هاتووچۆی هەولێر دەستگیرکردنی شۆفێرێکی ڕاگەیاند بە تۆمەتی چەندین سەرپێچی جیاواز

 

هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، کەسێک دەستگیر کرا  بە تۆمەتی تێکشکاندنی هێماکانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەکەی و هەروەها شکاندن و شێواندنی شۆستەکان لەهەندێک شوێن  و دەستکاریکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی و شاردنەوەی.

فازڵ حاجی گوتەبێژی ھاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر کەسێک بەناوی (سەڵاح مۆنيكا) کە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتە لە جۆری لاندکرۆز دەستگیر کرا، هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی کۆمەڵێک تاوان و سەرپێچی بووە کە سەرلەبەیانی دوێنێ لەکاتی کۆبوونەوەی ئاو لە هەندێک لە شەقامەکانی هەولێر ئەنجامی دابوون.

ڕاشیگەیاند: سەرپێچییەکان بریتین لە تێکشکاندنی هێماکانی هاتووچۆ بەئۆتۆمبێلەکەی و هەروەها شکاندن و شێواندنی شۆستەکان لە هەندێک شوێن کە بەسەرکەوتن و شکاندنەکەش تەنها بۆ نیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێلەکەی بووە، هاوکات دەستکاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەشی کردووە، بەشێکی شاردۆتەوە کە ئەمەشیان تاوانە، چونکە دەستکاری ئاکاری ئۆتۆمبێلەکەی کردووە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار کە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە، ئەمەشیان سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە.

گوتەبێژی هاتووچۆ ڕوونیشی کردەوە کە دەستگیرکردنەکەی جگە لەو تاوان و سەرپێچیانە هیچی دیکەی بەدواوە نەبووە، و پەیوەندی بەیارمەتیدانی خەڵکەوە نەبووە لەکاتی لافاوەکە، چونکە بەهیچ شێوەیەک حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەسێک دەستگیر ناکەن لەسەر یارمەتیدانی خەڵک بەڵکو دەستخۆشیشی لێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد هەموو تاوان وسەرپێچییەکانی کە ئەنجامدراون بەڵگەی ڤیدیۆیی و دۆکیومێنت هەیە کە هەندێکی لەلایەن کەسی خۆیەوە بڵاوکراونەتەوە.