دیێگۆ كۆستای ئیسپانی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مینیرۆی بەڕازیڵی هەڵوەشاندەوە


 
دیێگۆ كۆستای ئیسپانی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مینیرۆی بەڕازیلی هەڵوەشاندەوە، ئەویش دوای تەنها پێنج مانگ لە واژووكردنی گرێبەست لەگەڵ یانەكە.
كۆستا كە ئێستا پشووی وەرگرتووەو لە ئیسپانیایە لەسەر داوای خۆی گرێبەستی لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مینیرۆ هەڵوەشاندەوە.
 تیپەكەشی بەبێ‌ سەپاندنی هیچ سزایەكی مادی و بە سازان دەستبەرداری یاریزانەكە بوو، لەمبارەوە ڕۆدریگۆ كایتانۆ سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی ئەتلەتیكۆ مینیرۆ ڕایگەیاند كە كۆستا بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ شێوازی یاریكردنی یانەكەو چەند هۆكارێكی تایبەت بە خۆی، داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كردووەو ئیدارەی یانە بەڕازیلیەكەش ڕەزامەندی لەسەر داواكەی دەربڕیوە.
 كۆستای تەمەن سیی و سێ‌ ساڵ كە بە ڕەچەڵەك بەڕازیلیە، لە كاروانی وەرزشی خۆیدا لە ڕیزی هەریەك لە یانەكانی سپۆرتینگ براگاو ئەتلەتیكۆ مەدریدو چێڵسی و چەندین یانەی دیكەی وڵاتانی ئەوروپا یاری كردووە.