وەزارەتی پێشمەرگە: لە قۆری چای بۆمبێکی چێنراو بە شوانێکدا تەقییەوە

 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە قۆری چای بۆمبێکی چێنراو بە شوانێکدا تەقییەوە و خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " دوای ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری میحوەڕی 2ـی گەرمەسێر و پاککردنەوەی ناوچەیەکی بەرفراوانی زەوی لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ شەممە لە هەمان سنوور بۆمبێکی چێنراو  کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دانرابوو بە شوانێکدا تەقییەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو "خۆشبەختانە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەکە زیانی گیانی نەبووە و شوانەکە سەلامەتە".

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد "هێزەکانی پێشمەرگە  لەو ناوچەیەدا جێگیربوون و توانیویانە، دەیان مۆڵگەی تیرۆرستان تێک بدەن و چەندین پاشماوەی بۆمبی چێنراو و حەشارگەی تیرۆریستان بدۆزنەوە و خاپوری بکەن".