.

له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هارو ژیانه‌وه‌ی كه‌ژ و كێو و شیو دۆڵ و ده‌شته‌ پان و به‌رینه‌كانی كوردستان و  هه‌ڵگیرسانی مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆزو  هاتنی ئه‌و جه‌ژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌ورۆز و پۆشینی جلو به‌رگی پیرۆزی كوردی و مژده‌ی هاتنی  وه‌رزی به‌هار و نه‌ورۆز له‌ڕێی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی حه‌مه‌ ساڵه‌ دیلان و حه‌سه‌ن زیره‌ك، هه‌روه‌ها له‌ ده‌ڤه‌ری بادینانیش ده‌نگی به‌سوزو زوڵاڵی هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها 1941_ 28/5/1995) و چرینی سترانی نه‌ورۆز  و هه‌روه‌ها ده‌نگی خۆشی ئه‌یاز زاخۆیی بۆمان ده‌خوێنێ به‌وده‌نگه‌ به‌سۆزه‌و  ده‌لێت ( نه‌ورۆز هات ب گول و ڕێحان)  له‌تێكستی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان)ه‌  ئه‌و سترانه‌ له‌یه‌كه‌م ساتی بڵیسه‌ی ئاگری نه‌ورۆزدا ده‌بێته‌ وێردی سه‌رزاری كیژان و كوڕان و لاوانی خوێن گه‌رمی وڵات له‌هه‌موو لایه‌كی وڵاته‌وه‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه.

له‌دوای كۆچكردنی هونه‌رمه‌ند ژماره‌یه‌ك گۆرانی بڵاونه‌كراوه‌ی له‌پاش به‌جێماوه‌و كه‌له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ پارێزراون و تائێستا بڵاویان نه‌كردۆته‌وه‌، یه‌كێك له‌هیواو ئاواته‌كانی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی به‌رده‌وام بیری لێكردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، به‌ڕێز ( سه‌گڤان عه‌بدولكه‌ریم ) له‌نامیلكه‌ی ( چۆخكێ ئه‌یازی ) دا نوسیویه‌تی ( هه‌روه‌كو خۆی چه‌ند جارێك باسی كردبوو دوای ته‌واو بوونی له‌سه‌ربازی ، مانه‌وه‌ی بووه‌ له‌شاری به‌غدا و كاركردن له‌ڕادیۆ و فێربوونی ئامێری موزیك بووه‌، چونكه‌ هیچ ئامێرێكی موزیكی نه‌زانیوه‌ ) (*4)

جێی داخه‌ ئه‌و هیواو ئاواته‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جوانخاس و پڕ به‌هره‌ و ده‌نگخۆشییه‌ نایه‌ته‌دی و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته‌ ژێر خاكه‌وه‌ ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌كه‌م ته‌مه‌نه‌ پر به‌خششه‌هونه‌رییه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ، دووچاری ( شێرپه‌نجه‌ی خوێن) ده‌بێت ، له‌نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی شاری موصڵ له‌ژێر چاودێری پزیشكدا ده‌بێت، به‌ڵام جێی داخه‌و ده‌رده‌كه‌ی كوشنده‌و بێ ده‌رمانه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 20/1/1986) گیانی پاكی ده‌سپێرێت له‌شاری موصڵ و كۆچی دوایی ده‌كات ، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ره‌كه ی بۆ هه‌میشه‌ له‌به‌ردڵانه‌و مێژوویه‌كی جوانی له‌دنیای هونه‌رو موزیك و ستران تۆماركرد، ته‌رمه‌ ساردو سڕه‌كه‌ی به‌ڵام له‌هونه‌ردا گه‌رم وگوڕ له‌سه‌ر داواكاری خۆیی ده‌یبنه‌وه‌  زێدی باب و باپیرانی و به‌ناو بازاڕی زاخۆدا  ته‌رمه‌كه‌ی بگێڕن و له‌گه‌ڵ ئاپۆره‌ی  ئه‌و خه‌ڵكه‌ خه‌م باره‌ سترانی ( وڵاتی من باخچێ گولان ) بده‌ن به‌گوێی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی  بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیزو هونه‌رمه‌ندی شاره‌كه‌یان  خه‌مبارن ، ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ له‌گۆڕستانی زاخۆ ده‌نێژرێت. له‌گه‌ڵ یادی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) دا ده‌بێت یادێك له‌ هونه‌رمه‌ندی شه‌هیدی سه‌رنگومكراو ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) بكه‌ینه‌وه‌ ،كه‌ له‌ڕێی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی سترانبێژییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌كانی كورد ده‌ژمێردرێت ،ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جوانه‌مه‌رگه‌ (ئه‌رده‌وان عه‌لی محه‌مه‌د ته‌ها) ناسراو به‌ ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی ) له‌ (1/7/1957) له‌زاخۆ له‌دایكبووه‌ و چه‌ندین ساڵ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری ، دوای (8) ڕۆژ له‌مه‌رگی له‌ناكاوی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی (ئه‌یاز زاخۆیی) له‌شاری به‌غدا له‌ میوانخانه‌ی ( ئه‌لئه‌غادیر) له‌شه‌وی (28 له‌سه‌ر 29/1/1986) پیاوه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌میوانخانه‌ی ناوبراو ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و تائێستا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شه‌هید بێسه‌رو شوێنه‌، هه‌زاران چه‌پكه‌گوڵی بۆنخۆشیی قه‌دپاڵی كێوه‌كانی كوردستان بۆسه‌ر گڵكۆی پیرۆزت هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز زاخۆیی) و ڕۆحی به‌رزه‌ فڕی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) ، ڕۆحتان شادو ئارام  بێت،

جه‌مالی ده‌لاك  18/5/2021‌  

سه‌رچاوه‌ : (*1) كتێبی  ( گۆرانیبێژی میللی ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) له‌ئاماده‌كردنی ( ڕه‌ووف شێخ جه‌میل) لاپه‌ڕه‌ (15)

(*2) كتێبی  ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی ،، تاهیر كرمانج ، ئه‌یاز زاخۆیی لاپه‌ڕه‌ ( 437) دیداری تاهیر كرمانج  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو له‌شاری هه‌ولێر ساڵی (1985)

(* 3  و 4) كتێبی په‌لكه‌ زێڕینه‌ ، هه‌ڵچنین و گوڵبژێرێك له‌ئاواز و گۆرانی ڕه‌سه‌ن و ژیانی هونه‌رمه‌ندان  ،،ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند مه‌جید خۆشناو ، لاپه‌ڕه‌ (131 و 128)