ئیبراهیمی قادری ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌بواری گۆرانی فۆلكلۆردا تینوێتی گوێگر ده‌شكێنێ ..!

له‌خانه‌واده‌یه‌كی جوتیاری خانه‌دان و هونه‌ر دۆست  به‌دنیا هاتووه
Thumbnail

به‌شێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی فۆلكلۆر، گۆرانییه‌ كه‌ به‌هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رین بڵاوبۆته‌وه‌و هه‌رده‌ڤه‌رێكی كوردستان خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی هونه‌ریه‌ به‌پێی ژینگه‌و سرووشتی ناوچه‌كه و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژ و به‌یت بێژان له‌وبواره‌دا رۆڵێكی گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ پاراستن و زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجینه‌ و خه‌رمانه‌ به‌نرخه‌ی گه‌له‌كه‌مان ،كه‌واته‌ فۆلكلۆر مێژوویه‌كی دێرین و به‌نرخی هه‌یه‌ ،هونه‌رمه‌ندان ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تیان سینه‌ به‌سینه‌ پاراستووه‌و له‌هه‌ر زه‌مانێكدا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ به‌خشیویانه‌ته‌وه‌ به‌ گه‌له‌كه‌یان.

له‌باره‌ی گۆرانی فۆلكلۆره‌وه‌، كه‌ ئاوازه‌كانی ساده‌و سانایه‌و تێكسته‌كانی خۆش و هه‌ڵقوڵاوی نێوكۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌و زۆر زوو له‌دڵ و هه‌ستی  گوێگردا ده‌نیشێت و زوو ده‌كه‌ونه‌ سه‌رزار ، سه‌باره‌ت به‌و گه‌نجینه‌ و سامانه‌ به‌نرخه‌ی كورده‌واری، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( عوسمان شارباژێڕی ) نوسیویه‌تی ( گۆرانی فۆلكلۆریی كوردی گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕ له‌ ( هونه‌ریی ئاواز ) ه‌ ، كه‌ سرووشت و ده‌روون كارێكی گرنگیان بووه‌ له‌ پێكهێنانی ئه‌م گه‌نجینه‌  پڕ گه‌وهه‌ره‌ی (هونه‌ر)  و ( هۆنراوه‌)  ی كوردیی ، خۆشه‌ویستی ، دڵداری ، عه‌شق ، تۆڵه‌ ، شایی ، شین ، جوانی ، جه‌وامێری ، ئازایی ، جه‌نگ ، كۆست ، كاره‌سات ، ئاوازی ئه‌م بابه‌تانه‌ هه‌ر له‌( ئارارات ) ه‌وه‌  هه‌تا ( حه‌مرین)  ده‌نگ ئه‌ده‌نه‌وه‌ و ئاوێنه‌ی سرووشتی گه‌لی كوردن ، ( ژیان ) و ( ژان) و ( ژێوار) ی تێدا ده‌نوێنێ) (1)

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ میللی یانه‌ی زیندوو كه‌ره‌و پارێزه‌ری گۆرانی كوردی ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و شادی به‌خشی نێو كۆڕو كۆمه‌ڵ و داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند و سوارچاكی ئه‌و بواره‌، هونه‌رمه‌ند (ئیبراهیمی قادری ) یه‌ ، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزو شادی به‌خشه‌ی هه‌ركاتێك گوێبیستی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌بیت، نغرۆی وشه‌ی پاراو و  ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌بین .

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و خه‌رمانێك له‌ گۆرانی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ هونه‌رمه‌ندێكی میللی ده‌ناسرێت، گۆرانی فۆلكلۆر و گۆرانی هونه‌رمه‌ندان ( مه‌لا حوسێنی عه‌بدوڵڵازاده‌، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، عه‌لی مه‌ردان ، سه‌یدڕه‌حیمی سه‌رده‌شتی ، عه‌وڵای سنجانێ و سابیركوردستانی)  دووباره‌ كردۆته‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ی ئه‌نجامی داوون ، بۆ خۆشی خاوه‌نی زیاتر له‌ (80) گۆرانی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی.

1

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی موكریان و شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی مه‌هاباد، (ئیبراهیم كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدولقادر) ه‌ ، نازناوی هونه‌ری ‌ (ئیبراهیمی قادری ) یه‌ و دایكی ناوی ( سه‌یزاده‌ ئه‌مین سه‌یدقادر) ه‌ ، له‌گوندێكی هه‌ڵكه‌وته‌ی نێوان  دوو شاری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( مه‌هاباد و بۆكان)  كه‌مێژوویه‌كی زۆر جوانیان هه‌یه‌ له‌بواری نه‌ته‌وه‌یی و هونه‌ریی و زاده‌ی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری له‌  گوندی ( عیسا كه‌ند) له‌ساڵی (1313) ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر ( 1934) ی زاینی له‌خانه‌واده‌یه‌كی جوتیاری خانه‌دان و هونه‌ر دۆست  به‌دنیا هاتووه و چاوی به‌سرووشتی جوانی گونده‌كه‌یان هه‌ڵهێناوه‌‌.

له‌به‌ره‌ی دوو دایكان هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی (6) برا و (2) خوشكه‌، له‌ته‌مه‌نی  هه‌رزه‌كاریدا هونه‌رمه‌ند له‌سۆزو خۆشه‌ویستی دایك و باوكی بێبه‌ش ده‌بێت  و، دایكی پێشتر كۆچی دوایی ده‌كات، له‌ساڵی (1951) باوكیشی ده‌چێته‌به‌ردلۆڤانی په‌روه‌ردگار و ئیبراهیمی  گه‌نج و شۆخ و شه‌نگ ڕووبه‌ڕووی تاڵ و سوێرییه‌كان و شه‌ونخونی ژیان ده‌بێته‌وه‌.

 له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گونده‌كه‌یان قوتابخانه‌ نه‌بووه‌ ، هونه‌رمه‌ند له‌وبه‌هره‌یه‌ بێ به‌ش ده‌بێت و به‌ڵام ماوه‌ی (2)  دووساڵ خراوه‌ته‌ (حوجره‌) له‌لای مه‌لا خوێندوویه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ فێرنه‌بووه‌.

هونه‌رمه‌ند به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ باس له‌و به‌هره‌یه‌ ده‌كات كه‌لێی بێ به‌ش بووه‌ ( نه‌متوانی ده‌رس بخوێنم و له‌و نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ بێبه‌ش بووم، به‌ڵام له‌زه‌مانی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌حیزبی دیموكرات فێری خوێندن و نووسین بووم ، له‌ژیانی هونه‌ریمدا هه‌رچه‌نده‌ نه‌خوێنده‌وار بووم ، به‌ڵام هه‌موو كات حه‌زم به‌قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز ده‌كرد، پێم خۆشبوو كه‌له‌گه‌ڵ پیاوی گه‌وره‌ی خوێنده‌وار و ئاشنا به‌ئه‌ده‌ب تێكه‌ڵاو بم و زۆر له‌ مه‌جلیسیاندا دانیشتووم و چێژم لێوه‌رگرتوون ) (2)

مامۆستا هێمن له‌ سه‌ره‌تای له‌كوێ وه‌ بۆ كوێ ؟ دا نوسیویه‌تی ( كێ  من له‌ خۆم باشتر ده‌ناسێ ؟ ) (3)

كه‌واته‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێمه‌ خۆی ده‌زانی له‌كه‌شكۆڵه‌كه‌یدا چی هه‌یه‌و خۆی ده‌توانێ لاپه‌ڕه‌ تاڵ و شیرینه‌كانی ڕۆژگاری خۆی هه‌ڵبداته‌وه‌و  له‌وێوه‌ به‌ژیانی مرۆڤه‌كان ئاشنا بین، هیچ گومانی تێدا نییه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری  وه‌ك هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌بواری چڕینی گۆرانیدا و خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه‌و هه‌روا به‌و ساناییه‌  نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ژیانی هونه‌ری كه‌ به‌هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی گۆرانی میللی بناسرێت ، بۆمه‌به‌ستی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری به‌ئێوه‌ی  خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ، هه‌ندێك جار هانا بۆ ئه‌و كورته‌یه‌ له‌سه‌ر ژیاننامه‌كه‌ی خۆی ده‌به‌م ، هونه‌رمه‌ند باوكی ده‌نگخۆشێكی گونده‌كه‌یان و ناوچه‌كه‌ بووه‌ ، به‌ڵام به‌ئاشكرا گۆرانی نه‌خوێندووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و دابو نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵی داخراوی گوند دا عه‌یب و به‌كارێكی نه‌شیاو دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، له‌باره‌ی باوكییه‌وه‌ نوسیویه‌تی ( بابم پیاوێكی جوانچاك و ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌زه‌مانی خۆی له‌ناوچه‌ی موكریان و ( مه‌حاڵی ئاختاچی)  دا زۆر به‌ناوبانگ  و ماڵ ئاوه‌دان و نان خۆش و ده‌نگ و سه‌دایه‌كی بلاوێنی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر بۆ دۆست و هاوه‌ڵانی خۆی گۆرانی ده‌گووت، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و دلێری سه‌رده‌می كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد  بووه‌ و به‌شداری له‌شه‌ڕه‌كانی ( قاراوا  و سه‌ردا )  كردووه‌ و له‌لایه‌ن خوالێخۆشبووان ( پێشه‌وای نه‌مر و مه‌زنه‌ پیاو مه‌لا مسته‌فابارزانی)  خه‌ڵات كراوه‌و ، مامۆستا هه‌ژار له‌ كتێبه‌كانی باسی لێ كردووه‌ ، مامۆستا خالیدی حیسامی ( هێدی) له‌نزیكترین دۆستانی بابم بووه‌) (4)

2

گه‌نجێك و جه‌وانێك تازه‌ به‌ڕووی ژیاندا پێده‌كه‌نێ و له‌ژیانی گوندا ده‌بێت سه‌رقاڵی چی بێت ، بێگومان هێزو بازووی له‌ ژیانی جوتیاری و وه‌رزێری  و جووتكردن و كارو پیشه‌كانی گوند به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كه‌ و باوكی ده‌نگخۆش بووه‌ ، هه‌میشه‌ له‌ناخیدا هه‌ستی كردووه‌ كه‌ توانایه‌كی هه‌یه‌ بۆ چرینی گۆرانی ،بیرو هۆشیی داگیر كردووه‌ و مه‌یلی به‌لای كاره‌كانی ماڵه‌ جوتیارێكی گوند دا نه‌ڕۆیشتووه‌،  باوكی هه‌ستی به‌و ده‌نگخۆشییه‌ی كوڕه‌كه‌ی كردووه‌ و پێی سه‌رسام بووه‌، هه‌ركاتێك میوان یان دۆستێكی ئازیزی باوكی له‌دیوه‌خانه‌كه‌یاندا میوان بووبێت‌ ، باوكی بانگی كردووه‌و وتویه‌تی ئاده‌ی كوڕم وه‌ره‌ گۆرانیه‌كیان بۆ بڵێ ، ئیبراهیمی مێرمنداڵ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ژێر سایه‌ی شه‌رمدابه‌ده‌نگی خۆشی  گۆرانی بۆ خوێندوون و هانیان داوه‌ ، تائه‌و جێیه‌ی باوكی دركی به‌تواناو خۆشیی ده‌نگی كوڕه‌كه‌ی كردووه‌، بیری له‌ژیانی خۆی كردۆته‌وه‌ چۆن ئه‌و ده‌نگ و به‌هره‌ خوداییه‌ی كه‌پێی به‌خشیوه‌ له‌ خه‌ڵكی شاردۆته‌وه‌ و ، به‌ڵێنی داوه‌ ( ئه‌گه‌ر نه‌مرم ده‌بێ پشتیوانی له‌ برایم بكه‌م درێژه‌ به‌ هونه‌ر بدات ، باوه‌كو خۆمی لێ نه‌یه‌ت ) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بیستێ ئه‌ویش به‌ڵین ده‌دات ( له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی  باوكم درێژه‌م‌ به‌هونه‌ردا ) ( 5)

له‌كۆتا مانگی پایزی‌ ساڵی (1951) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ (17) به‌هار ،وه‌ك سه‌ره‌تا و بۆ یه‌كه‌م جار چۆته‌ داوه‌ت و گۆرانی خوێندووه‌، له‌و داوه‌ته‌شدا یه‌كه‌م گۆرانییه‌ك كه‌ خوێندوویه‌تی ، گۆرانی هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی خه‌ندان  1922_2009) بووه‌ ،

( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی خه‌زاڵێ ،، كابانی گه‌وره‌ ماڵێ

جحێڵ مزگێنیم ده‌نێ ،، مه‌ڕهاته‌وه‌ سه‌رماڵێ

پێی بڵێن با بێریه‌ چكۆڵه‌ی ،، باكه‌مێك قۆڵی هه‌ڵماڵێ ) 

له‌هه‌مان ساڵدا ، ( 1951) ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوونێك پێكدێنێ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ زۆر ناخایانێ و ماوه‌ی (2) مانگ پێكه‌وه‌ ده‌بن و هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات.

له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ ، هێنده‌ شاره‌زایی نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئامێره‌كانی مۆسیقا  و شێوازی وتنی گۆرانی ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ل خه‌ڵكی و به‌شداریكردن له‌داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند، پاشخانی هونه‌ری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندده‌كات و ئه‌زموون په‌یداده‌كات ، ( كاتێك ده‌ستم به‌گۆرانی خوێندن كرد سه‌ره‌تا نه‌مده‌زانی  ده‌بێـت چۆنی بڵێی و چه‌ندی بڵێی ؟! من هه‌رده‌مگوت، ئه‌وه‌ بۆ گۆرانی شایی و زه‌ماوه‌ند چه‌ندی ده‌یڵێی بیڵێ ، به‌ڵام بۆ گۆرانی مه‌جلیسی تا ڕێنماییان كردم و وتیان ئه‌و جۆره‌ گۆرانیانه‌ ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی تا (5) خوله‌ك ده‌بێ بیڵێی) (6)

هونه‌رمه‌ند ڕۆحی له‌گه‌ڵ گۆرانی و شایی و زه‌ماوه‌ند دا ئاوێته‌ ده‌بێ و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات و بۆ زه‌ماوه‌ند و شایی و داوه‌تان لێی ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌ساڵی ( 1340ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1961 ی زاینی) گوند به‌جێ دێلیت و به‌یه‌كجاری له‌شاری (مه‌هاباد) نیشته‌ جێ ده‌بێت و دوای (10) ساڵان  له‌سه‌ر كۆچكردنی هاوژینی یه‌كه‌می ،ژیانی هاوبه‌شی  له‌ساڵی (1961) پێكدێنێته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری باس له‌و ڕۆژگاره‌ ده‌كات كه‌ ده‌ناسرێت و چۆن تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵكی و ئه‌و دنیا جوان و شیرینه‌ی گۆرانی گوتن  بووه‌( ده‌ستم به‌گۆرانی گوتن كرد و له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ناوبانگم ده‌ركرد و له‌شار و دێهاتان لێیان ده‌گێڕامه‌وه‌  و زۆرجاران نه‌یان ده‌هێشت بێمه‌وه‌ ماڵێ و له‌و داوه‌ته‌ ده‌یانبردمه‌ داوه‌تێكی دیكه‌ ،و سه‌دان بووكم له‌ گه‌وره‌ ماڵان سواركردووه‌ و دامبه‌زاندووه‌،  جودا له‌گۆرانی به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕكێ ، گۆرانی دیكه‌شم گوتووه‌ و هه‌روه‌ها گۆرانی زۆر گۆرانیبێژانی مه‌زنیشم گوتۆته‌وه‌) (7)

ڕاسته‌ زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند، تێكسته‌كانی فۆلكلۆرن و هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی كۆمه‌ڵی كورده‌وارین ، به‌ڵام هه‌ندێك گۆرانی كه‌ هی خودی هونه‌رمه‌ندن ، هه‌ریه‌كه‌یان پاشخانێكی خۆش و ناخۆشی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ له‌سه‌ر گۆرانیی خوێندن دووچاری كێشه‌ش بووه‌، وه‌ك گۆرانی ( وه‌ره‌ وه‌ره‌ گێلگێله‌داری) له‌ساڵی ( 1957) له‌گوندی ( له‌گز ) ی بۆكان  ده‌ریانكردووه‌.

گۆرانیشی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵقوڵاوی بیر و هه‌ستی خۆیه‌تی له‌ژێر كاریگه‌ری سرووشتی جوانی وڵات له‌وه‌رزی به‌هاردا و  قاسپه‌ی كه‌و و جریوه‌ی چۆله‌كه‌و ئاوی سازگاری كانیاو خوڕه‌ی جۆگه‌له‌و چرۆی گوڵه‌ به‌یبوون و مێلاقه‌ و ،،،تاد، ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ هه‌وێنی گۆرانیه‌ك دوای پشوودانێك له‌ده‌ره‌ئه‌نجامی ماندووبوونێكی زۆر، له‌ساڵی  (1963) هونه‌رمه‌ند دێته‌ باشووری كوردستان و تا پشتی ( هێرۆ) دێت ، دواتر ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ( سه‌رده‌شت ) و به‌لای ( كێلێ ) دا و بینینی ئه‌و سروشته‌ دڵڕفێنه‌ كه‌ چاو پێی تێرنه‌بووه‌و به‌هه‌شتێكه‌ كه‌ خودا به‌خشیوه‌تی به‌به‌نده‌ی خۆی ، هونه‌رمه‌ند له‌سه‌رچاوه‌ی سه‌رده‌شت پشوویه‌ك ده‌دات و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و سروشته‌، ئه‌و نیعمه‌ته‌ جوانه‌و ، دوای پشوودان ئه‌و ئاوازه‌ له‌وێدا ده‌خوڵقێنێ و تێده‌چریكێنێ ...

( سێوه‌ لاسووره‌ی زێوێ مه‌نزه‌ره‌ی به‌رده‌پانی

گوڵی ده‌وری سه‌رچاوێ كه‌وی پشتی بێورانێ

به‌ژنت خه‌ڵفی ساوایه‌ ، مه‌مكت هه‌رمێی ئالانێ

ماندوو مردووی ڕێگایه‌م ناكێشم په‌شیمانی ...)

ئه‌و گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1971) له‌ڕادیۆی مه‌هاباد بڵاوی كردۆته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و هاورێی هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌بواری زیندووكردنه‌وه‌ پاراستنی زمان و فۆلكلۆری كوردی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك  ئه‌سپی خۆیان تاوداوه‌، وه‌ك ( عه‌لی خه‌ندان ، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵلازاده‌ ، ڕه‌سوڵی نادری ، سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی، ئیبراهیمی فه‌تاحی ، برایانی زێ زێ، عه‌به‌ ده‌ڕژێ   و ...تاد) به‌شێوه‌یه‌كی  كه‌م بایه‌خ و به‌ناو و ناتۆره‌ی  ( شایه‌ر و لۆتی و چاوه‌ش)  ناوبراون و زۆر جاران لێیان نزیك نه‌بوونه‌ته‌وه و به‌چاوی ڕێزه‌و له‌كه‌سایه‌تی  و هونه‌ره‌كانیان نه‌ڕوانیوه‌‌، نووسه‌ر و توێژه‌ری بواری فۆلكلۆر ( سه‌لاح نیساری ) نوسیویه‌تی  :

( گۆرانی بێژانی شایی گێڕی كورده‌واری ، نه‌ك هه‌ر به‌چاوی ڕێزه‌وه‌ سه‌یریان نه‌كراوه‌ ، به‌ڵكه‌ نێو نیتكه‌ یان پێداداون ! ناتۆره‌یان وه‌دوو خستوون ، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ده‌مار گرژ و كاڵفام و گوێ له‌مست و زۆربه‌ی خۆبه‌زلزان و ساماندار و گیرفان گه‌رمان، شه‌رمییان كردووه‌ بێژن جیران و هاوساماڵی ئه‌و ده‌نگبێژ و خۆشوێژانه‌ین!  له‌كۆڕی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیدا خۆیان لێدوور گرتوون،له‌زۆر كۆڕو كۆبوونه‌وه‌دا له‌نزیكیان دانه‌نیشتوون! كه‌چی هه‌ر ئه‌و جه‌نابانه‌ له‌شایی و خۆشیه‌كاندا ، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ختی زه‌ماوه‌ندی (كوڕ) ی خۆیاندا  موحتاج و منه‌ت باری به‌قه‌ولی خۆیان  ئه‌و ( لۆتی ) یانه‌ بوون، به‌ڵام هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ كه‌متر كه‌سانێك هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و شایه‌رانه‌ چ خزمه‌تێكیان به‌ تۆره‌و زمان و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری كردووه‌،سنگ به‌ سنگ ئه‌م خه‌زێنه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌و له‌مردن پاراستوویانه‌، ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه‌یان قه‌ڵا قه‌ڵا هه‌ڵچنیوه‌ و به‌ئامێزی نساره‌وه‌  له‌ خۆر گه‌زین پاراستوویانه‌ ، هه‌میشه‌ به‌جل و به‌رگی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌وه‌ هاتوونه‌ نێو خه‌ڵك ، به‌ حه‌ق ئه‌و خزمه‌ته‌ی شایه‌ران  گوند به‌گوند و شار به‌شار به‌بێ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ك به‌خه‌ڵكی خۆیان كردووه‌ شایانی سپاس و ڕێزلێنانه‌)  (8)

3

هه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆنه‌ویست و ده‌نگبێژ و به‌یت بێژ و شایی گێڕانه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌لۆتی و شایه‌ر ناوده‌بران ، هیچیان ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری نه‌بوون ، ته‌نها ده‌رچووی ئه‌و قوتابخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ لێوڕیژه‌ی كه‌لتوور و فۆلكلۆری كوردی بوون ، به‌و ئامێره‌ ڕه‌سه‌ن و سادانه‌وه‌ ( ده‌هۆڵ و زوڕنا ، باڵه‌بان ، دووزه‌له‌و  زه‌ربێكه‌وه‌) حه‌وت شه‌و  و حه‌وت ڕۆژان،  به‌بێ ماندوو بوون زه‌ماوه‌ند و داوه‌ت و شاییان گێڕاوه‌و شادی و خه‌نده‌و جوڵه‌ و بزه‌یان خستۆته‌ سیماو دڵی گوێگر و بیسه‌رانی ئه‌و ئاهه‌نگه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ له‌ تواناو ده‌نگی خۆشیان و ژه‌نینی ئامێره‌كانیان بڕوانیبایه‌ ،  جێی داخه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست پوڵ و پاره‌یان هه‌ڵداوه‌ و كه‌وتۆته‌ سه‌رزه‌وی ، ڕاسته‌ ئه‌وانیش مرۆڤن و پێویستیان به‌ژیانه‌، ئه‌و دیارده‌ ناشیرینه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و دیاردانه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری پێی سه‌غڵه‌ت بووه‌ و كاری له‌سه‌ر كردووه‌ كه‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ نه‌هێڵێت ( له‌زه‌ماوه‌ند و داوه‌تدا له‌لایه‌ن خه‌ڵكی یه‌وه‌ پاره‌یان هه‌ڵده‌دا و شاباشیان ده‌كرد و ئه‌و پوڵه‌ ده‌كه‌وته‌ سه‌رزه‌وی ، له‌نێو ئه‌و خۆڵ و ته‌پۆتۆزه‌دا ده‌بوو هه‌ڵیبگریته‌وه‌  و له‌سه‌ر سه‌رتی دابنێی  و به‌سڵامه‌تی فڵانه‌ ئاغای دا بڵێیت، ده‌توانم بڵیم من یه‌كه‌م كه‌س بووم به‌رپه‌رچی ئه‌وه‌م دایه‌وه‌و  وتم ئه‌وه‌ كارێكی نه‌شیاوه‌و نابێ ئه‌و كاره‌ بكرێت تا له‌داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند دا قه‌ده‌غه‌م كرد) (9)

ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی میللی ئیبراهیمی قادری ، هه‌ربه‌ته‌نها له‌شار و شارۆچكه‌و گونده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا بڵاو نه‌بۆوه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌نگێكی خۆش و هونه‌رێكی شادی به‌خشی هه‌بووه‌ و هونه‌ره‌كه‌ی بێ خه‌وش  بوو ، له‌باشوری كوردستان یشدا بڵاو بۆوه‌و  هه‌وادرێكی زۆری له‌ده‌وری هونه‌ره‌كه‌ی خۆی كۆكرده‌وه‌ ، دیارترین له‌گۆرانییه‌كانی كه‌له‌باشووردا ده‌بیستراو جێی په‌سه‌ند و ڕه‌زامه‌ندی گوێگران بوو ، گۆرانی ( هه‌نار هه‌نار هه‌ناره‌ ، ئه‌ی گوڵم ڕوو له‌كوێ كه‌م ، لێوت خوێنی گه‌شمه‌ ، شه‌هێن و شه‌هلا ، هه‌ی دكتۆر ، شه‌مامه‌و خاڵ خاڵ و ئه‌و كراسه‌ گوڵ هه‌ناره‌ و ده‌یانی دیكه‌ ) .

  هونه‌رمه‌ند هه‌رچه‌نده‌ ئاستی خوێنده‌واری به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ ، به‌ڵام ده‌توانێ بنووسێت و بخوێنێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌خه‌رمانی گۆرانییه‌كانیدا كه‌ زۆر له‌هۆنراوه‌كانی فۆلكلۆرن  و له‌فه‌وتان  ڕزگاری كردوون و به‌شێوازێكی نوێ و جوان بیانڵێته‌وه‌ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانشێوێنێ و له‌ڕه‌سه‌نایه‌تیه‌كه‌یان كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام سوودی زۆری له‌هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه‌و ئاوازی له‌سه‌ر داناون و به‌ده‌نگه‌ خۆشكه‌ی خوێندوونی ، شاعیرانی وه‌ك (  هه‌ژار ، هێمن ، هێدی ، حاجی هاشمی نانه‌وازاده‌گان ، وه‌فایی ، مسته‌فا به‌گی كوردی  ، شه‌ریف ، سواره‌ی ئیلخانیزاده‌ ، سه‌ید عه‌لی ڕه‌حیمپوور (سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ) ، غه‌ریب پشده‌ری ، عوسمان حیسامی ،حاجی شێخ عه‌وڵای شه‌مسی بورهانی ،عه‌لی حه‌سه‌نیانی ،سێمان شاوه‌له‌ و دكتۆر مه‌وله‌وی شیرازی و چه‌ندینی تر )

هونه‌رمه‌ند جیا له‌و گۆرانیانه‌ی له‌ داوه‌ت و زه‌ماوه‌نددا خوێندوونی و به‌ده‌یان كاسێتی به‌ده‌نگی خۆش له‌گه‌ڵ مۆسیقادا تۆماركردووه‌ و ، ماوه‌ی (8) ساڵ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌ندامی ئیداره‌ی ( فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر) ی ڕادیۆی مه‌هاباد بووه‌، له‌وماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی (40) گۆرانی تۆماركردووه‌.له‌ساڵی (1974) هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕادیۆی كرماشانه‌وه‌ خه‌ڵاتی ڕێزلێنان له‌به‌رامبه‌ر به‌خشش و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی پێده‌به‌خشرێت.

4

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزو خۆشه‌ویست له‌نێو كۆمه‌ڵ و شاری مه‌هاباد و ته‌واوی كوردستان و ، هه‌روه‌ها هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ، له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان پێكه‌وه‌ گۆرانی خوێندووه‌و به‌شداربووه‌ له‌داوه‌ت و خۆشیی و شاییدا ، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د حه‌تۆته‌ و شه‌ریف دۆدۆڵچه‌) كه‌ دوو هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت بوون له‌بواری گۆرانی میللیدا ، پاشان هونه‌رمه‌ند ( صاڵح بۆكانی ، مه‌لا حوسێنی عه‌بدوڵڵا زاده‌ ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ڕه‌سوڵی نادری ، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، عه‌لی گڵێنانی، سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ، قادر مامه‌ندی و ئه‌حمه‌د شه‌نگه‌  و ئیسماعیل سه‌رده‌شتی و ...تاد) ، كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ گروپی مۆسیقادا ئه‌نجامی داوون و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( شاداب ، ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد ، عه‌زیزی تارژه‌ن و ..تاد،، خۆزگه‌ ناوی هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ كه‌ هاوكاری هونه‌رمه‌ند بوون  بهاتایه‌ و  ناویان فه‌رامۆش نه‌كرێت و ڕێز له‌ماندوو بوونیان بگیرێت)  هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ده‌ڵێت ( كاتێك له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد بووم،هونه‌رمه‌ند ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد زۆر هاوكاری كردووم و هه‌ندێك له‌گۆرانییه‌كانمی ته‌نزیم كردووه‌، خۆم به‌قه‌رزاری ده‌زانم ) (10)

له‌دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان له‌ساڵی (1991) و هاتنه‌دی بارودۆخێكی جیاواز له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و كرانه‌وه‌ی سنوور له‌نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشوور به‌تایبه‌تی ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2003) به‌یاوه‌ری  هونه‌رمه‌ندی شمشاڵژه‌نی گه‌وره‌ ( قاله‌ مه‌ڕه‌ ) و له‌ساڵی (2006) و دواین جار له‌ساڵی (2014) هاتۆته‌ باشووری كوردستان و له‌شاری سلێمانی و هه‌ولێر ، له‌لایه‌ن كه‌ناڵی ئاسمانی ( كوردستان و كوردسات) ه‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌ و به‌رنامه‌ی هونه‌ری له‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانی و لۆكاڵییه‌كان تۆماركردووه‌.

5

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری  له‌به‌ره‌ی ژیانی دوو هاوسه‌ر ، خاوه‌نی (5) كوڕو كچێكه‌ و هه‌روه‌ها كچی برازایه‌كی هه‌رله‌منداڵیه‌وه‌ لای خۆی داڵده‌ی داوه‌و گه‌وره‌و په‌روه‌رده‌ی كردووه‌و هه‌روه‌ك جگه‌رگۆشه‌كانی خۆی لێی ڕوانیوه‌و خۆشه‌ویستی پێ به‌خشیوه‌،

له‌ساڵی (1951) و تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات ، هونه‌رمه‌ند له‌وڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر به‌رده‌وامه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ گۆرانی ناخوێنێ ، دیاره‌ ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به‌ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و پێی خۆشه‌ كه‌ڕێگه‌ خۆش بكات بۆ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ كه‌ ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر بن و دڵسۆزانه‌ و  له‌خزمه‌تی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندابن، به‌ڵام پرسیارێك دێته‌ پێش ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( 5) كوڕ و كچێكه‌ ، ته‌مه‌ندرێژبن ، ئایا بۆ  هیچ یه‌ك له‌ منداڵه‌كانی ڕێچكه‌ی باوكیان نه‌گرتووه‌و نه‌بوونه‌ته‌ گۆرانیبێژ ، له‌وباره‌یه‌وه‌  هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری  ده‌ڵێت ( له‌گه‌ڵ ڕێزو حورمه‌تم بۆ مامۆستایانی ئایینی له‌وسه‌رده‌مه‌دا  له‌گوند و ئاواییه‌كان به‌داخه‌وه‌ ڕۆڵێكی خراپیان ده‌گێڕا، ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینانه‌ ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  كه‌ ده‌هۆڵ و زوڕنایان لێده‌دا و كه‌یف و خۆشییان به‌خه‌ڵك ده‌به‌خشی ، به‌ناوی حه‌رام و ئه‌وانه‌  ( لۆتین) له‌به‌رچاوی خه‌ڵك سوكیان ده‌كردن و به‌كه‌م سه‌یریان ده‌كردن، ئه‌و هونه‌ره‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كاتێك هونه‌ره‌كه‌یان له‌شاره‌كان نزیكبوونه‌وه‌ ئه‌وجارناوی ( چاوه‌ش ) یان وه‌دوو نان ، به‌ڵێ منداڵه‌كانم هه‌موویان ده‌نگیان  له‌ من خۆشتره‌ ..! كاتێك منداڵه‌كانم له‌قوتابخانه‌ یان له‌كوچه‌و كۆڵانان له‌گه‌ڵ هاوڕێ كانیان كێشه‌كیان هه‌بایه‌  یان ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ك ڕوویدابا ، پێیان ده‌وتن بڕۆ بڕۆ كوڕه‌ ( لۆتی و چاوه‌ش ) ؟؟!!

تائێستا چه‌ندین جار هه‌وڵم له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانم داوه‌ و پێم وتوون ده‌نگتان خۆشه‌و شتێكم بۆبڵێن، پێم ده‌ڵێن  بابه‌ گۆرانی چی بڵێین ، ئه‌وه‌نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ پێمان ده‌ڵێن كوڕه‌ لۆتی و چاوه‌ش ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر  ڕۆحیه‌تیان داناوون و ڕێچكه‌ی هونه‌رییان نه‌گرت ، من وه‌كو ئیبراهیمی قادری هه‌رچی یه‌ك بم ، كوڕی ئه‌م ئاو خاكه ‌و ، كوڕی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمم..! )(11)

وه‌ك ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ له‌هونه‌ری گۆرانی خوێندن و چوونه‌ سه‌ر داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند دوور كه‌وتۆته‌وه‌و گۆرانی ناخوێنێ  و ، زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌نێو دۆست و هاوڕێكانی و شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی مه‌هاباد به‌سه‌ر ده‌بات  و له‌ماڵه‌وه‌ش زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌گه‌ڵ ئامێری ته‌سجیله‌كه‌یدا و به‌گوێگرتن له‌ گۆرانییه‌كانی خۆی كه‌پێش سی ، چل ساڵ له‌وبه‌ر خوێندوویه‌تی و له‌گه‌ڵ ده‌نگ و موزیكه‌كه‌دا ده‌داته‌ شه‌قه‌ی باڵ و له‌و هه‌وارانه‌ پشوو ده‌دات كه‌ جه‌وان و جاحێڵ بووه‌ و خاوه‌نی ده‌نگ و توانایه‌كی به‌رزبووه‌ و چریكاندوویه‌تی ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئاواییه‌كانی  ( باوه‌جه‌ند،قادرئاوا،وه‌ته‌میش،عیساكه‌ند ،مه‌مه‌لیان ،گوێچكه‌ده‌ره‌،حه‌مامیان ،بێوران وكانی باغ و شاره‌كانی مه‌هاباد و پیرانشار و نه‌غه‌ده‌و شنۆ  و ....تاد ) و له‌كۆتایدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌واره‌كه‌ی خۆی له‌شاری مه‌هاباد و فرمێسك به‌چاوه‌كانیدا دێنه‌ خوار كه‌ف و كوڵی دڵی خۆی به‌و فرمێسكانه‌ ساڕیژده‌كات.

 دوای نوسینی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری ، به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ دڵسۆزانه‌ بهێنین، كه‌ خه‌مخۆرانه‌ ئه‌و ئاهه‌نگ و كوڕو داوه‌ت و زه‌ماوه‌ندانه‌یان له‌سه‌ر كاسێت تۆماركردووه‌و ئه‌مرۆ بوونه‌ته‌ ئه‌رشیفی به‌نرخی هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، به‌داخه‌وه‌ ته‌نها ناوی ( كه‌ریمی ته‌ڵایی) خاوه‌نی تۆمارگای (ته‌لایی) له‌شاری مه‌هاباد ده‌زانم و خۆزكه‌ ناوی هه‌موویانم بردبا.

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم سڵاو و ڕێزو حورمه‌ت بۆ مێژووی نیوسه‌ده‌ له‌ تێكۆشانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری و ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ جوان نایابانه‌ی تۆماركردوو خستویه‌تیه‌ سه‌ر خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و پێی ده‌ڵێم خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و ماڵت هه‌میشه‌ ئاواده‌ن بێت بۆ ده‌نگ و هونه‌ره‌جوانه‌كه‌ت.

جه‌مالی ده‌لاك  9/8/2021  

سه‌رچاوه‌ : (1) كتێبی گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی  ،،كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ،  عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه‌ (58)

(2 و 4 و 7) كتێبی  ،،كیژه‌ سابڵاغی ،، ئیبراهیمی قادری  ، هه‌ولێر 2009 ، لاپه‌ڕه‌ ( 3)

(3) كتێبی ( تاریك و ڕوون ) گولبژێرێك له‌شیعره‌كانی هێمن ، لاپه‌ڕه‌ (3)

(5 و 6 و9 و 11) به‌رنامه‌ی  ( ئه‌زموون و ژیان)  كورد كه‌ناڵ  له‌( 1/7/2020)

(8) كتێبی  ( خه‌زێنه‌ی هه‌رمان) توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر ،، چاپی دووه‌م ،، نووسه‌ر : سه‌لاح نیساری  ، لاپه‌ڕه‌ ( 14)

(10) كتێبی ژیان و هونه‌ر ،، ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی  تاهیر كرمانج ، به‌رگی دووه‌م ، لاپه‌ڕه‌ (125)