هەولێر.. زیاتر لە 20 تیم پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان

 

پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 20 تیم پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاو بەشێک لە هاووڵاتییان زەرەرمەندبوون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "تیمەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خەمڵاندنی زیانەکان و بەدواداچوون بۆ داواکاریی زیانلێکەوتووان بەهاوکاری تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و شارەوانییەکانی دەوروبەر و تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان، زیاتر لە 20 تیم پێکهێنرا و دەستیانکرد بە خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان".

ئەوەش دەخاتەڕوو " هەروەها هەڵمەتی پاکردنەوە و لادانی پاشماوەی لافاوەکان و گەیاندنی پێداویستی سەرەتایی و کەلوپەل بۆ ئەو خێزانانەی کە پێویستیان پێیەتی دەستی پێ کرد".

لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە "سەرجەم تیمەکان تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبن لە پڕۆسەکانی خەمڵاندن و تۆمارکردنی داتاکان، بۆ هاوکاریکردنی بەپەلەی زیانلێکەوتووان".