دوو کەس بە تۆمەتی تەقەکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

 

پۆلیسی سلێمانی دوو کەسی دەستگیر کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر بڕێک لە ماددەی هۆشبەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: لە دوو چاڵاكی جیادا هەریەكە لە بەشی پۆلیسی دووكان و بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ دوو تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرن و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر بڕێک لەوماددانە.

ڕاشیگەیاند: لەچاڵاكی یەكەمدا بەشی پۆلیسی دووكان كەسێكیان دەستگیر كرد كە بڕێک ماددەی هۆشبەری پێبووە و دوای پشكنین دەركەوتووە كە بەكارهێنەرە ئێستاش تۆمەتبارەکە بەناوی (ف. م. ع) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد لەچاڵاكییەكی دیکەدا و لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆوە تۆمەتبارێک كە لەسەر دۆسیەی تەقەكردن دەستگیركرابوو، بە گومانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆوە لێكۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا كرا و دوای پشكنین دەركەوت كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرە لە جۆری حەشیش و دەستیش گیرا بەسەر بڕێک لەو ماددەیە ئێستاش تۆمەتبار (م.ف.ع لەدایکبووی 1993) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.