هونه‌رمه‌ند مه‌ره‌بێن سڵێوه‌ هه‌ست و نه‌ستی گوێگرانی به‌لای ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی ڕاده‌كێشا

له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا له‌ڕێكه‌وتی ( 4/10/2021) كۆچی دوایی كرد
Thumbnail

به‌داخه‌وه‌ بۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند ( مه‌ره‌بێن سڵیوه‌ حه‌نا ئیبراهیم ) ناسراو  به‌ ( مه‌ره‌بێن سڵێوه‌)

پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ و شاری كۆیه و‌ ئازیزان و هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ ( مه‌ره‌بێن سڵیوه‌) ده‌كه‌م ،  كه‌ له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا له‌ڕێكه‌وتی ( 4/10/2021) كۆچی دوایی كرد ، تكاكارم له‌په‌روه‌ردگار گیانی پاكی به‌به‌هه‌شت شادبكات  و سه‌بووریی و ئارامیی ببه‌خشێت به‌دڵ و ده‌روونی هه‌مووان و ڕۆحی شاد بێت،

هونه‌رمه‌ند مه‌ربێن سڵێوه‌  ( مه‌ره‌بێن سڵیوه‌ حه‌نا ئیبراهیم ) له‌ساڵی (1953) له‌ گه‌ڕه‌كی ( به‌فری قه‌ندی) له‌ شاره‌ جوانه‌كه‌ی كۆیه‌ ، خانه‌واده‌یه‌كی ئایینزای ( كریستییان)  به‌دنیا هاتووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌و كه‌ش و ژینگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی شاری كۆیه‌ گه‌شه‌ ده‌كات و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌نگخۆشان و به‌سته‌بێژ و مه‌قامبێژ و خۆشخوانانی وه‌ك  ( مه‌لا ئه‌سعه‌د ،سێوه‌ ، تایه‌رتۆفیق و هه‌روه‌ها ده‌نگی زوڵاڵی ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵلا) و له‌گه‌ڵ هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ و ، هه‌روه‌ها ئه‌و سرووته‌ ( ته‌راتیلی ) ئایینیانه‌ی  كه‌نیسه‌كانی شاری كۆیه‌  به‌ده‌نگی ( سێوه‌ ، خواجه‌ ئه‌وره‌ها ،  شعیا مه‌ره‌بێن و ئیبراهیم میخا) گه‌وره‌ده‌بێت. له‌و هونه‌رمه‌ند و خۆشخوانه‌ ئایینی یانه‌وه‌ زۆر شت فێر ده‌بێ و خه‌رمانی هونه‌ری خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات و ، به‌ڕێچكه‌ی ئه‌و زاته‌ به‌رزانه‌ دا ده‌ڕوات و به‌ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی له‌نێو كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و هاوڕێی و كۆڕو كۆبوونه‌كاندا به‌سته‌و مه‌قام ده‌چڕێ و هه‌ست و نه‌ستی گوێگران به‌لای ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی ڕاده‌كێشێ ،

له‌ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند به‌ماڵه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ شاری به‌غداد و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند خولیا و عه‌شقێكی زۆری ده‌بێ بۆ هونه‌ری مه‌قامبێژی ، هه‌رزۆر زوو خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی مه‌قامبێژانی ئه‌و سه‌رده‌می شاری به‌غدا و دوای خۆناساندن و تواناو لێهاتوویی له‌مه‌قامچڕیندا ، هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپی ( چاڵغی به‌غدادی)  

له‌ڕێكه‌وتی ( 12/7/1975) یه‌كه‌م كارێكی هونه‌ری كه‌ تۆماری ده‌كات مه‌قامێكه‌ به‌زمانی ( عه‌ره‌بی ) له‌سه‌ر مه‌قامی ( پێنج گاه) ، هونه‌رمه‌ند توانای چڕینی مه‌قاماتی هه‌بووه‌ به‌ زمانه‌كانی ( كوردی ، عه‌ره‌بی ، فارسی و توركی و مه‌سیحی) ، له‌ساڵی (1988) چه‌ند به‌رهه‌مێكی به‌سته‌و مه‌قام به‌زمانه‌كانی ئاماژه‌پێكراو بۆ ئیزگه‌ به‌شی كوردی و عه‌ره‌بی تۆمارده‌كات، له‌ساڵه‌كانی ( 1991، 1992و 1993) هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌چه‌ندین مه‌قام و به‌سته‌ له‌و سێ ساڵه‌ له‌ فیستڤاڵی ( بابل) به‌شدارده‌بێت،

هه‌روه‌ها له‌ فیستڤاڵی ( منیر ی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م) به‌شدار بووه‌ ، له‌پای به‌خشیینی هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌یی و تواناو لێهاتوویی له‌چرینی به‌سته‌و مه‌قامدا، له‌لایه‌ن ( بیت مقام العراقی) بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌ ،

هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت ، تا ساڵی (2006) هه‌وار ده‌گوازێته‌وه‌ و به‌یه‌كجاری ڕووده‌كاته‌وه‌ كوردستان و شنه‌ی شه‌ماڵی  كێوی هه‌یبه‌ سوڵتان و سه‌فین هه‌ڵده‌مژێته‌وه‌ و چاوه‌كانی به‌دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی زێده‌كه‌ی گه‌ش ده‌كاته‌وه‌،  به‌ڵام له‌م گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌شاره‌كه‌ی قه‌ڵاو مناره‌ ، پیره‌ هه‌ولێرێ  له‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت  و ، به‌ووزه‌و تینێكی هونه‌رییانه‌ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر ده‌گرێته‌وه‌ به‌ر و له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی وه‌ك ( كوردسات و عه‌شتار و زاگرۆس و گه‌لی كوردستان  و هه‌رێم ) چه‌ندین به‌رنامه‌و دیداری له‌گه‌ڵدا سازده‌كرێـ.ت.

له‌ڕێكه‌وتی ( 14/9/2011) هونه‌رمه‌ند ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ سازده‌كات ، له‌ژێرناونیشانی ( چرای پایز) كه‌له‌سه‌ر مه‌زاری ( مه‌ره‌بێنه‌ قه‌دیشه‌) ، به‌ده‌نگی خۆش و مه‌قام و به‌سته‌كانی دڵ و ده‌روونی ئاماده‌بووانی به‌جۆشتر و سه‌رمه‌ستر كردووه‌.

‌ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌سته‌ بێژ و مه‌قامبێژه‌ ( مه‌ره‌بێتنسڵیوه‌)  قوتابی قوتابخانه‌ به‌رزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( سێوه‌ ) كه‌ به‌جوانترین شێوه‌ مه‌قامه‌كانی ئه‌و گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌ی دووپاته‌ ده‌كرده‌وه‌ ، هه‌روه‌ها قوتابیه‌كی به‌ئه‌مه‌كی هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژی عێراقی ( یوسف عومه‌ر )  كه‌ زۆر شاره‌زا ولێزانانه‌ مەقامەکانی  هونه‌رمه‌ند یوسف و عومه‌ر و مه‌قاماتی عێراقی خوێندووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و به‌هره‌ پرشنگداره‌و توانا به‌رزه‌ی له‌چرینی مه‌قاماتدا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند یوسف عومه‌ره‌وه‌ بڕوانامه‌ی پێبه‌خشراوه‌ .

به‌داخه‌وه‌ دوای ئه‌و كاروانه‌ درێژه‌ له‌ خزمه‌تی به‌سته‌و مه‌قاماتدا ، هونه‌رمه‌ند مه‌ره‌بێن سڵیوه‌ ، له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا واته‌ له‌ ( 4/10/2021) بۆهه‌میشه‌ چاولێكده‌نێ و ماڵئاوایی له‌ هونه‌ر و ده‌زگاكانی مه‌قامات ده‌كات. له‌گۆرستانی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌سپێرن ،ڕۆحی شاد و به‌هه‌شتی په‌روه‌ردگار دواهه‌واری بێت.

جه‌مالی ده‌لاك  5/10/2021

سوپاس و پێزانینم بۆبرای هونه‌ردۆست  كاك تاهیر كرمانج ، هه‌ندێك زانیاریم له‌ك كتێبه‌ به‌نرخه‌كه‌ی ( ژیان و هونه‌ر _ به‌رگی دووه‌م) وه‌رگرتووه‌.